وەزارەتی بەرگری ئیمارات بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بەرپەرچی هێرشە موشەكی و درۆنەكانی ئێرانیان داوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئاشکرایکرد، بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ مامەڵەی لەگەڵ چەندین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردووە كە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە وڵاتەكەیان كراوە.

وەزارەتی بەرگری ئیمارات روونیشیكردەوە، ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بیستراون، دەرەنجامی تێكشاندنی موشەكە بالیستییەكان بووە لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە، وتیشی لە شەوی رابردووە چەندین هێرشی دیكە ئاراستەی ئیمارات كراوە.

ئەو روداوە دوای ئەوە دێت، دوێنێ ناوچەكە ئاڵۆزییەكی توندی بەخۆوە بینی و كۆتایی بەو هێمنییه رێژەییە هات كە لە نێوان هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا و ئێران لە دوای ئاگربەست لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێكردوە.