لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان، ئێران کار لەسەر هەڵسەنگاندنی پێشنیازێکی نوێی ئەمریکا دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئیسماعیل بەقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی وردن بۆ ئەو پێشنیازەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشیان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بوو، وەڵامی رەسمی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، هەروەها راشیگەیاند، هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەمریکا پێشێلکردنێکی روونی ئاگربەستە و فشارێکی تر دەخاتە سەر رەوشەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕوانی ئێران دەکەن ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیازەکەیان بداتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتن.
فەرماندیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، گەمارۆی زیاتر لە 70 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران دراوە و رێگری لە چوونەناوەوە و چوونەدەرەوەیان دەکرێت.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا'سێنتکۆم' لە نوێترین راگەیەندراویدا ئامارێکی نوێی سەبارەت بە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانیان رێگری لە هاتووچۆی زیاتر لە 70 کەشتی نەوتهەڵگر نەوت دەکەن لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا.
سێنتکۆم ئاشکرایکرد، ئەو ئەو کەشتی نەوتهەڵگرانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکخراون، توانای گواستنەوەی زیاتر لە 166 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانییان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهای ئەو بڕە نەوتەی لەناو کەشتیانەدا دەستبەسەرە، بە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن، کە وەک بەشێک لە فشارە چڕەکانی سەر تاران هەژمار دەکرێت، ئامانج لێی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئێرانە لە رێگەی هەناردەی نەوتەوە، سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە رێگریگرتن لە هەر هەوڵێکی تێپەڕاندنی گەمارۆکان لە بەندەرەکانی ئێراندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.
ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە کە نزیکەی سێ ملیار دینارە.
ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە رۆژی(2ـی 5ـی 2026 بۆ 8ـی 5ـی 2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، دوو ملیار و 935 ملیۆن و 792 هەزار دینار بووە.
دەشڵێت؛ لەو داهاتە لە 93%ی بەشێوەی نەختینەیە و 6%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە.
هەر بەپێی داتاکانی شەفافیەت، داهاتی ئەم هەفتەیە بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی نۆ ملیار دینار کەمی کردووە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بەهۆی جێگیربوونی رەوشی کەشوهەوا، پێشبینی دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر بەرز ببنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و هەندێک پەڵە هەوری جیاجیای تێدا دەردەکەوێت، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزتر دەبن لە چاو تۆمارەکانی دوێنێ.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
پیرمام: 22 پلەی سیلیزی
سۆران: 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 25 پلەی سیلیزی
دهۆک: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 30 پلەی سیلیزی
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەردەوامە و هێرشەكانیشیان تەنها گورزێكی سوك بوون و وەڵامی هێرشەكانی ئەو وڵاتەشیان داوەتەوە.
دوای هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمریكا بۆسەر چەند ئامانجێكی سەربازیی لە ناوخۆی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ تاران هێشتا بەردەوامە و چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هێرشەكانی شەوی رابردووشیان تەنها گورزێكی سوك بووە و نابێتە هۆی تێكدانی ئاگربەست.
وتیشی، سێ كەشتی جەنگی ئەمریكی بە سەركەوتوویی لە هێرشی هێزەكانی ئێران لە گەروی هورمز رزگاریان بووە و هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە، سەرجەم ئەو كەشتییانەش تێكشكێنراو كە تەقەیان لە كەشتییەكانیی ئەمریكا كردووە.
ترەمپ جەختیشیكردەوە، گەمارۆیەكی دەریایی پۆڵاین دەخەنە سەر ئێران و ئەگەر بە خێرایی رێككەوتنێكی نوێش ئیمزا نەكەن، هێرشی زۆر توندتر دەكەنە سەر ئەو وڵاتە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بەرپەرچی هێرشە موشەكی و درۆنەكانی ئێرانیان داوەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئاشکرایکرد، بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ مامەڵەی لەگەڵ چەندین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردووە كە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە وڵاتەكەیان كراوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات روونیشیكردەوە، ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بیستراون، دەرەنجامی تێكشاندنی موشەكە بالیستییەكان بووە لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە، وتیشی لە شەوی رابردووە چەندین هێرشی دیكە ئاراستەی ئیمارات كراوە.
ئەو روداوە دوای ئەوە دێت، دوێنێ ناوچەكە ئاڵۆزییەكی توندی بەخۆوە بینی و كۆتایی بەو هێمنییه رێژەییە هات كە لە نێوان هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا و ئێران لە دوای ئاگربەست لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێكردوە.
دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، لە سنوری بەندەر عەباس دەنگی تەقینەوە بیستراوە، سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە، کە دەنگی تەقینەوەکە لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی هێزەکانیان بوە لەگەڵ کەشتییەکی جەنگی ئەمریکادا.
سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا کراوەتە ئامانج دوای ئەوەی هەوڵیداوە هێرشبکاتە سەر یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران.
بە گوێرەی ئەو بانگەشانەی سوپای پاسداران دەیکات، لەدوای هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکە بە موشەک ناچار بوون پاشيکشە بکات و زیانی پێگەیشتوە.
لای خۆشیەوە ئاژانسی فارسی ئێران بڵاویکردوەتەوە، هێزەکانی ئێران و ئەمریکا روبەڕوی یەکتری بونەتەوە و بەشـێـک لە بەندەری بەهمەن لە دورگەی قشم کراوەتە ئامانج.
کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بڵاوکرایەوە و لە 14 تەوەر پێکدێت و جەخت دەکاتەوە دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
14 تەوەرەکەی عەلی زەیدی بەمشێوەیەیە؛
تەوەرەی یەکەم تایبەتە بە بەهێزکردنی سەروەری دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی
- بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان، هەواڵگری و سەربازییەکان، و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردن.
- پەرەپێدانی تواناکانی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای شەڕکردنیان بەهێز بکات و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان لەناو سیستمی ئەمنیدا بەپێی یاسا.
تەوەری دووەم تایبەتە بە سیاسەتی دەرەوە
- دورخستنەوەی عیراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی و راکێشانی وەبەرهێنان.
- بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کاریگەر و دروستکردنی پەیوەندی تایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها کارکردن لەسەر پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان".
تەوەری سێیەم تایبەتە بە چاکسازی ئابووری و دارایی
- بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانی هەمەجۆر کە کەمتر پشت بە نەوت ببەستێت.
- پەیڕەوکردنی پرۆگرامی دیسپلینی دارایی و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و دیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی باج.
تەوەری چوارەم تایبەتە وزە (کارەبا و نەوت و گاز)
-کارەبا؛ چاکسازی گشتی لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دابەشکردنی کارەبا، و وەرچەرخان بەرەو وزەی نوێبووەوە و تۆرە زیرەکەکان.
-نەوت و گاز؛ تەواوکردنی پڕۆژەکانی گازی هاوەڵ بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن، کارکردن بۆ پەسەندکردنی "یاسای نەوت و گاز"، و زیادکردنی توانای پاڵاوگەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە سووتەمەنیدا.
تەوەری پێنجەم تایبەتە بە پیشەسازی
- چاکسازی لە یاساکانی پیشەسازیدا بۆ زیادکردنی بەشداری ئەم کەرتە لە داهاتی نیشتمانی.
تەوەری شەشەم تایبەتە بە کشتوکاڵ و ئاو
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە ئاودێری و کشتوکاڵدا، بەستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو بۆ دابینکردنی مافی ئاوی عێراق.
تەوەری حەوتەم تایبەتە حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
- بونیادنانی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی.
تەوەری هەشتەم تایبەتە بە پەروەردە و خوێندن
- بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی حکومی و ئەهلی بەردەوامبوون لە دروستکردنی قوتابخانەکان
تەوەری نۆیەم تایبەتە بە تەندروستی
- باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و گەیاندنیان بە ناوچە دوورەدەستەکان.
تەوەری دەیەم تایبەتە بە پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری
- چاکسازی لە یاسای کار و بەرزکردنەوەی کارایی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
تەوەری یازدەیەم تایبەتە بە پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیا
دەسپێکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی.
تەوەری دوازدەیەم تایبەتە بە مافی مرۆڤ و ئافرەت و منداڵ
- پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاکاری.
تەوەری سێزدەیەم تایبەتە بە گەنجان و وەرزش
- پشتگیریکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
تەوەری چواردەیەم تایبەتە بە رۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار
- پاراستنی ناسنامەی شارستانی عیراق و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکان.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کەرکوک کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی هونەر و هونەرمەندان کرد لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتیی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک و پشتگیریی تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی دەربڕی بۆ باشترکردنی رەوشی ژیان و گوزەرانی هونەرمەندانی کەرکوک.
لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال باسی لە بەرنامەی یەکێتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هونەرمەندان و رایگەیاند؛ کاردەکەن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو دابین بکەن بۆ پێشخستنی هونەر لە کەرکوک.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئەمریکایە و تا ئەم ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتراستی کردوە پێشنیازیان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتوە و وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنیەتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر پێشنیازەکە، کە لە رێگەی نێوەندگیری پاکیستانییەوە پێیان گەیشتووە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
بەقایی، جەختیکردوەتەوە بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بەندە بە ئەنجامی ئەم نامەگۆڕینەوانەوە و هەر کاتێک بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، لایەنی نێوەندگیر لە بڕیارەکەیان ئاگادار دەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئیران نزیکن لە رێککەوتن و لەسەر داوای پاکستان ئۆپراسیۆنی ئازادی لە گەروی هورمز رادەگرن و هۆشداریشیدابوو، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ئەوا خرپتر لە جاری پێشوو بۆردومانی ئێران دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغداد، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە عەلی زەیدی، کاندیدی راسپردراو بۆ سەرۆک وەزیران.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کرد و لە کۆبوونەوەکەدا کارنامەی وزاریی حکومەتە نوێیەکەی لێ وەرگرت.
بەگویرەی راگەیەندراوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، حەلبوسی فەرمانی دا کارنامەکە بەسەر سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دابەش بکرێت تا لە وردەکارییەکانی ئاگادارببنەوە.
هاوکات جەختی لە ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە بۆ دیاریکردنی وادەی دانیشتنی متمانەبەخشین بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کارنامە و پێکهاتەی حکومەت، ئەوەش هەر کاتێک کە کاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیران ناوی کاندیدەکانی کابینەی حکومەتەکی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بریکاری وەزیری نەوتی عیراق تۆمەتبار دەکات بەوەی، کە یارمەتی تاران دەدات بۆ پێشێلکردنی گەمارۆی نێودەوڵەتی و هاوکاری کردوە لە فرۆشتنی نەوتدا.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، گەنجینەی ئەمریکا سزای دارایی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عیراق داوە و ناوی خستوەتە لیستی سزادراوەکانەوە ، بەهۆی تێوەگلانی لە پڕۆسەی هاوکاریکردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی تۆمەتەکانی ئەمریکا، ئەم لێپرسراوە باڵایەی عیراق رێگەی داوە رۆژانە بە بڕی چەندین ملیۆن دۆلار نەوتی عیراق بە بارهەڵگر بگوازرێتەوە بۆ قاچاخچییەک و لەگەڵ نەوتی خاوی ئێراندا تێکەڵ کراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە مەعارج هاوکاری کردووە لە ساختەکردنی بەڵگەنامە رەسمییەکاندا بۆ ئەوەی نەوتە تێکەڵاوەکە وەک بەرهەمێکی سەد لە سەد عیراقی نیشان بدرێت و بەو شێوەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا ساغ بکرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی سەردانی کەرکوکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و جەختی لە خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی کردەوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دانانی یەکەمین پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی کەرکوکدا، روداوێکی گرنگی مێژووییە و هیوادارین ئەم روداوە گیانی پێکەوەژیان و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەدا قووڵتر بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانمدا بۆ کەرکوک لەگەڵ محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێ و رێبوار تەها، جێگری پارێزگار کۆبوومەوە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونم لێ کردن و پشتگیریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشم بۆ دووپات کردنەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە، یەکێتی شانازی بەوەوە دەکات هەر لە سەرەتاوە ئاڵاهەڵگری پێکەوەژیان بووە لە کەرکوک و هەمیشە دژی پەراوێزخستنی هەر پێکهاتەیەک بووین و ئێستاش پێمانوایە پارێزگار یان هەر پۆستێکی تر لای هەر پێکهاتەیەک بێت، دەبێت بێ جیاوازی خزمەتی هەمووان بکات، چونکە هەر سیاسەتێک جگە لەمە شکست دەهێنێت و خزمەتی کەرکوک ناکات.
لە کەرکوک ژنێک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، تەندروستی شارەکەش ئاشکرایکرد، ژنەکە تەمەنی 43 ساڵانە و پیشەی ئاژەڵداری بوو.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک بڵاویکردەوە، ژنێک دوایی توشبوونی بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.
ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئهو ژنهی دوێنێ چوارشهممه له كهركوك بە گومانی تای خوێنبەربوون خرایه ژێر چاودێری پزیشكییەوە و پشكنینەكانی بۆ دڵنیابونەوە رەوانەی بەغداد كرا، دهركهوت توشی تای خوێنبهربون بووه.
وتیشی، ژنەکە تەمەن 43 ساڵانەو خەڵكی چیمەن-ـی كەركوكە، بەهۆی ناجێگیری تەندروستییەوە، کەمێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونە لەمساڵدا لە کەرکوک تۆماربکرێت.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەڕەنسییەکەی، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، رەوتی دانوستانەکان و هەندێک پرسی ستراتیژی لەوانە دۆخی تەنگەی هورمزی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئێران، بزشکیان لەم پەیوەندییەدا جەختی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی کردووەتەوە و وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ بەدواداچوونەکانی فەڕەنسا، رایگەیاندووە: خۆشحاڵین کە رێبازی فەڕەنسا پشتبەستووە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەمیشە پێشوازی لەم رێبازە دەکات.
پزیشکیان ئاماژەی بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ سەر لوبنان کرد و رونی کردەوە: ئەم قەوارەیە بە هیچ شێوەیەک پابەندی بەڵێنەکانی ئاگربەست نەبووە، هەروەک چۆن لە غەززە هەرگیز پابەند نەبوو، ئێستاش لە لوبنان چەندین جار رێککەوتنەکان پێشێل دەکات، بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا بینەری تاوانەکان و شەڕی جینۆساید و دەستدرێژییەکانی ئەم قەوارەیەیە، سروشتییە لە ژێر ئەم بارودۆخەدا بەرگری ئیسلامی لە لوبنان بۆ بەرگریکردن لە وڵات و گەلەکەی بجوڵێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە ئەزموونی دانوستانەکانی رابردوو و بەربەستە بەردەوامەکانی ئەمریکا کرد و وتی: لە کاتی دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و فەڕەنسا لە نیویۆرک، سەرەڕای گەیشتن بە تێگەیشتن، ئەوە ئەمریکا بوو کە بە دروستکردنی بەربەست رێگری لە پێشچوونی پرۆسەکە کرد.
بزشکیان هۆکارەکانی بێ متمانەیی بەرامبەر لایەنی ئەمریکی روون کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دوو جار چووە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، لە هەر دوو جارەکەدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێرشی سەربازی کرایە سەر ئێران، ئەمەش رەفتارێکە کە بە خەنجەر لێدان لە پشتەوە ئەژمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لە بارودۆخی ئێستاشدا، چاوچنۆکی و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئەمریکا و پابەندنەبوونی بە چوارچێوە پێویستەکان، رەوتی دیپلۆماسیی تووشی ئاڵۆزیی دوو هێندە کردووە.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی رووبەڕووی فشارێکی زۆری دەرەکی بووەتەوە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوخۆیی.
پزیشکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەم دواییانە لەگەڵ رێبەر، موجتەبا خامنەیی، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو کۆبوومەتەوە و کۆبوونەوەکەش لە کەشێکی پڕ لە متمانە و گفتوگۆی راستەوخۆدا بووە.
سەبارەت بە ئامانجی فشارەکان، سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئێران رووبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ زیادکردنی تەنگژەی ئابووری و لاوازکردنی یەکڕیزی نیشتمانی.
ئاماژەی بەوەش کرد: مەبەست لەم فشارانە دروستکردنی ناڕەزایەتی گشتی و هاندانی خەڵکە بۆ رژانە سەر شەقامەکان، تاوەکو لەو رێگەیەوە پێکهاتەی دەسەڵات لاواز بکەن.
هەروەها بزشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاشکرا باس لە توندکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر گەلی ئێران دەکەن، تەنها بەو ئامانجەی کە دۆخی ناڕەزایەتی بخوڵقێنن.