لێپرسراوێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا "پنتاگۆن" هۆشداریدا لە بەرزبونەوەی تێچوی جەنگی ئێران و رایگەیاند بە گوێرەی خەمڵاندنەکانیان تێچوەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێكدایە هەفەتەی رابردوو بە 25 ملیار دۆلار خەمڵێندرا بوو.
جۆڵز هێرستی، جێگری وەزیری دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پیراندا رایگەیاند، کە تێچوی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار.
ئەم بڕە پارەیەی پنتاگۆن رایگەیاندوە، بەراورد بەو خەمڵاندنەی، کە کۆتایی مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە، بە بڕی چوار ملیار دۆلار زیادی کردووە.
هێرست ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم زیادبونە بەهۆی تێچووە نوێکراوەکانی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستە سەربازییەکان و هەروەها خەرجییەکانی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ناوبراو لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم ئامارانەدا، کە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری و ژنراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئامادەی بوون، جەختی کردەوە کە تیمەکانی ئەرکانی هاوبەش و دارایی بەردەوام خەریکی پێداچوونەوەن بەو خەمڵاندنانەدا.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پنتاگۆن لە 29ی نیساندا تێچووی جەنگەکەی بە 25 ملیار دۆلار مەزەندە کردبوو، بەڵام ئێستا بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەڵێن؛ خەمڵاندنە نوێیەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار و ئەگەری گۆرانکاری زیاتریش هەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عیراق تاوتوێکرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە ببێتەوە.
هەروەها جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کرایەوە کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات و ئامانجی خزمەتکردنی تەواوی هاوڵاتییان بێت.
لە کاتێکدا جیهان بە وردی چاودێری ڤایرۆسی هانتا دەکات، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن، کە رۆژی 19ـی ئەم مانگە یەکلاکەرەوە دەبێت لە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییەدا.
ئەم رێککەوتە وەک رۆژێکی چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی "نەوەی سێیەم"ـی تووشبوان لێی دەڕوانرێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەناو گەشتیارانی کەشتییەکی نێودەوڵەتیدا تۆمارکراون و نیگەرانییەکی زۆریان لە ناوەندە پزیشکییەکاندا دروستکردووە.
سەرچاوەی سەرەکی ئەم مەترسییە نوێیە بۆ ناو کەشتیی گەشتیاریی "ئێم ڤی هۆندیۆس" دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ڤایرۆسەکە لەناو سەرنشینەکانیدا بڵاوبووەوە و تا ئێستا بە رەسمی سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان پشتڕاستکراونەتەوە.
دیارترینیان پیاوێکی هۆڵەندی تەمەن 70 ساڵە بە ناوی "لیۆ شیلبێرورد" کە وەک "نەخۆشی سفر" یان سەرچاوەی یەکەمی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەناو کەشتییەکەدا دەناسرێت، دوای ئەویش هاوسەرەکەی و ژنێکی ئەڵمانی تر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییان و کاریگەرییەکانی ئەم ڤایرۆسە بکوژەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد لێپرسراوانی تەندروستی جیهانی بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەکی تەواوەوە.
سەبارەت بە گرنگی زانستیی رۆژی 19ی ئایار، دکتۆر "ستێفن کوای" و گروپێک لە شارەزایانی بواری پزیشکی ئاماژە بەوەدەکەن: کە ماوەی مانی ئەم ڤایرۆسە لە جەستەدا، واتە ماوەی نێوان تووشبوون تا دەرکەوتنی نیشانەکان، بە تێکڕا 22 رۆژە.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە سەرنشینانی کەشتییەکە پێش ئاشکرابوونی ڤایرۆسەکە لە 24ـی نیساندا گەشتەکەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە ناو وڵاتەکانی خۆیان، ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە دەرەوەی ژینگەی کەشتییەکە روویدابێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت نیشانەکانی نەوەی سێیەمی تووشبووان لە دەوروبەری 19ـی ئایاردا بە روونی دەربکەون.
هاوکات تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆنفرانسێکدا جەختی لەوە کردەوە: کارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و پێویستی بە وردبینی زیاتر هەیە، هەرچەندە تا ئێستا نیشانەی بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی جیهانی لە ئارادا نییە، بەڵام بەهۆی درێژیی ماوەی ڤایرۆسەکە، ئەگەری بینینی حاڵەتی نوێ لە هەفتەکانی داهاتوودا هەیە.
هەموو چاوەکان لەسەر رۆژانی داهاتوون بۆ تێپەڕاندنی ئەم مەترسییە، ئەنجامەکانی ئەم چاودێرییە چڕە دەریدەخەن کە ئایا ڤایرۆسی هانتا دەبێتە هەڕەشەیەکی جیهانی تر یان لە چوارچێوەی ئەو بازنە دیاریکراوەدا دەمێنێتەوە و کۆنترۆڵ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە؛ پسپۆڕانی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە رێنمایی دەدەن، کە پێویستە رێکارە خۆپارێزییەکان لە بەرزترین ئاستدا بن و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت، تا تێپەڕبوونی ئەم وادە هەستیارەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.
پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەسەر مامەڵەکردنیان لەگەڵ تاراندا رایگەیاند، پلانیان هەیە جەنگ دژی ئێران پەرەپێبدەن، وەک چۆن پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی جددیەتی و گرنگی بابەتەکە، لەلای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستادا نایانەوێت هەنگاوی داهاتویان دژی ئێران ئاشکرا بکەن.
پیت هیگسێس جارێکی دیکە دڵنیایدا، کە تاران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و رێککەوتن یاخود دووبارە هێرشکردنە سەر تاران لە بژاردەکانی بەردەستیانن.
لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا( سێنتکۆم) رایگەیاندوە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە دەریای عەرەبی و گەمارۆی سەر ئێران جێبەجێ دەکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، لە شاری سلێمانی سەردانی چایخانەی شەعبی کرد و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان کۆبووەوە.
خاوەنی چایخانەکە سوپاسی د. لەتیف رەشیدی کرد کە دوو ساڵ پێش ئێستا ئەرکی نۆژەنکردنەوەی چایخانەکەی گرتبووە ئەستۆ.
د. لەتیف رەشید، لە سەردانەکەیدا چاوی بەچین و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی کەوت و لە نزیکەوە گوێی لە داواکاریەکانیان گرت.
بانکی ناوەندیی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی کەرتی بانکی بە ئامانجی بەهێزکردنی سیستەمی دارایی و گونجاندنی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە بانکە عیراقییەکان قۆناغی دووەمی چاکسازییان دەستپێکردووە، کە تێیدا جەخت لەسەر شەفافیەت و بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی دەکرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لە پرۆسەی گرێبەستکردندان لەگەڵ کۆمپانیایەکی وردبینی سەربەخۆ و پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی ئەو بانکانەی کە مەرجەکانی قۆناغی یەکەمی چاکسازییان تەواو کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەم هەنگاوانە رێگە خۆش دەکەن بۆ ئەو بانکانەی پابەندی رێنماییەکانن تاوەکو جارێکی تر دەستیان بە کەناڵەکانی حەواڵەی دەرەکی بگاتەوە، بەتایبەت بۆ مامەڵەکردن بە دراوەکانی وەک (یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، و یوانی چینی).
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بانکی ناوەندی هۆشداری دا لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتیان کرد، زانیارییەکان تەنیا لە پێگەی رەسمی بانکی ناوەندییەوە وەربگرن و نەکەونە داوی ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو دەکرێنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، کە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، زنجیرەیەک رێکاری تەندروستی و ڤێتێرنەریی پێشوەختەیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون".
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، محەمەد عەزیز مەیحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ناوەندیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون کردووە و تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون، لەوانە: داوا لە پارێزگارەکان کراوە لێژنەکانی چاودێری و پشکنین کارا بکەن بە بەشداری تەندروستی، ژینگە، ئاسایشی نەتەوەیی و ناوخۆ بۆ رێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە گشتییەکان، هەروەها قەدەغەکردنی گواستنەوەی ئاژەڵ لەو ناوچانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، مەگەر بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەرییان هەبێت کە بسەلمێنێت ئاژەڵەکە بێبەرییە لە "گەنە". و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری و دابەشکردنی نامیلکە و پۆستەر بۆ ئاشناکردنی ئاژەڵداران و هاووڵاتیان بە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێی.
ئەم رێکارانە ئامانجیان پاراستنی تەندروستی گشتی و دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتی قوربانییەکان لە ماوەی رۆژانی جەژندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرایەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان.
رۆڵی کورد لە حکومەتی نوێی عیراق و چەند تەوەرێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ وتی، بە پەرۆشەوە کاردەکەین تاوەکو حکومەتێک پێکبهێنین کە دیدگاکەی هاوبەشیی راستەقینە و خزمەتکردنی هاوڵاتییان بێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، سەپاندنی سزایی دارایی بە بڕی 40 هەزار دینار راگەیاند، بۆ هەر شۆفێر یان سەرنشینێک کە خۆڵ و خاشاک و پاشماوە فڕێ بداتە سەر شەقام و رێگەوبانەکان.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم بڕیارە پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەشی کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان ژمارە (13657) لە 11ی ئایاری 2026، و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016 دەرچووە.
گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە:
_شۆفێر یان سەرنشین، چ ئۆتۆمبێلەکە لە رۆیشتندا بێت یان وەستاو، بۆیان نییە هیچ جۆرە خۆڵ و خاشاکێک فڕێ بدەنە سەر شەقامەکان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنی هەرێمی کوردستان.
_ غەرامەی 40 هەزار دینار بۆ هەر سەرپێچییەک دیاری کراوە کە لە رێگەی ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەوە ئەنجام بدرێت.
_غەرامەکە دەخرێتە سەر هەموو سیستەمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی، لەوانە ئامێرەکانی (PDA)، کامێراکانی چاودێری و تۆمارکردنی خێرایی.
_ئەفسەری هاتووچۆ دەسەڵاتی هەیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ غەرامەکە بسەپێنێت کاتێک بینەری سەرپێچییەکە دەبێت، یان لە رێگەی ئەو ڤیدیۆ دۆکیومێنتکراوانەی کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی هاتووچۆ دەنێردرێن.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ داوای لە هاووڵاتیان کردووە هاوکار بن لە پاراستنی ژینگە و دوور بکەونەوە لە فڕێدانی پاشماوەکان، هەروەها داواشی لێکردوون سەرپێچیکاران ئاشکرا بکەن لە رێگەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکان.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاری دا پاداشتێکی دارایی کە دەگاتە 15ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هەر کەسێک کە زانیاریی وردی هەبێت و ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتۆن دێت بۆ توندکردنەوەی فشارەکان لەسەر تاران و وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی ئەو وڵاتە.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە لە رێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت، و ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ خنکاندنی ئابووری ئێران و ناچارکردنی تاران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ.
ئەم بەرنامەیە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاریی وردە دەربارەی "سەرچاوەکانی داهاتی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس و لقەکانیان، یان میکانیزمەکانی ئاسانکاریی دارایی.
لە توركیا 43 كەس بە تۆمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ گروپی تیرۆریستی داعش دەستگیركران.
بەڕێوەبەرایەتی لقی دژە تیرۆری ئاسایشی ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، بە مەبەستی ئاشكراكردنی سەرچاوە داراییەكانی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە چەند پارێزگایەكی توركیا، 43 كەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی داعش و كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ داعش دەستگیركران، كە لە رێگەی تیلیگرام و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پارەیان كۆكردوەتەوە دەستیش بەسەر ژمارەیەكی زۆر كەرەستەی دیجیتاڵیدا گیراوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو كەسانە لە ساڵی 2021 تا 2025 بڕی 170 هەزار دۆلاریان بۆ گروپی تیرۆریستی داعش كۆكردووەتەوە.
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە بژاردەکانی ئێران لە ئەگەری هێرشێکی نوێدا، پیتاندنی یۆرانیۆمە بە رێژەی 90%.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "مێهر"، ئیبراهیم رەزایی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی: یەکێک لە بژاردەکانی ئێران لە کاتی رودانی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەمان، بژاردەی پیتاندنی یۆرانیۆمە بە رێژەی 90%."
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رونیشی کردەوە: ئێمە لە ناو پەرلەماندا تاوتوێی ئەم بژاردەیە دەکەین.
ئەمریكا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران سزای بەسەر ژمارەیەك كەس و قەوارەدا سەپاند كە لە هۆنگ كۆنگ و ئیمارات و عومانن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، سزای نوێی بەسەر سێ كەس و نۆ قەوارەدا سەپاندووە كە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوەە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، قەوارانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە چواریان دامەزراوەی هۆنگ كۆنگن و چواری تریشیان قەوارەی ئیمارات و یەكێكیان قەوارەی عومانن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، ئەو سێ كەسەی لە لیستی سزاكاندان، پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.
دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا ویلایەتی ئەلاباما یەکێک لەو دوو بازنە هەڵبژاردنەی کە زۆرینەی دەنگدەرانیان لە رەشپێستەکان پێکهاتووە هەڵوەشانێتەوە، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمساڵ.
ئەم بڕیارە دوای حوکمێکی دادگای باڵا لە مانگی نیساندا دێت کە بازنەیەکی هەڵبژاردنی خاوەن زۆرینەی رەشپێستی لە ویلایەتی لوویزیانا پووچەڵکردەوە، بەو پێیەی بە "دابەشکارییەکی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رەگەز" و نادەستووری لەقەڵەم دا، ئەمەش بووە هۆی لاوازکردنی یەکێک لە بەندەکانی یاسای فیدراڵی مافی دەنگدان بە شێوەیەکی بەرچاو.
بەرپرسانی ئەلاباما پشتیان بە کەیسەکەی لوویزیانا بەست بۆ داواکردنی کۆتاییهێنان بە فەرمانێکی دادوەری کە ویلایەتەکە پابەند دەکات بە بەکارهێنانی نەخشەیەکی هەڵبژاردن کە لەلایەن دادگاوە سەپێنراوە تا دوای سەرژمێری ساڵی 2030.
دادگای باڵا ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندەوە و داوای لە دادگایەکی نزمتر کرد کە دووبارە چاو بە کەیسەکەدا بخشێنێتەوە لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی تایبەت بە لوویزیانا.
ئەم هەنگاوە رێگا بۆ ویلایەتەکە خۆش دەکات ئەو نەخشە هەڵبژاردنە پەسەند بکات کە لە ساڵی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە (کە کۆمارییەکان باڵادەستن تێیدا) دەرچووە، کە تەنها یەک بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت کە ڕەشپێستەکان تێیدا زۆرینە بن.
عەمید خالید محەمەد قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان و عەقید هەوار مەجید قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستبەکاربوون.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: لە رێوەڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەر یەکە لە بەڕێزان عەمید خالید محەمەد قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان و عەقید هەوار مەجید قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستبەکاربوون.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: لە رێوڕەسمەکەدا پیرۆزباییمان لە هەردوو بەڕێوەبەری نوێ کرد و جەختمان کردەوە لە پێویستیی بردنەسەری ئاستی رۆشنبیری هێزەکانی ئاسایش. لەمەودوا دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوندیدارەکانی دیکە بە پلان و بەرنامەی نوێوە کار دەکات بۆ باشترکردنی مامەڵەی هێزەکان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، چوونکە ئاسایشی وڵاتەکەمان ئەو کاتە بەهێزتر دەبێت کە هەموو خەڵک خۆیان بە هاوکار و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بزانن.