رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاند، ئەو شلەیەی کە لە ئاوەکانی کەنداوی فارس لە نزیک دورگەی خارگ بینراوە، بەهۆی رژانی ئاوی پیسبوی کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە بووە، نەک رژانی نەوت. 

دوای ئەوەی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چەند دیمەنێکی دەروبەری دورگەی خارگ بڵاوکرایەوە  وئاماژە بەوەکرابوو، رەنگە ئێران بەهۆی رێگریکردن لە هەناردەی نەوت، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان نەوەستێنێت نەوت بکاتە دەریاوە، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران  زانیاری نوێ لەسەر ئەو روداوە بڵاوکردوەتەوە.

رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو پەڵە گەورانە هۆکارەکەی دزەکردنی نەوت یاخود رژانەی نەوت نییە لە پاڵاوگەکانەوە، بەڵکو بەهۆی بەتاڵکردنی ئاوی پیسی (Ballast water)  کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە بووە، کە زیانی بەرکەوتووە.

پێشتر دەزگامیدیا جیهانییەکان،  بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد رایانگەیاند بوو، لە نزیک دورگەی خارگ، رەنگە نەوت رژابێتە دەریاوە بەهۆی زیانگەیاندن بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان یاخود ئێران خۆی نەوت بخاتە دەریاوە بەهۆی پڕبونی خەزانەکانی  نەوتەوە.