نێردەی ترەمپ بۆ عیراق:پێویستە سەرجەم گروپە چەكدارەكان هەڵبوەشێنرێتەوە
کەژان
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
نێردەی ترەمپ بۆ عیراق رایگەیاند، دەبێت سەرجەم گروپە چەكدارەكان هەڵبوەشێنەوە هیچ چەكدارێك لە دەرەوەی دەوڵەت نەمێنێت.
مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عیراق لە نوسینێكدا كە لە تۆڕی ئێكس بڵاویكردوە پێشوازی لە بڕیاری بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی عیراق دەكات بۆ دانانی چەكەكانیان وتیشی، ئەو هەنگاوە پێشهاتێكی ئەرێنیە و جێگەی خۆشحاڵییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ئەو هەنگاوە هەموو گروپە چەكدارەكان بگرێتەوە و دەبێت پرۆسەكە لە چوارچێوەیەكی نیشتمانی روون و پابەندكەردا جێبەجێ بكرێت.
راشیگەیاند، دەسەڵاتی تایبەتی هەڵگرتنی چەك و بەكارهێنانی هێز دەبێت تەنها لە دەستی ئەو دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمی شەرعیانەدا بێت كە ئەركی ڕێكخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزە چەكدارەكانیان پێ سپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عیراق و بەرگریكردن لە سەروەری نیشتمانی.
لە كۆتایی قسەكانیدا ساڤایا دەڵێت، عیراق ئەمڕۆ لە گۆڕەپانێكی یەكلاكەرەوە وەستاوە. دەتوانێ لەسەر ڕێگای سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەكڕیزی و سەروەری یاسا بەرەو پێشەوە بچێت یان دەتوانێ لە بازنەی پارچەپارچەبوون و نائەمنیدا بمێنێتەوە.



