ئاژانسی تەسنیم: کەشتیەک، کە نەوتی عیراقی پێبوە گەروی هورمزی تێپەڕاند
بڵند
١١ی ئایاری ٢٠٢٦
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردوەتەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر، کە نەوتی خاوی عیراقی پێبوە، دوای جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سوپای پاسداران، بە گەروی هورمزدا تێپەڕیوە و بەرەو ڤێتنام دەڕوات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاویکردوەتەوە رۆژی یەکشەممە کەشتیەکی نەوتهەڵگر بە ناوی AGOIS FANOURIOS بە رێگەی دیاریکراوی ئێراندا و لە ژێر رێنماییەکانی سوپای پاسداراندا، گەروی هورمزی تێپەراندوە.
ئاژانسەکەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو کشتییە نەوتی خاوی عیراقی پێبووە و لە ئێستادا بەرەوە ڤێتنام دەڕوات.
ئەمە لە کاتێكدایە لە رۆژانی رابردودا، میدیاکانی جیهان ئاماژەیان بەوەکردبوو، بەهۆی پێکدادان و گرژییەکانی گەروی هورمزەوە، 167 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداو لە دەریادا ماوەتەوە و لەو بڕەش زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیلی عیراق خاوەندارێتی دەکات.



