ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی سودانی كۆدەبێتەوە و بڕیارە لە بڕگەیەكدا گفتوگۆ لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و بەغداد بكرێت.

بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، لەسەر داوای دیوانی چاودێری دارایی عیراق، بڕگەی سێی كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر شاییستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق.

پەیامنێری كوردسات نیوزیش رایگەیاند، لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی عیراق و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی زانیارییەكانیان لەبارەی شایستە داراییەكان دەخەنەڕوو، وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری خەرجكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێم و شایستە داراییەكان.