چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە چەک بەتەنها لەلای دەوڵەت بێت
راهۆز
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی شێخ هومام حەمودی ئەنجامداوەو، تاوتوێی رێگاکانی خێرایکردنی پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانیان کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەو کارنامانە کراوە کە لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەکەوە پێشکەش کراون و تێیاندا جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران و پشکەکانی دیکەی هەڵبژاردن کراوەتەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ رێکارە دەستورییەکان و پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوودا بگونجێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتکردووەتەوە لەبارەی پشتیوانیکردن لە داماڵینی چەک لەدەست گروپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی بۆ دەستی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشداوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە "لەرێگەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو و میکانیزمی یاسایی رونەوە، کە سەروەریی دەوڵەت بەهێز بکات و ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت".



