ترەمپ بەنیازە چین ناچار بکات کڕینی نەوت لە ئێران رابگرێت
١١ی ئایاری ٢٠٢٦
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانێکی رەسمی بۆ چین ئەنجام بدات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، بە نیازە لەم لوتکەیەدا گوشارێکی توند بخاتە سەر هاوتا چینییەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پەکین لەگەڵ تاران، هەروەها دەیەوێت چین ناچار بکات کڕینی نەوت لە ئێران و روسیا رابگرێت، کە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات بۆ ئەو دوو وڵاتە دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەی کە لە هەردوو بواری مەدەنی و سەربازیدا بەکاردێن لەلایەن چینەوە بە ئێران، تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.
هاوکات چین سەردانەكەی سەرۆکی ئەمریکای لە 13 تا 15ـی ئەم مانگە پشتڕاست دەكاتەوە، کە وابڕیارە تا رۆژی هەینی بەردەوام بێت.
جێی ئاماژەیە، ئەم سەردانەی دۆناڵد ترەمپ لە دوای ساڵی 2017ـەوە، یەکەم سەردانیەتی بۆ چین، کە بڕیار بوو لە مانگی ئاداری رابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی جەنگی دژی ئێران دواخرا.



