عیراق

کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەیی عیراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەمساڵدا زۆر باشترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و کتێبی نوێ چاپکراوە، چەند ئامێرێکیش بۆ خوێندنگەکان دابینکراون.

وتیشی، ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ کردنەوەی خوێندنگەی نوێ لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا و بەپێی ئەو بەرنامەیەی حکومەت دایناوە ھەزار خوێندنگە لە عیراق دروستدەکرێت.

دەشڵێت، سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن بە بەشداری زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندکار دەستپێدەکات و خوێندکارانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار خوێندکار دەبن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمەڵەی مانگی سوری عیراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاروانێکی تری ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەکانی لوبنان ئامادەکراوە و لە رێگەی فرۆکەی ھێزەکانی عیراقەوە نێردراوە.

وتیشی، پێداویستیەکان جۆراوجۆرن و رۆڵیان دەبێت لە چارەسەرکردنی بریندارەکانی تەقینەوەکانی ھەفتەی رابردوو و چەند پێداویستیەکیش بۆ چاودێری چڕ و گواستنەوەی نەخۆشەکان دابینکراون.

ئەمە سێھەمین کاروانی ھاوکاری عیراقە کە بۆ لوبنانی دەنێرێت و ١٨ و ١٩ی ئەم مانگەش عیراق بە دوو کاروان ٤٠ تۆن پێداویستی پزیشکی رەوانەی لوبنان کرد.

رۆژی ١٧ی ئەم مانگە بەھۆی تەقینەوەی ئامێری پەیجەر لە لوبنان نزیکەی سێ ھەزار کەس برینداربوون، زیاتر لە ٢٧ کەسیش کوژران کە زۆرینەیان ئەندامانی حزبوڵای لوبنانن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مستەفا حەمید بەڕێوەبەری راگەیاندنی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند، لەکۆی زیاتر لە شەش ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق، چوار ھەزار کیلۆمەتریان پاککراونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوو ھەزار بۆ دوو ھەزار و ٢٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق ماوە پاکبکرێنەوە و لەئێستادا تیمەکانیان کار لەسەر پاککردنەوەی ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی مین رێژکراو دەکەن. 

راشیگەیاند، لیژنەیەک بە ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری و کاروباری مین و نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان پێکھێنراوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەو زەوییە مین رێژکراوانەی بوونەتە بەربەست بۆ راکێشانی بۆری نەوت و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەدنان جوحەیشی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی ماددە ھۆشبەرەکان و دەڵێت، ھەمواری یاساکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەمزووانە دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەموارکردنی یاساکە چوار تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان توندکردنەوەی سزاکان لەسەر بازرگانان و بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا زیادکردنی ژمارەی کلینیکەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی قوتابخانەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر بۆ دەزگایەکی تایبەت.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عیراق لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە غیابی سزای دە ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ١٠ ملیۆن دیناری بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف فائید کازم شەممەری و سێ لە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ئیدارەی پێشوو دەرکردووە.

دەشڵێت، سزادراوەکان پێشێلکارییان لە گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەربەستەکانی ئەنجامداوە.

دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکردووە، گرێبەستی پرۆژەکە بە بەھای ٧١ ملیۆن و ٩٨٩ ھەزار ھەزار دۆلار بووە و تەندرەکەی بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە دەرچووەو بانگەوازی ئاشکرای بۆ نەکراوە، ئەوەش یەکێکە لە گەندەڵییە دیارەکانی پرۆژەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، تا مانگی ئەیلولی داھاتوو سەدان سەربازی ھاوپەیمانان و ئەمریکا کە لە بنکە سەربازییەکان لە بەغداد و ڕۆژئاوای عیراق دەکشێنەوە، تا کۆتایی ساڵی دواتریش ھێزەکانیان لە شاری ھەولێر دەکشێنەوە.

لێپرسراوێکی باڵای ھاوپەیمانان بە رۆژنامەکەی وتووە، ھێڵکاری پلانی کشانەوەکە تەواو بووە، بەڵام ھەندێک وردەکاری کۆتایی ماوە کە پەسەند بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی تری ھاوپەیمانان.

وتیشی ھەفتەی داھاتوو وادەی ڕاگەیاندنی کشانەوەکە ئاشکرا دەکرێت، ھەرچەندە بڕیاربوو وادەکە زووتر رابگەیەنرێت.

رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە وتەی لێپرسراوانی باڵای سەربازی ھەردوولا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٢٦یشەوە، پێدەچێت ھێزێکی کەمی ئەمریکا بەسیفەتی ڕاوێژکاری و بۆ پشتیوانی لۆجستی بۆ سەربازە ئەمریکییەکان کە بنکەکانیان لە سوریایە، بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دوولایەنە، بمێننەوە.

ھەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردبوو، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ھاوپەیمانان دژی داعش وادەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان رادەگەیەنن.

باسی لەوەشکردبوو، بۆ تێکەڵنەکردنی پرسەکان راگەیاندنی ئەنجامی گفتوگۆکانیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بڕیارە لەم مانگەدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی وبومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، پێشبینی بارینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت بەتایبەتی لە پاریزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجەش ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت.

راشیگەیاندوە، رۆژی یەکشەممەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەندێ پەڵە ھەوری جیاجیا، نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.

ھاوکات کەشناسی عیراق رایگەیاند، سبەینی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان باران دەبارێت.

دەشڵێت، بەرزترین پلەی گەرما لە نەجەف و موسەننا و بەسرە تۆماردەکرێت کە ٤٣ پلەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتەیەک پێشکەش دەکات و تێیدا جەختدەکاتەوە لەسەر پتەوکردنی ھاریکاریی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام دەدات، سەرباری کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک لێپرسراوی رێکخراو و دەستە نێودەڵەتییەکان. 

کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ٢٤ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تا کۆتایی ئەم مانگە دەخایەنێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی  نەوتی قورسی بەسرە رۆژی ھەینی لەکاتی داخستنی بۆرسە ٤٩ سەنت بەرزبووەوە و ھەر بەرمیلێکی بە ٦٩.٣٩ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش لەماوەی ھەفتەی رابردوودا بەڕێژەی ٢.٩٢%. بەرزبووەتەوە.

ھەروەھا نرخی نەوتی خاوی بەسرە بۆ ٧٢.٣٩ دۆلار بەرزبووەوە و بەھەمان شێوە  لەماوەی ھەفتەی رابردوودا بەڕێژەی ٢.٩٢%. بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بەسرە ھاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیھان، بەھۆی کەمکردنەوەی رێژەی سود لەلایەن ئەمریکا و پاشەکشکەی ئاستی کۆگاکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیھان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر کۆبووەتەوە و باسیان لە کارەکانی ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردووە لەپێناو بنیاتنانی ئابوورییەکی بەھێز بۆئەوەی لە رێگەیەوە خزمەتی زیاتری سەرجەم عیراقییەکان بکرێت، پرۆژەکانی گەشەپێدانیش زیاتر بخرێنە بواریجێبەجێکردنەوە و کاری جدییان لەسەر بکرێت.

نوسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەیەکی تردا لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق رایگەیاندووە، متمانەی بە لایەنە سیاسییەکان ھەیە پشتیوانی بکەن لە جێبەجێکردنی ئەو خاڵ و بڕگانەی کارنامەی حکومەتەکەی کە تائێستا جێبەجێنەکراون، بەتایبەتیش بوارەکانی ئابووری و سیاسەتی و خزمەتگوزاری.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای "ئێڵ ئای جی نێکس وەن"ی کۆریای باشور بۆ بەرھەمھێنانی چەکی پێشکەوتوو رایگەیاند، رێککەوتنێکیان بە بڕی ٢.٧٨ ملیار دۆلار کردووە، بۆ ھەناردەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی مەودا ناوەند لە جۆری "چیۆنگۆنگ  دوو" بۆ عیراق. 

کۆمپانیاکە راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق ئیمزا کراوە. 

سیستمە بەرگرییەکەی کۆریای باشور لە چوار سەکۆی مووشەکی گەڕۆک پێکدێت، کە ھەریەکەیان توانای ھەڵدانی ٨ موشەکی ھەیە، لەگەڵ بوونی رادار و و ناوەندی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردن.

بەو رێککەوتنە، عیراق دەبێتە سێیەم وڵات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەو سیستمی بەرگری ئاسمانییە لە کۆریای باشور دەکڕێت، لە دوای ئیمارات و سعودیەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێکرا کە لەنێوان  جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و راوێژکاری ئەنجومەنی دەوڵەت ئەنجامدرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی کۆتایی کۆبوونەوەکە. 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کە قەرەبووی زیندانیانی سیاسی رژێمی پێشوو بکاتەوە، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ھەڵەبجە.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی نێوان دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەک تێیدا مافی زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق پارێزراو بێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی ھەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ ئاسمان  نیمچە ھەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت, لە دوای نیوەڕۆدا لەناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ھەندێک لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگای سلێمانی پێشبینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت،  پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکای ناوەراستی ھەرێم لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور دەمێنێتەوە   .

ھەروەھا پێشبینی دەکات سبەی شەممە  ئاسمان لە نێوان  نیمچە ھەورو پەڵە ھەوردا دەبێت . 

بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، ئەگەری باران بارین پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و بەشێک لە موسڵ و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کە لەگەڵیدا خێرایی با زیاد دەکات و کەمێک تۆز دروست دەبێت. 
شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، ئەوە سەرەتای نزمەپاڵەپەستۆیەکە لەم وەرزەدا کە ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پاییز لەڕووی فەلەکییەوە. 

ھەر بەپێی پێشبینییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ھەفتەی داھاتووەوە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عیراق جارێکی دیک بەرز ببنەوە بەشێوەیەکی کاتی و دواتر لە کۆتایی ھەفتەدا پلەکان روو لە دابەزین بکەن.   

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە بەریتانیا دەژی، لە شاری نەرویچ دوو جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێک و دواتر وازی لێنەھێناوە و نامە و وێنەی بۆ ناردووە و بە تەلەفۆن ھەراسانی کردووە. 

 ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە لەبەردەم دادگای تاوانەکانی ئەو شارە ئامادە بووە و زیندانی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و ھەروەھا دوو تاوانی دیکەشی روبەڕووکراوەتەوە، کە وازنەھێنان و دروستکردنی دڵەراوکێ و بێزاری بووە بۆ ئەو کچە. 

ئەو کچەشی تاوانەکەی بەرامبەر ئەنجامدراوە تەمەنی لە بیستەکاندایە و لە دادگا رایگەیاندووە، شەوان ناتوانێت بخەوێت و سوکایەتی زۆری بەرامبەر کراوە و ھەست بە ترس دەکات، وتوشێتی نازانێت ھۆکاری ھەڵسوکەوتی ئەو کوڕە عیراقییە لەگەڵیدا چی بووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رائد مالکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا،  سەرجەم ناڕەزایەتی و تێبینییەکان لەسەر ھەمواری یاسای باری کەسێتی بە ھەند وەردەگیرێن و سەپاندنی ئیرادە نییە لە تێپەڕاندنی ھەمواری ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی نیگەرانن لەھەمواری یاسای باری کەسێتی، بە ھەڵە لە ھەموارەکە تێگەیشتوون و ھەمواری یاساکەیان لە رێگەی میدیا و چەند لایەنێکەوە بۆ روونکراوەتەوە، کە چەند بڕگە و ماددەیەکیان بۆ ھەمواری یاساکە زیادکردووە بوونی نییە و دوورە لە راستییەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ئامانجی سەرەکی ھەمواری یاساکە، پێدانی ئازادییە بە عێراقییەکان و سەرپشک کردنیانە لە ھەڵبژاردنی باری کەسێتیان لەسەر بنەمای دەستوور.

رۆژی ١٦ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران تەواوبوونی گفتوگۆکانی لەسەر ھەمواری یاسای باری کەسێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا وادەی دەنگدان لەسەری دیارینەکراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەدا، زنجیرە رێنماییەکانی راستەوخۆ و توند ھەیە بۆ دۆسییەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا، مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ھەر ھەڕەشەیەک و وەڵامدانەوەی ھەر ھێزێک کە مەترسی بۆ سەر سنوور دروستبکات.

ئەوەشی خستەڕو، کوشتن و دەستگیرکردنی قاچاخچیانی عیراق لەسەر سنوور، پەیامێکی یەکلاکەرەوەی حکومەتی فیدراڵە بۆ قبوڵنەکردنی ھیچ پێشێلکارییەکی سنوور و مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ھەر مەترسی و ھەڕەشەیەک.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لە پێشەنگی کارنامەی حکومەتی فیدراڵە و لەو چوارچێوەیەشدا، لەمساڵدا پشتیوانییەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاسایشی سنوورەکان سێ ھێندە زیادیکردووە، لەوانەش تەرخانکردنی بوودجە و کەرستە و کەلوپەلی پێویست و سەربازی بۆ پاسەوانانی سنوور.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7071727374...397