هەواڵەکانهەواڵەکان

بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی پاکستان، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 170 کەس گیانیان لەدەستداوە و هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریش کەوتەخوارەوە.

دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتیەکان لە پاکستان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی شەپۆلی باران بارینی بەهێز و دروستبوونی لافاوی لەناکاو و رۆچونی زەویەوە لە باکوریی پاکستان 110 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەرێمی کشمیر 67 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، زۆربەی قوربانیان لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوای تۆمارکراون کە ناوچەیەکی شاخاوی سەختە، بەهۆیەوە 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.

عەلی گەنداپور پارێزگاری خەیبەر پەختونخوا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی جۆری MI-17ی حکومەت، کە پێداویستی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەڵگرتبوو، بەهۆی خراپی کەشوهەوا لە ناوچەی پاندیالی کەوتوەتەخوارەوە و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی تیمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی بارانی وەرزیەوە لە پاکستان، زیاتر لە 320 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان منداڵن، بەشێکی زۆریشیان بەهۆی داڕمانی خانوو، لافاو، بەرکەوتنی تەزووی  کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵەوە، نزیکەی500 سەربازی سوپای سوریا لە رۆژئاوای پارێزگای حەلەب گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە و زۆربەی حاڵەتەکان لەژێر کۆنترۆڵدان.

بە گوێرەی زانیارییەکان، روداوەکە شەوی پێنجشەممە لە بارەگای "فیرقەی 64"ی سوپای سوریا لە ناوچەی دارەت عیزە رویداوە. سەربازەکان دوای خواردنی ژەمی ئێوارە تووشی نیشانەکانی ژەهراویبوون بوون کە بریتی بوون لە سکچوون، رشانەوە و بێهێزی.

دوابەدوای روداوەکە، نزیکەی 500 سەرباز کە نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتبوو، بەپەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "ئەلکەنانا" لە شاری دارەت عیزە.

وەزارەتی تەندروستیی سوریا لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی حەلەب بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی سەربازەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لێکۆڵینەوە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری روداوەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شوێنەوارناسان لە کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، لە نزیک بەندەری مێژوویی برانزویک تاون، پاشماوەی چوار کەشتیی نوقمبوویان دۆزییەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی 18 دەگەڕێتەوە.

یەکێک لە کەشتییە دۆزراوەکان کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پاشماوەی کەشتیی ئیسپانی "لا فۆرتونا"یە کە لە کوباوە هاتووە و لە ساڵی 1748لە کاتی هێرشێکی شکستخواردوودا بۆ سەر شارۆچکەیەکی کۆلۆنیالیی ئەو سەردەمە، تەقیوەتەوە و نوقم بووە.

بەندەری برانزویک تاون لەو سەردەمەدا ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ بووە لە ناوچەکەدا و بەناوبانگ بووە بە هەناردەکردنی کەرەستەی دار و قەتران بۆ هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا.

تیمێکی شوێنەوارناسی بە سەرپەرشتیی جەیسن راوپ و جێرمی بۆرێلی، پاشماوەی کەشتییەکیان دۆزیوەتەوە کە لە 47 تیری دار پێکهاتووە و پێیان وایە هی کەشتیی "لا فۆرتونا" بێت. بەڵگەی بەهێز بۆ ئەمەش دۆزینەوەی گۆزە و قاپوقاچاخی خەزەفی ئیسپانییە لە نزیک پاشماوەکان، هەروەها جۆری ئەو دارەی لە دروستکردنی کەشتییەکەدا بەکارهاتووە لە جۆری سرووە کە زیاتر لە ناوچەی کاریبی بەکاردەهێنرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەشتییەکە لەو ناوچەیە دروستکراوە.

ناسنامەی سێ کەشتییەکەی تر هێشتا بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام شێوازی دروستکردنیان و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لێیان دۆزراونەتەوە، دەریدەخەن کە ئەوانیش بۆ هەمان سەردەم و ناوچە دەگەڕێنەوە.

بەپێی تۆمارە مێژووییەکان، لە 4ی ئەیلوولی 1748 دوو کەشتیی ئیسپانی لە نزیک برانزویک تاون لەنگەریان گرتووە و هێرشیان کردۆتە سەر شارۆچکەکە. بەڵام دوای چەند رۆژێک، دانیشتووانی ناوچەکە هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامداوە و لە کاتی شەڕەکەدا، کەشتیی "لا فۆرتونا" تەقیوەتەوە و نوقم بووە.

شایەنی باسە، بەهۆی زریانی بەهێزی کەناراوەکانەوە، پاشماوەی کەشتییەکان بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش کاری گەڕان و لێکۆڵینەوەی داهاتووی قورستر کردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ماوەیەکی کەم پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی ئالاسکا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە.

پەیامەکەی ترەمپ کە لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی "تروس سۆشەڵ" (Truth Social) بڵاوی کردووەتەوە، تەنها لە دوو وشە پێکهاتووە: "گرەوی گەورە!!!".

ئەم پۆستە کورتە بە رونی ئەوە دەردەخات کە سەرۆکی ئەمریکا بە گرنگییەکی زۆرەوە لە لوتکەکە دەڕوانێت و پێی وایە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەبێت. هاوکات، شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە کورت و ناڕوونە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ترەمپ چێژ لەو بایەخە میدیاییە گەورەیە وەردەگرێت کە دەدرێت بەم کۆبوونەوەیە.

وردەکارییەکانی لوتکەکە لە وێب سایتی کوردسات نیوزوە بخوێنەرەوە:

https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50260

https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50258

https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50255

https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50266

https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50230

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی قەزای کۆیە ئاماری روداوەکانی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە بەهۆی روداوەکانەوە14 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

موقه‌ده‌می مافپەروەر سه‌نگه‌ر سه‌ڵاحه‌دین، بەڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی کۆیە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە ماوەی 1ی کانوونی دووەم تا 31ی تەممووزی 2025، لە سنوورەکەیاندا 87 روداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە 14 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 84 هاوڵاتیی دیکەش برینداربوون.

سەبارەت بە جۆری روداوەکان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە ئاشکرای کرد کە48 روداو لە جۆری پێکدادان، 33 روداو لە جۆری وەرگەڕان و 5 روداویش لە جۆری شێلان بوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ڕووداوەکان لەناو سەنتەری شارۆچکەی کۆیە بوون کە 31 ڕووداو بووە، هاوکات 25 ڕووداو لەسەر ڕێگەی کۆیە - هەولێر، ٢23 روداو لەسەر رێگەی کۆیە - تەقتەق و 8 روداویش لەسەر رێگەی کۆیە - دووکان تۆمارکراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، ئارامیی ویلایەتی ئالاسکا، بەهۆی ژاوەژاوی پرسیار و گومانەکانەوە تێکچووە. پرسیاری سەرەکیی دانیشتووان و چاودێران ئەوەیە: بۆچی پوتن بانگهێشتی ئێرە کراوە؟ چی دەوێت؟ ئامادەیە واز لە چی بهێنێت؟ و ئایا دۆناڵد ترەمپ خەریکە بکەوێتە داوی ئەوەوە؟


پوتن؛ لە کەسایەتییەکی دابڕاوەوە بۆ میوانی ئەمریکا:

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمیر پوتن لە دوای هێرشە فراوانەکەی بۆ سەر ئۆکراین لە ساڵی 2022ەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا رادەیەکی زۆر دابڕاوە و لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ، لەنێویاندا رفاندنی منداڵانی ئۆکراینی، داواکراوە. دوایین جار کە پوتن لەگەڵ سەرۆکێکی ئەمریکادا کۆبووەوە، ساڵی 2021 بوو لەگەڵ جۆ بایدن لە جنێڤ.

بەڵام بەم بانگهێشتە، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە پوتن لەو دابڕانە سیاسییە دەهێنێتەوە دەرەوە و ئەمەش یەکەم سەردانی پوتنە بۆ سەر خاکی ئەمریکا لە ماوەی نزیکەی دەیەیەکدا.

مێژووی پەیوەندی و ترسی مێژوویی:

ئالاسکا مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ روسیای دراوسێی هەیە؛ سەردەمانێک کۆلۆنیایەکی روسیا بووە و لە کاتی جەنگی ساردیشدا وەک قەڵایەکی بەرگری بۆ ئەمریکای باکوور کاری کردووە. هەرچەندە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە جەنگی ئۆکراینە، بەڵام زۆرێک لە دانیشتووانی ئەلاسکا ترسیان هەیە پوتن ئاماژە بەو "پەشیمانییە مێژووییە" بکات کە روسیا هەیەتی لە فرۆشتنی ئالاسکا.

تزار ئەلێکساندەری دووەم لە ساڵی 1867 ئالاسکای بە نرخێکی زۆر هەرزان بە ئەمریکا فرۆشت. لە ئێستادا گێڕانەوەی ئالاسکا بۆ مۆسکۆ بۆتە دروشمێکی باو لای ناسیۆنالیستە روسەکان. هەرچەندە کرملین بە جددی داوای نەکردۆتەوە، بەڵام خەڵکی ئالاسکا چاوەڕێ دەکەن پوتن "تەنانەت بە گاڵتەش بێت" باسی ئەو بابەتە بکات، یان بیەوێت بڵێت سنوورەکان دەکرێت بگۆڕدرێن، تا پاساو بۆ دەستبەسەراگرتنی خاکی ئۆکراین بهێنێتەوە.

ئاستەنگی لۆجستی و گرنگیی کۆبوونەوەکە:

بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە لە ماوەیەکی کەمدا رێکخراوە، ئاستەنگی لۆجستی دروست بووە و بەهۆی نەبوونی ژووری پێویست لە هۆتێلەکاندا، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان و کارمەندانی یاوەری وەفدەکان، پەنایان بۆ بەکرێگرتنی ماڵ بردووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەستێکی گشتی هەیە کە ئەمە بۆنەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازە و چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەنجامەکانی دەبێت.

لوتکەی ترەمپ و پوتن دانیشتووانی ئەلاسکای کردووە بە دوو بەرەوە:

هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەی ترەمپ و پوتن، دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا، بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لەنێوان هیوا بە ئاشتی و ترسیان لە هەڵوێستەکانی پوتندا دابەشبوون.


مایک بایلی، کە فرۆشیارێکی هۆت دۆگە و تەنها دوو میل لەو بنکە سەربازییەوە دوورە کە کۆبوونەوەکەی لێ ئەنجام دەدرێت، دەڵێت: "هیوادارم هەموو شتێک بە ئارامی بەڕێوەبچێت، چونکە دەزانم زۆرێک لە خەڵکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئۆکراین، لە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدان."


ریک مایسترۆم، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەرۆکی شارەوانیی ئانکۆرەیج بووە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خەڵکی روسیادا هەبووە، دەڵێت: "هەستی باشم بۆ گەلی روسیا وەک خۆی ماوە، بەڵام ئەو هەستەم ڤلادیمیر پوتن ناگرێتەوە." مایسترۆم، پوتن بە "بکوژ" ناودەبات و دەڵێت: "ئەگەر من ئێستا سەرۆکی شارەوانی بوومایە، زەحمەت بوو بتوانم بە گەرمی پێشوازی لێبکەم، بەڕێز دەبووم، بەڵام سارد و سڕ."

بڕیارە بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و ئاڵای ئۆکراین بەرز بکەنەوە.

کارین کۆلۆنێل، یەکێک لە رێکخەرانی ناڕەزایەتییەکە، دەڵێت: "ئێمە هەندێک بەهامان هەیە کە دەبێت بیپارێزین، ئازادیش یەکێکە لەوانە
."

لە بەرامبەردا، هەندێکی تر وەک بیڵ گالانگەر، کە لە سەردەمی جەنگی سارددا گەورە بووە، پێیان وایە دژایەتیکردنی سەرکردەی وڵاتێکی ئەتۆمی کارێکی ژیرانە نییە و دەڵێت: "پێم باشە پێشوازی لە سەرکردەیەکی جیهانی بکەین کە ئامادەیە بێتە ئەمریکا بۆ گفتوگۆیەکی گەورە کە رەنگە جەنگی جیهانیی سێیەم بوەستێنێت."

جێگەی ئاماژەیە، کۆشکی سپی ئاستی چاوەڕوانییەکانی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە هێناوەتە خوارەوە و بە "گوێگرتن" ناوی بردووە، هەروەها رێگە بە خۆپیشاندەران نادرێت لە بنکە سەربازییەکە نزیک ببنەوە و ناچارن لە دوورەوە ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی ئاشتیدا کردەوە و داوای روونی لە کارەکانی "کۆمیسیۆنی ئاشتی"دا کرد.

دۆغان رایگەیاند، پێویستە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی ئاشتی بە شێوەیەکی پاک و روون بەڕێوەبچن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییەکی راستەقینەیان لە کۆبوونەوەکاندا هەبێت، تاوەکو پڕۆسەکە گشتگیر بێت و نوێنەرایەتیی هەمووانی تێدا بکرێت.

وتەبێژی دەمپارتی رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی پێشوو لەگەڵ کێشەی کورد گرت و وتی: "تا ئەمڕۆ پێناسەی هەڵە بۆ کێشەی کورد کراوە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو هەڵانە راست بکرێنەوە و هەنگاوی جددی و باشتر بنرێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن.

لەکۆتاییدا، دۆغان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و وتی: "بەداخەوە هێشتا هەندێک لێدوان و قسە دەکرێن کە هیچ سوودێکیان بۆ پڕۆسەکە نییە و زیانی پێدەگەیەنن."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند، چەك دانانێن، لە بارەی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیش لەو وڵاتە هۆشداری دەدات.

نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی لە وتارێكدا بەهۆی چلەی ئیمام حسێن رایگەیاند، تاوەكو دوژمنكاری و داگیركاری ئیسرائیل بەردەوامبێت ئەوە ئەوان هیچ كات ئامادە نین چەكەكانیان دابنێن، هۆشداریشدایە حكومەتی لوبنان لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، وتیشی حكومەتی لوبنان بەپریرسیار دەبێت لە دارمانی رەوشی ناوخۆی لوبنان.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە هیچ سەروەرییەك لە لوبناندا نییە، وتیشی حكومەتی لوبنان كاردەكات بۆ لە ناوبردنی چەكدارەكانیان، ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی بریارەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا.

راشیگەیاند، حزبوڵا لەگەڵ بزووتنەوەی ئەمەل رێككەوتووە بۆ دواخستنی بژاردەی رژانە سەر شەقام و خۆپیشاندان، بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، سەرنجەکان رودەکەنە ئەو بنکە سەربازییەی کە میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات، بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمندۆرف-ڕیچاردسن" لە شاری ئەنکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا.

هەڵبژاردنی ئەم بنکەیە تەنها لەبەر دوورییەکەی و هۆکاری ئەمنی نییە، بەڵکو خاوەنی گرنگییەکی ستراتیژی و مێژووییە.

زانیاری دەربارەی بنکەی ئێلمندۆرف-ڕیچاردسن

  • ئەم بنکەیە باڵی سێیەمی هێزی ئاسمانیی ئەمریکای تێدایە کە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری "F-22 Raptor" بەکاردەهێنێت و بە ناوەندێکی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسیا، جەمسەری باکوور و کەناراوەکانی رۆژئاوا دادەنرێت.
  • بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا، زیاتر لە 32 هەزار کەس لەم بنکەیەدا نیشتەجێن، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئەنکۆرەیج.
  • نرخی ژێرخانی بنکەکە بە نزیکەی15 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ڕووبەرەکەی 85 هەزار ئێکەرە.
  • زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەم بنکەیە تاکە شوێنە لە ئەلاسکا کە ئاستی ئەمنیی پێویستی بۆ میوانداریکردنی هەردوو سەرۆک ترەمپ و پوتین هەبێت.

مێژووی دامەزراندن

بنکەکە بە شێوەی ئێستای لە ساڵی 2010 دامەزراوە، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی بنکەی ئاسمانیی ئێلمندۆرف و بنکەی فۆرت ریچاردسنی سەر بە سوپا پێکهاتووە.

بنکەی ئێلمندۆرف لە سەردەمی جەنگی سارددا رۆڵێکی گرنگی لە چاودێریکردنی یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبووە و بەرپرس بووە لە بەدواداچوونی هەر هێرشێکی ئەتۆمیی ئەگەری یان جوڵەی سەربازی لە زەریای هێمنەوە.  هەر بۆیەش بنکەکە بە "بەرگی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور" ناسراوە.

سەردانە مێژووییەکان

ئەم بنکە سەربازییە پێشوازیی لە چەندین سەرۆکی ئەمریکا و کەسایەتیی دیاری جیهانی کردووە، لەوانە:

  • ساڵی 1971: ریچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، پێشوازیی لە ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆی ژاپۆن کرد، کە یەکەمجار بوو ئیمپراتۆرێکی ژاپۆن لە سەردەمی دەسەڵاتیدا سەردانی وڵاتێکی بیانی بکات.
  • ساڵی 1983: رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەمریکا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ژاپۆن و کۆریا لە بنکەکە وەستا.
  • ساڵی 2015: باراک ئۆباما بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی "GLACIER" سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا سەردانی بنکەکەی کرد.
  • ساڵی 2023 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لەم بنکەیەدا کرد.

زۆربەی سەردانکەرانی دیکەی واشنتن بریتی بوون لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری، کە بۆ بەسەرکردنەوەی دۆخی سەربازەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەرکی بنکەکە سەردانیان کردووە.

 
بۆ وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەو بنکەوە دەتوانیت بگەڕێیتەوە سەر ئەم هەواڵە:
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50230

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا چاوی جیهان لەسەر ویلایەتی ئالاسکایە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە لوتکەیەکی دووقۆڵیدا کۆببنەوە.

کارنامەی لوتکەکە بە گفتوگۆیەکی داخراوی نێوان هەردوو سەرکردە دەستپێدەکات، دواتر خوانێکی هاوبەش بە ئامادەبوونی وەفدی هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی پتەوکردنی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆیە. بڕیاریشە دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ و پوتین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.

لەلایەن خۆیەوە، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین و رێگاکانی پتەوکردنی هاوکاریی دوولایەنە. ئوشاکۆڤ وتیشی: "هاوکاریی نێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان توانایەکی گەورەی هەیە کە تا ئێستا سوودی لێوەرنەگیراوە."

یاریدەدەرەکەی پوتین ئەگەری ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو سەرۆک لە روسیا بەڕێوەبچێت.

خشتەی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن بە کاتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:

  • کاتژمێر 1:45ی پاشنیوەڕۆ:  ترەمپ کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێدەکەوێت (کاتژمێر 6:45ی بەیانی بە کاتی واشنتن).
  • کاتژمێر 10:00ی شەو: دوای گەشتێکی نزیکەی نۆ کاتژمێری، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن لە بنکەی سەربازیی ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەن (کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بە کاتی ئەلاسکا).
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر رێگای سەرەکی نێوان بیارە و خورماڵ، بەهۆی روداوێکی هاتووچۆوە شۆفێرێک گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، روداوەکە لە نزیک نەخۆشخانەی گشتی هەورامان رویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەر لە کاتی گەڕانەوەی لە ناحیەی بیارە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە ستوونێکی کارەبادا.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی سەختیی روداوەکەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

لە ئێستادا تیمەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن لە ئەلاسکا، سوپای ئۆکراین رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکیان کردۆتە سەر بەندەرێکی ستراتیژی روسیا لە هەرێمی ئەستراخان.

بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای ئۆکراین کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجامدراوە و تێیدا کەشتییەکیان کردۆتە ئامانج کە پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ روسیا گواستۆتەوە. سوپای ئۆکراین جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو بەندەرە وەک ناوەندێکی لۆجستی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی روسیا بەکاردەهێنرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە جیهان چاوی لە کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتنە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوادەکات، رێگە بە رۆژنامەنووسان بدرێت بچنە ناو کەرتی غەززە بۆ ئەوەی چاودێری دۆخی مرۆیی بکەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، " زۆرم پێ خۆشە ئەو کارە رووبدات، هەرچەندە رەوشێکی زۆر مەترسیدارە بۆ رۆژنامەنووس، بەڵام زۆرم پێ خۆشە ببینم ئەوە روبدات".

ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکتۆبەری 2023وە رێگەی بە پەیامنێرانی بیانی نەداوە بچنە غەززە، ئەگەر سوپا لەگەڵیاندا نەبن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر و پەیامنێری جەنگ، لە سەرانسەری جیهانەوە داواکارییەکیان ئیمزا کرد کە داوای چوونە ژوورەوەی "دەستبەجێ و بێ سانسۆر"یان بۆ کەرتی غەززە کرد، تاوەکو بە شێوەیەکی سەربەخۆ روماڵی شەڕەکە بکەن.

رۆژنامەنوسەکان داوایان لە ئیسرائیل و حەماس کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە رەتکردنەوەی چوونەژوورەوە بۆ غەززە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی زانینی رای گشتییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تەقەکەر رادەگەیەنێت.

 

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تەقەکەر رادەگەیەنێت، کە ئێوارەی ئەمرۆ هاووڵاتیەک بریندار دەکەن.

هەردوو تۆمەتباری تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی ناوشاری سلێمانی دەستگیرکران، بەناوی ( أ .ع) (م.ع) کە برای یەکترن لەسەر دەمەقاڵێ، دراوسێ دووکانێکی خۆیان بریندارکرد بەناوی (ع.ع.ص).

بریندارەکە دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و باری تەندروستی جێگیرە، هەردوو تۆمەتبارەکەش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی بڕگەی 31 لە مادەی 406 راگیراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین جەختی لە پێویستی رادەستکردنی چەکەکانی هەموو لایەنەکان بە دەسەڵاتی فەلەستین کردەوە.

مەحمود عەباس لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ماتسومۆتۆ هیساشی جێگری وەزیری دەرەوەی پەرلەمانی ژاپۆن لە رامەڵڵا وتی، "ئێمە دەوڵەتی چەکدارمان ناوێت، پێویستمان بە کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە ماوەی یەک ساڵدا".

باسی لەوەشکرد، "پێویستمان بە بەدیهێنانی ئارامییەکی هەمەلایەنەیە لە کەرتی رۆژئاوا، راگرتنی چالاکییەکانی نیشتەجێبوون، راگرتنی تیرۆری دانیشتوان، ئازادکردنی پارە راگیراوەکانی فەلەستین و راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە پیرۆزە ئیسلامی و مەسیحییەکان".

عەباس جەختی لەسەر "پێویستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی، خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی برسێتی، ئازادکردنی بارمتەکان و دیلەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی دەوڵەتی فەلەستین بەرپرسیارێتییە مەدەنی و ئەمنییەکانی تەواوی خۆی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها دڵنیابوون لەوەی هەموو لایەنە فەلەستینییەکان چەکەکانیان رادەستی دەسەڵاتی فەلەستین بکەنەوە بەپێی بنەمای یەک سیستم، یەک یاسا و یەک چەکی شەرعی". 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستا و پارتی دیموکراتی کوردستان.

دەقی راگەیەندراوەکە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٥ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەولێر، هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بەکۆبوونەوەکانیان دا.

هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە،  هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...196197198199200...986