لەسەر دەنگۆی بوونی سەربازگەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانەكانی عیراق، ئەنجومەنی نوێنەران هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری بانگهێشت دەكات.

ماڵپەری "عەرەبی جدید" لە زاری لێپرسراوێكی باڵای حكومەتی عیراقەوە ئاشكرایكردووە، لەسەر ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكراونەتەوە كە سەربازگەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانەكانی نوخێب لە عیراق هەیە، بە دیاریكراویش هەواڵەكەی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی كە یەكەم رۆژنامە بوو ئەو دەنگۆیەی بڵاوكردەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریداوە هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری بانگهێشت بكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە راستی و دروستی ئەو دەنگۆیانە.

رائید مالكی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایگەیاندووە، ئەمریكا لە كاتی جەنگی ئێراندا ئاسمان و خاكی عیراقی پێشكەشی ئیسرائیل كرد و فەرمانی بە عیراقیش كردبوو رادارەكانی سیستمی بەرگری ئاسمانیی و فڕۆكە لەكاربخات.

جەختیشیكردەوە، دروستكردنی سەربازگە لە بیابانەكانی عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێشلكارییەكی گەورەیە و پێویستە لەسەر ئەو دۆسێیەش لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی عیراقدا بكرێت.