شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازی لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
راهۆز
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە, شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەم، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازیکرد لە محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دیدارەکەدا، خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی محەمەد حەسانی کرد و جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یۆنامی)، سەرەتایەکی نوێیە بۆ پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابوری، ژینگە، ڕۆشنبیری و مافەکانی مرۆڤ.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی یۆنامی کرد لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا. لەبەرامبەردا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی عیراق و ستایشی هەوڵە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکانی خانمی یەکەمی کرد.



