رۆژنامەی "الشرق الأوسط": بۆ هێرشکردنە سەر عیراق، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردوە
بڵند
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی "الشرق الأوسط" بڵاویکردوەتەوە، لە دوو هەفتەی رابردوودا، حکومەتی عیراق و لایەنە سیاسییەکان دوو پەیامی هۆشداریان پێگەیشتوە لە بارەی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆسەر عیراق و ناوەڕۆکی پەیامەکان باسیان لەوە کردوە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردوە تا هێرشی سەربازی دژی عیراق ئەنجام بدات.
رۆژنامەی "الشرق الأوسط" لە راپۆرتێکیدا ناوەڕۆکی دوو پەیامی ئاشکرا کردوە، کە تێیدا روشی سیاسی و سەربازی عیراقی گۆریوە و بوەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان داوای گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەوڵەت بکەن.
رۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی عیراقیەوە و ئاشکرای کردوە، وڵاتێکی دۆست، بەغدادی لەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردوە تا هێرشبکاتە سەر عیراق.
بەرپرسە عیراقییەکە وتویەتی؛ لە پەیامەکاندا پلانی زەبرە سەربازییەکان بۆ سەر دامەزراوە حکوومەتییەکانی پەیوەست بە حەشدی شەعبی، کەسایەتییە کاریگەرە سەربازی و داراییەکان، کۆگەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەربازگە و ناوەندەکانی راهێنانی ئەو گرووپانە، داڕێژراوە.
ناوبراو وتوشیەتی؛ ناوەڕۆکی دوو پەیامەکە وایکرد گرووپە چەکدارە شیعەکان، یەک لە دوای یەک، داوای گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەوڵەت بکەن بەو مەرجەی کات و ئازادی هەڵسوکەوتیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەیڵێن؛ ئەو ئەرکە نیشتمانییە، لە هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانیان جێبەجێ بکەن.
رۆژنامەی "الشرق الأوسط" باسی لەوەکردوە، بەگوێرەی زانیاریەکان، ئیسرائیل زۆر جدی بووە و پلانێکی وردی داڕشتوە بۆ هێرشکردنە سەر سەرکردە عیراقییەکان.
سەرکردەیەکی تری شیعەکانیش لە چوار چێوەی هەماهەنگی، کە ویستیبوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە رۆژنامەکەی وتوە، دوو پەیامەکە، هاوکێشەی سیاسی و سەربازی لە عیراق پێچەوانەکردەوە و وای لە سەرکردە شیعەکان کردوە پەلە بکەن لە هەنگاونان بۆ چەکدانان و بە گوێرەی زانیارییەکانیش قۆناغێ یەکەمی چەکدانان رادەستکردنی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گرووپە چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی سەربازگەکانی راهێنانە لە باکوور و باشووری بەغداد، بە حکوومەت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنی شەممە، حزبوڵای عیراق رەتی کردەوە چەک دابنێن و رایانگەیاند، تا هێزە بیانییەکان عیراق جێنەهێڵن چەکدانانێن وهیچ رێکەوتنێکیش لەگەڵ حکومەتدا ئەنجام نادەن.



