قوباد تاڵەبانی: بە خۆشحاڵییەوە بەردی بناغەی ئەکادیمیای پارائۆلۆمپیی نیشانەشکێنیمان دانا
سام
١١ی ئایاری ٢٠٢٦
لە سلێمانی بەردی بناغەی ئەکادیمیای پارائۆلۆمپیی نیشانەشکێن دانرا و قوباد تاڵەبانیش دەڵێت: دروستکردنی ژێرخانێکی وەرزشیی باش، مافێکی سەرەتایی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە بەردی بناغەی ئەکادیمیای پارائۆلۆمپیی نیشانەشکێنیمان دانا. ئەم ئەکادیمیاییە پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ پێشخستنی وەرزشی پارائۆڵۆمپیی کوردستان. هەروەها زۆر دڵخۆش بووم بە سەیرکردنی یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو تیپی تۆپی پێی داونی خۆر و مانگی یانەی رۆژ. سەرسام بووم بە ئاست و ئیرادەی یاریزانەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە: دروستکردنی ژێرخانێکی وەرزشیی باش، مافێکی سەرەتایی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە. شانازی دەکەین لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سلێمانی گرنگییەکی تایبەت بە وەرزشی ئەم توێژە ئازیزە دەدەین و هەنگاوی باشمان ناوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: زۆر سوپاسی هەموو ئەو ئازیزانە دەکەم لە لیژنەی پارائۆڵۆمپی و یانەی رۆژ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە بەوپەڕی خەمخۆرییەوە هەوڵی پێشخستنی وەرزشی پارائۆڵۆمپیی کوردستان دەدەن.



