هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکایەتی فەلەستین پلانی نوێی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد کە تێیدا داوای دروستکردنی زیاتر لە سێ هەزار یەکە لە ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان "قودس و نیشتەجێبوونی مەعالیە ئەدۆیم" دەکات.

نووسینگەی محەمەد مستەفا سەرۆکوەزیرانی فەلەستین نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە "پلانی نوێی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچەی E1" نیشان دەدات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەلەستین، نەبیل ئەبو رەدینە وتەبێژی سەرۆکایەتی فەلەستین جەختی لەوە کردەوە، پلانی تازە راگەیەندراوی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی "سێ هەزار و 401" یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی جێناکۆکی E1 کە دەکەوێتە نێوان قودس و نیشتەجێبوونی مەعالیە ئەدۆیم، تەنها دەبێتە هۆی پەرەسەندن و گرژی و ناسەقامگیری زیاتر.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو چالاکییەکانی نیشتەجێبوون و بیناسازی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قبوڵ ناکرێت و نایاسایین، بەتایبەتی بڕیاری ژمارە 2334ی ئەنجومەنی ئاسایش کە دووپاتیدەکاتەوە، "هەموو نیشتەجێبوونەکان لە کەناری رۆژئاوا بە قودسی رۆژهەڵات و تەواوی کەرتی غەززە نایاسایین".

هەروەها ئیدارەی ئەمریکای بە "بەرپرسیار" زانیوە لە راگرتنی داگیرکاریی ئیسرائیل و جەختی لەوە کردەوە "ئەم شەڕانە بێهودەن". 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەك رایگەیاند، ئەمریكا لەگەڵ سوپای لوبنان بەشداری لە پرۆسەی چەكدانانی حزبوڵا دەكات بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە.

سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی لوبنان بە میدیاكانی راگەیاندووە، بەیروت رەزامەندی دەربڕیوە هەماهەنگی لەگەڵ سوپادا بكات و بەشداربێت لە پرۆسەی چەكدانانی حزبوڵادا و تەنانەت لە پلانەكەشدا بەشداردەبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا دەیەوێت سنورێك بۆ چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دابنێت و فشارەكانی بۆ سەر حكومەتی لوبنان زیاتر كردووە و مەبەستیەتی رۆڵی هەبێت لە سەقامگیری ناوچەكەدا.

جۆزیف عۆن سەرۆكی لوبنان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی لاریجانی ئەمنیداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، "قبوڵی ناكەن وڵاتان دەستوەردان بكەن لە كاروباری وڵاتەكەی" و لاریجانیش وتویەتی، "دەستوەردان ناكەن لە لوبنان و تەنها دەیانەوێت وڵاتەكە ئارام بێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وردەکارییەکان بڵاویکردەوە، سەرۆکی مۆساد جەختی لە سەر پێویستیی ناوبژیوانان کردووە کە بۆ حەماسی روون بکەنەوە، بڕیاری کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە، "جەنگی دەروونی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی جدییە"، ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان نەبیندرێت.

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بارنیا لە سەردانەکەیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر "ڕێککەوتنی بارمتەکان" کردووە.

بەگوێرەی کەناڵ 12، سەردانەکەی بارنیا بۆ قەتەر لەکاتێکدایە هەوڵەکانی ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەست بەسەرن.

سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هێڵکارییەکانی پلانی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززەی پەسەند کردووە.

زامیر پێشتر رایگەیاندبوو، "بەپێی بڕیاری کابینەی حکومەت، دەچینە قۆناغێکی نوێ لە شەڕی غەززە". 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت و رایگەیاند، "هاکان فیدان پێی وایە کە چاوەکانی دابخات، هەموو شوێنێک دەبێتە شەو و کورد نامێنێت."

لێدوانەکانی باکرهان لە وەڵامی قسەکانی فیداندا دێت کە وتبووی: "یەپەگە لە سوریا رەوشەکە تێکدەدات، تێکەڵی سیستم نابێت و کەشە ئەرێنییەکە دەشێوێنێت."

باکرهان لەم بارەیەوە وتی: "هاکان فیدان پێی وایە بە وتنی 'کورد و مافەکانی بوونیان نییە' ئیتر بوونیان نامێنێت. بەڵام هاکان بەگ هەڵەیە. هیوادارین بە زووترین کات چاوەکانی بکاتەوە، راستییەکان ببینێت و زمانێک بەکاربهێنێت کە خزمەت بە چارەسەر بکات."

هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی تورکیا رێگری لە هەر هەوڵێکی نزیکبوونەوەی کورد و حکومەتی دیمەشق دەکات و وتی: "رێگری لە هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لەگەڵ دیمەشق دەکرێت. من پرسیار دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق لەنێو خۆیاندا رێک بکەون، ئایا تورکیا رێگرییان لێ دەکات؟ باشە بۆچی؟"

باکرهان بە شێوەیەکی وتیشی: "بەپێی زانیاری من، هاکان فیدان لە کابینەی حکومەتی سوریادا نییە، بەڵام هەموو کار و خەمی بەیانیان و ئێوارانی لەسەر سوریا و هەر دەستکەوتێکی ئەگەریی کوردە لەوێ. جیهان ئەمە دەبینێت و ئەمە دۆخێکی زۆر دڵتەزێنە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پرسی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی رۆژ و کۆمیسیۆنێکیش لە پەرلەمان بە ناوی "کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە و لە کارەکانی بەردەوامە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێكخراوی پزیشكانی بێسنور رایگەیاند، لەماوەی تەنها یەك هەفتەدا 40 كەس بەهۆی پەتای كۆلێراوە لە هەرێمی دارفوری سودان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش خراپترین شەپۆلی كۆلێرایە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا هەرێمەكەی گرتبێتەوە.

رێكخراوی پزیشكانی بێسنور بڵاویكردەوە، دانیشتوانی سودان بەدەست خراپترین شەپۆلی پەتای كۆلێرای چەند ساڵی رابردووەوە دەناڵێنن و كەمی و نەبوونی پێداویستییە پزیشكییەكانیش رێكارەكانی چارەسەری نەخۆشەكانی زیاتر سەختكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی پەتاكەوە لەماوەی یەك هەفتەدا تەنها لە هەرێمی دارفور 40 كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 300 نەخۆشیشیان چارەسەر كردووە.

بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و خۆراكی باش، پەتای كۆلێرا لە سودان ساڵانە بەشێوەیەكی فراوان بڵاودەبێتەوە، بە جۆرێك تەنها لەماوەی ساڵی  رابردوودا وڵاتەكە 100 هەزار توشبووی كۆلێرای تۆمار كرد. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پێدانی دەرمانی ئازارشكێنی خراپبوو لە نەخۆشخانەكانی ئەرجەنتین ، لەماوەی دوو هەفتەدا 87 كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانیی ئەرجەنتین بۆ دەرمان و خۆراك و تەكنەلۆجیای پزیشكی رایگەیاندووە، لەماوەی دوو هەفتەدا 87 كەس بەهۆی پێدانی دەرمانی ئازارشكێنی پیسبوو بە بەكتریا لە چەند نەخۆشخانەیەكی ئەرجەنتین گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكان گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە دەرزی فنتانیلی ئازارشكێن كە دراوە بە نەخۆشەكان، بەهۆی سێ جۆری بەكتریاوە پیس بووە.

لەوبارەیەوە دەسەڵاتی دادوەریی ئەرجەنتین رایگەیاندووە، تاوەكو ئێستا لێپرسینەوە لە 24 كەس كراوە و دوو كۆمپانیا بە تۆمەتی فرۆشتنی دەرزییەكە تۆمەتبار كراون، كە پێنج بارهەڵگر دەرزییان بەسەر ناوەندە تەندروستیی و نەخۆشخانەكانی وڵاتەكەدا دابەشكردووە.

خێزانی ئەو كەسانەی بەهۆی پێدانی دەرزییەكەوە گیانیان لەدەستداوە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و پزیشكەكانیش باس لەوەدەكەن، پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان دەكەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە هانتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆ بایدن دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی هانتەر بانگەوازی کرد کە میلانیا لە رێگەی تاوانباری سێکسی، جێفری ئێپستینەوە، هاوسەرەکەی ناسیوە.

پارێزەرانی خانمی یەکەمی ئەمریکا، کە لە ساڵی 2005 هاوسەرگیری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئەو بانگەوازانە بە "درۆ، سوکایەتی، ناوزڕاندن و توندوتیژانە" وەسف کرد.

کوڕەکەی بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەو لێدوانانەی دابوو، کە تێیدا بە توندی رەخنەی لە پەیوەندییەکانی پێشووی سەرۆک ترەمپ گرتبوو لەگەڵ ئێپستین.

لە نامەیەکدا کە لەلایەن پارێزەرانی خانمی یەکەمەوە ئاراستەی پارێزەری هانتەر بایدن کراوە، داوایان کردووە کە دەستبەجێ لەو بانگەوازانە پاشگەزبێتەوە و داوای لێبوردن بکات، ئەگەرنا رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و داوای قەرەبووی "زیاتر لە یەک ملیار دۆلار"ی لێدەکرێت.  لە نامەکەدا هاتووە کە خانمی یەکەم بەهۆی ئەو بانگەوازانە تووشی "زیانێکی گەورەی دارایی و ناوبانگی" بووە.

هەروەها کوڕە بچووکەکەی بایدن تۆمەتبار کراوە بەوەی "مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بازرگانیکردن بە ناوی کەسانی ترەوە" و ئەو ئەم قسانەی دووبارە کردووەتەوە "بۆ ئەوەی سەرنج بۆ لای خۆی رابکێشێت".

لە میانەی چاوپێکەوتنێکی فراواندا لەگەڵ فیلمساز ئەندرۆ کالاهان کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکرایەوە، هانتەر بایدن وتی کە بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی پەیوەست بە ئێپستین، "سەرۆک ترەمپ تێوەدەگلێنن". ئەو وتی: "ئێپستین میلانیا و ترەمپی بەیەکتر ناساندووە - پەیوەندییەکان زۆر فراوان و قووڵن.

هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەو دووانە لەلایەن ئێپستینەوە بەیەکتر ناسێنرابن، کە لە ساڵی 2019 لە زینداندا و لە چاوەڕوانی دادگاییکردنیدا خۆی کوشت.

بەپێی ژیاننامەیەکی گۆڤاری "هارپەرز بازاڕ" لە کانوونی دووەمی 2016، خانمی یەکەم هاوسەرەکەی لە تشرینی دووەمی 1998 لە ئاهەنگێکدا ناسیوە کە لەلایەن دامەزرێنەری ئاژانسێکی مۆدێلینگەوە رێکخرابوو.  میلانیا ترەمپی تەمەن 55 ساڵ، بە گۆڤارەکەی وتبوو کە رەتی کردبووەوە ژمارە تەلەفۆنی خۆی بداتێ چونکە "لەگەڵ کەسێکدا بووە."

ئەم هەڕەشە یاساییە دوای چەندین هەفتە لە گوشار دێت بۆ سەر کۆشکی سپی تاوەکو ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا بکات کە بە "فایلەکانی ئێپستین" ناسراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، هاوتا روسییەکەی، لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین. شوێنی کۆبوونەوەکە بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسن"ە، کە دامەزراوەیەکی سەربازیی ستراتیژییە. هەڵبژاردنی ئەم لوتکەیە چەندین رەهەندی مێژوویی، جوگرافی و ئەمنی لەخۆدەگرێت.

تایبەتمەندییەکانی بنکەی ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسن چین؟

ئەم بنکەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی شەڕی سارد دەگەڕێتەوە، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەلاسکایە و رووبەرەکەی 64.000هێکتارە. بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، بە پێگەیەکی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ئامادەباشی سەربازی لە ناوچەی جەمسەری باکوور دادەنرێت.

بنکەکە لە ساڵی 1940دروست کراوە و لە سەردەمی شەڕی سارددا، وەک ناوەندێکی گرنگی بەرگریی ئاسمانی و فەرماندەیی بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە. لە ساڵی 1957 گەیشتە لوتکەی توانای خۆی کاتێک 200 فڕۆکەی جەنگی و چەندین سیستەمی راداری پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو، بەهۆیەوە نازناوی "سەقفی پارێزەری ئەمریکای باکوور" (Top Cover for North America)ی وەرگرت.

کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 سەردانی بنکەکەی کرد، وتی سەربازانی ئەوێ "لە دوا سنووری وڵاتەکەمان وەک یەکەم هێڵی بەرگریی ئەمریکا خزمەت دەکەن." زیاتر لە30،000 کەس لەم بنکەیەدا دەژین، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج. ئەمڕۆش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و ئاسانکارییەکانی مەشق و راهێنانەوە، بنکەکە بەردەوامە لە گەشەکردن.

بۆچی کۆبوونەوەکە لە ئەلاسکا ئەنجام دەدرێت؟

هەڵبژاردنی ئەلاسکا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چەند هۆکارێکی هەیە:

  • رەهەندی مێژوویی: ئەمریکا لە ساڵی 1867ویلایەتی ئەلاسکای لە روسیای قەیسەری کڕی، ئەمەش رەهەندێکی مێژوویی بە کۆبوونەوەکە دەبەخشێت.

  • نزیکیی جوگرافی: یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو وڵات دراوسێن و تەنها گەرووی بێرینگ لێکیان جیا دەکاتەوە. وتیشی: "زۆر لۆژیکییە کە وەفدەکەمان بەسەر گەرووی بێرینگدا بفڕێت و لوتکەیەکی وا گرنگ لە ئەلاسکا بەڕێوەبچێت."

  • هۆکاری لۆجستی و ئەمنی: بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاندووە کە بنکەکە مەرجە ئەمنییە توندەکانی بۆ میوانداریکردنی دوو سەرکردەی جیهانی تێدایە. هەروەها، لەبەر ئەوەی وەرزی گەشتیارییە و کۆبوونەوەکە بەپەلە رێکخراوە، بژاردەی دیکەی گونجاو کەم بوون.

شیکاریی کۆبوونەوەکە و ئامانجەکان

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، وەک بەڵێنێکی هەڵبژاردن، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەرچەندە تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەو پێشتر وتبووی دەتوانێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا جەنگەکان بووەستێنێت.

ترەمپ کۆبوونەوەکە وەک "کۆبوونەوەیەکی تێگەیشتن" وەسف دەکات کە ئامانج لێی هاندانی پوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی هەوڵیداوە چاوەڕوانییەکان کەم بکاتەوە و رایگەیاندووە "ئەمە بۆ سەرۆک پرۆسەیەکی گوێگرتنە."

چاوەڕوان ناکرێت ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئامادە بێت، بەڵام ترەمپ وتوویەتی یەکەم کەس دەبێت کە دوای کۆبوونەوەکە پەیوەندی پێوە دەکات. زێلێنسکی جەختی کردووەتەوە کە هەر رێککەوتنێک بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانیا "بڕیارێکی مردوو" دەبێت. 

هەردوو لایەنی روسیا و ئۆکراین خواستی ناکۆکیان هەیە. ئۆکراین سوورە لەسەر گەڕانەوەی تەواوی خاکەکەی، لە کاتێکدا پوتن لە داواکارییەکانی بۆ خاک و بێلایەنیی ئۆکراین پاشگەز نەبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیوز، ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر رێککەوتنێک دەکات کە رێگە بە روسیا دەدات کریمیا و هەرێمی دۆنباس بهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا لە ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێتەوە. ئەمە ئەو خاڵە شیکارییە هەستیارەیە کە چارەنووسی دانوستانەکان دیاری دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی وتنەوەی دروشم دژی ئیسرائیل، ژمارەیەك زیارەتكاری ئێران لە لایەن پۆلیسی عیراقەوە دەستگیر كران.

ناوەندی چاودێریی زیارەتكارانی ئێران بڵاویكردوەتەوە، 50 زیارەتكاری شیعە بەهۆی وتنەوەی دروشم دژی ئیسرائیل لە حەرەمی ئیمام حسێن دەستگیر كراون و دواتر دوای وەرگرتنی بەڵێننامە سەرجەم زیارەتكارەكان ئازاد كراون.

ناوەندەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی یاسای عیراق هەموو دروشمێكی سیاسی لە حەرەمی ئیمام حسێن قەدەغە كراوە و ئەوەش وای كردوە پۆلیس ئەو زیارەتكارانەی ئێران دەستگیر بكات.

بە پێی ئامارەكان زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار زیارەتكار لە ئێرانەوە رویان لە نەجەف و كەربەڵا كردوە بۆ بەشداریی لە چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن و تا ئێستاش نزیكەی یەك ملیۆن زیارەتكار گەڕاونەتەوە وڵاتەكەی خۆیان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاوەنی زنجیرە رێستورانتێک کە بەهۆی بەکارهێنانی ناو و تایبەتمەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناوبانگی دەرکردووە، ئێستا لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگی ئەمریکاوە (ICE) رووبەڕووی مەترسیی دەرکردن لە ئەو وڵاتە بووەتەوە.

رێستورانتی "ترەمپ بەرگر" (Trump Burger) لە ساڵی 2020 لە شاری بێلڤیل لە ویلایەتی تێکساس کرایەوە و بەهۆی سەرکەوتنییەوە، لەو کاتەوە چوار لقی دیکەشی لە هەمان ویلایەت کردووەتەوە.

تایبەتمەندیی ئەم رێستورانتە لەوەدایە کە لیستی خواردنەکانی هەموویان رەنگ و بۆیەکی سیاسییان هەیە و بە ناوی دروشم و کەسایەتییە نزیکەکانی ترەمپەوە ناونراون. بۆ نموونە، ساندویچی مریشک لەم رێستورانتەدا بە ناوی "ساندویچی مریشکی خانمی یەکەم" (First Lady Chicken Sandwich) پێشکەش دەکرێت.

بەپێی راپۆرتەکان، فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەی رۆلاند بینی، خاوەنی ئەم زنجیرە رێستورانتە. هۆکاری لێکۆڵینەوەکە و وردەکاریی دۆسیەی کۆچی ناوبراو هێشتا بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پشتڕاستکراوەتەوە کە ناوبراو رووبەڕووی مەترسیی دەرکردن بووەتەوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ترەمپ خۆی بە سیاسەتە توندەکانی دژی کۆچبەرانی نایاسایی ناسراوە، و ئەمەش وایکردووە کەیسی خاوەنی "ترامپ بەرگەر" ببێتە جێی سەرنجی میدیاکان


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وڵاتانی عەرەبی رۆژی چوارشەممە بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان کرد، کە تێیدا باسی لە پابەندبوونی خۆی بە دیدگای "ئیسرائیلی مەزن" کردبوو، کە بریتییە لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی وڵاتانی عەرەبی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە.

ئوردن: ئەمە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لێدوانەکانی ناتانیاهۆی بە "هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەلامەتیی وڵاتان و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" ناوبرد.

سوفیان قزا، وتەبێژی وەزارەتەکە، رایگەیاند: "شانشینی ئوردن بە تەواوی ئەم لێدوانە توندوتیژانە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکەینەوە کە ئەم وەهمە بێمانایانەی بەرپرسانی ئیسرائیل ناتوانن زیان بە ئوردن و وڵاتانی عەرەبی بگەیەنن و مافە ڕەوا و نەگۆڕەکانی گەلی فەڵەستین کەم ناکەنەوە."

ناوبراو زیادی کرد کە ئەم لێدوانانە رەنگدانەوەی "دۆخی قەیراناویی حکومەتی ئیسرائیل و گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکەیەتی" لە سۆنگەی بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە و کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو.

سعودیە: رەتکردنەوەی تەواوی پڕۆژە فراوانخوازییەکان

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا "بە توندترین شێوە" ئیدانەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داگیرکەری ئیسرائیلی کرد و رەتکردنەوەی تەواوی شانشینەکەی بۆ "ئەو بیرۆکە و پڕۆژە نیشتەجێبوون و فراوانخوازیانە" راگەیاند کە دەسەڵاتی داگیرکەری ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات.

راگەیەندراوەکە جەختی لەسەر "مافی مێژوویی و یاسایی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکەکەی" کردەوە، بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

کۆمکاری عەرەبی: پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی عەرەبییە

کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە راگەیەندراوەکەدا بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی ناتانیاهۆی کرد و بە "رێگەپێدان بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی عەرەبی و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" وەسفی کرد.

کۆمکارەکە جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانانە "هەڕەشەیەکی ترسناکن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و "بە هەموو هێزێکەوە رووبەڕووی ئەم لێدوانە توندڕەوانە ببنەوە."

ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو:

جاسم محەمەد ئەلبدیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، "ئیدانەی توند و ناڕەزایەتی قووڵی" خۆی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ناتانیاهۆ و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و دەستدرێژییەکی روون بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان" وەسفی کرد.

ئەلبدیوی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەڵوێستێکی توند وەربگرێت بۆ راگرتنی ئەم لێدوان و پلانە هاندەرانە" بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەر گرژییەک.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک نەوەی سەربەرزی شەهیدان کۆبووەوە ئاماژەی بەوەکرد، "نەوەی شەهیدان ئەمانەتی خوێنی شەهیدانن، لە رەخساندنی دەرفەت و هێنانە پێشەوەتان لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا درێخی ناکەین". 

لە دیدارەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی ئامادەبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی خۆی بۆ نەوەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، نەوەی شەهیدان ئەمانەتی خوێنی شەهیدانن، لە رەخساندنی دەرفەت و هێنانە پێشەوەتان لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا درێخی ناکەین و پشتیوانتان دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی نەوەی شەرەفمەندی شەهیدانی لەوە دڵنیاکردەوە کە یەکێتی زیاتر خزمەتیان دەکات و وتی، هەر یەکێتییەک لە هەر شوێنێکدا بێت، کەسوکاری ئێوەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژەرانی زانکۆی "کینگز کۆلێج" لە لەندەن دۆزینەوەیەکی نوێیان لە بواری پزیشکیی دداندا راگەیاند، کە بریتییە لە بەکارهێنانی پرۆتینێکی سروشتی بۆ نۆژەنکردنەوە و پتەوکردنی مینای ددان. ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت ببێتە وەرچەرخانێک لە چارەسەرکردنی کلۆربوونی ددان و هەستیاریی ددانەکاندا.

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە لە گۆڤاری زانستیی "Advanced Healthcare Materials" بڵاوکراوەتەوە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە پرۆتینی کیراتین، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە پێکهاتەی موو، پێست و خوری ئاژەڵاندا هەیە، توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی مینای ددان کە بەهۆی خواردن و خواردنەوە ترشەکان، خراپیی پاکوخاوێنی دەم و ددان، یان بەساڵاچوونەوە زیانی بەرکەوتووە.

ئەم پێکهاتەیە چۆن کاردەکات:

توێژەران بۆیان روون بووەتەوە کاتێک کیراتین (کە لەم توێژینەوەیەدا لە خوری مەڕەوە وەرگیراوە) دەخرێتە سەر رووی ددان، کارلێک لەگەڵ کانزاکانی ناو لیکدا دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێکی کریستاڵیی پتەو کە لاسایی پێکهاتە و کارایی مینای سروشتی ددان دەکاتەوە. ئەم چینە نوێیە بە تێپەڕبوونی کات، ئایۆنەکانی کالیسیۆم و فۆسفات لە خۆ دەگرێت و بەرگێکی پارێزەری هاوشێوەی مینا لە دەوری ددان دروست دەکات.

جێگرەوەیەکی سروشتی و سەلامەت:

سارا، توێژەری دکتۆرا لە کینگز کۆلێج و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، رایگەیاند: "کیراتین جێگرەوەیەکی جدییە لە بواری پزیشکیی دداندا." ناوبراو زیادی کرد: "ئەم ماددەیە نەک هەر لە سەرچاوەی بایۆلۆژیی بەردەوامەوە (وەک موو و پێست) بەدەست دێت، بەڵکو پێویستیمان بەو مادە پلاستیکیانە ناهێڵێت کە لە چارەسەرە تەقلیدییەکاندا بەکاردێن و زۆرجار ژەهراوین.

بەپێی وتەی زانایان، چارەسەرەکانی ئێستا کە پشت بە فلۆراید دەبەستن تەنها پرۆسەی داخورانی ددان خاو دەکەنەوە، بەڵام چارەسەرە نوێیەکە کە پشتی بە کیراتین بەستووە، دەتوانێت بە تەواوی ڕایبگرێت. ئەم تەکنەلۆژیایە نەک تەنها ددانەکە لە ڕووی پێکهاتەوە بەهێز دەکات، بەڵکو ئەو کەناڵە دەمارییە کراوانەش دادەپۆشێت کە دەبنە هۆی هەستیاریی ددان.

ئایندەی ئەم چارەسەرە نوێیە

دکتۆر شەریف ئەلشەرقاوی، یەکێکی دیکە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، دەڵێت: "ئێمە چووینەتە ناو سەردەمێکی نوێ و جێی سەرنجەوە کە تێیدا بایۆتەکنەلۆژیا ڕێگەمان پێدەدات سوود لە ماددە سروشتییەکانی لەش وەربگرین بۆ ئەوەی نەک تەنها نیشانەکان چارەسەر بکەین، بەڵکو فرمانی بایۆلۆژیی سروشتیش بگەڕێنینەوە."

تیمی توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم چارەسەرە دەکرێت لە ڕێگەی مەعجونی ددانی ڕۆژانە یان جێڵێکی تایبەتەوە پێشکەش بکرێت کە لەلایەن پزیشکی ددانەوە بەکاردەهێنرێت. ئەوان پێشبینی دەکەن کە چارەسەری کیراتین بۆ نۆژەنکردنەوەی مینای ددان لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا بگاتە بەردەستی هاوڵاتیان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند کە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلە بە پێوەری رێختەر لە دەریای ئیجە رویداوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئافاد، بومەلەرزەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە قووڵایی 7.02 کیلۆمەتر لەژێر دەریای ئیجەدا رویداوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانی گیانی و ماددیی بومەلەرزەکە رانەگەیەندراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی فەرماندە و هێزەکانی کۆماندۆی کرد بۆ هاوبەشیی بەردەوامیان لەگەڵ هێزەکانی عیراق، هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پتەوکردنی هاریکاریی زیاتری نێوان سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کردەوە لەپێناو سەرخستنی کردە سەربازییەکان، دژی پاشماوەکانی تیرۆریستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک  تێکۆشەری دێرین کۆبووەوە کە لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی دڵسۆزی و ماندووبوونی هەموو ئەو هەڤاڵانەی کرد کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆیان بۆ کارکردن لە ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی و خزمەتکردنی گەلەکەمان تەرخانکردووە و لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال لە خەباتی کوردایەتی بەردەوامن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ئێمە شانازی بە هەموو ئەو هەڤاڵانەمانەوە دەکەین کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە و سەرمایەیەکی گەورەن بۆ بەردەوامی و زیاتر گەشانەوەی یەکێتییەکەمان.

لەبارەی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و گۆڕانکارییە رێکخراوەییەکان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەڤاڵانی یەکێتی پێگەیان پارێزراو دەبێت و بەپێی ئەم قۆناغ و سەردەمە ئەرکدار دەکرێنەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...197198199200201...986