عەبادی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، دابەشبوونی سیاسی و مەترسییە سیاسی و ئابوری سەروەرییەکانی سەر عێراق، وا دەخوازێت پەیڕەوی ھاوکێشەیەکی میانڕەویانە بکرێت، بۆ ئەوەی کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکرێن و لای ھەموو لایەکیش قبوڵکراو بێت.
عەبادی مەرجی بەشداریکردنی ھاوپەیمانیەتییەکەی لە حکومەتی داھاتوودا، بەستووەتەوە بە دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی ئەوتۆ کە توانای ئەوەی ھەبێت چالاکانە لە ماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەری کێشە ئابورییەکان بکات و خزمەتگوزاری و ھەلی کار بۆ ھاوڵاتیان دەستەبەر بکات.
سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسڕ جەختیشیکردووەتەوە، ئەوان نابنە بەشێک لە حکومەت، چونکە پێیانوایە قەیران و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ھەمووان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
"جەواد ئەوجی" وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندووە، تاران بە نیازە گەشە بە کێڵگەی نەوتی "ئازادکان" بدات کە کێڵگەیەکی ھاوبەشە لەگەڵ عێراق و یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتیەکان.
ڕاشیگەیاندووە بۆ یەکەمجار لە مێژووی پیشەسازی نەوتی ئێران پلانێکی گشتگیر بۆ ئەو کێڵگە نەوتیە جێبەجێ دەکرێت و بە بڕی ٧ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی تێدادەکرێت کە لە بانکە حکومی و تایبەت و ئابورییەکان و سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانیەوە ئەو پارەیە تەرخان دەکرێت، ئامانجیش لەو ھەنگاوە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتە لە کێڵگەی نەوتی "ئازادکان" بۆ ٥٧٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
خالد بەتال نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجامی ڕووپێوییەکی وەزارەتەکەی بۆ ھێزی کار بڵاوکردەوە کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ناوەندی ئامار و بەھەماھەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە.
بە پێی ڕووپێوییەکە، کەسانی تەمەن ١٥ ساڵ ٦٤٪ی کۆی دانیشتوان پێکدەھێنن، کە ٥٠٪یان نێر و ٥٠٪یان مێن.
ھەروەھا توێژی گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵان ٢١٪ و تەمەن ٢٤ ساڵ بۆ سەرەوەش ٤٣٪ی دانیشتوان پێکدەھێنن. ڕێژەی بێکاریش دەگاتە ١٦.٥٪.
وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا نەتوانراوە سەرژمێری گشتی دانیشتوان بکرێت، بۆیە پێویستییەکی زۆریان ھەبوو بە ڕووپێوییەک بۆ زانینی واقعی بازاری کار لە پێناو دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بێکاری.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ھۆکاری سەرەکی دووبارە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا، کەمتەرخەمی ھاوڵاتیانە لە خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی داتاکانی بەشی خۆپارێزی لە وەزارەتی تەندروستی، وەرگرتنی ڤاکسنی دژی کۆرۆنا لە ژەمی سێھەمدا وەستاوە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی جیھان کار لەسەر وەرگرتنی ژەمی پێنجەم دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕوونیشیکردووەتەوە، خۆپارێزی تەندروستی تەنھا لەڕێگەی بەھێزکردنی متمانەی نێوان ھاوڵاتی و حکومەت بەدی دێت.
دەستەی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمرۆ لە ھەردوو ناوچەی باکور و ناوەڕاست، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکان گەرما وەک ڕۆژی پێشتر دەبێت.
سەبارەت کەشی ناوچەکانی باشور پلەکانی گەرما بە تەواوی بەرز دەبنەوە و لە شاری بەسرەی باشوری عێراق پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە کەشی ڕۆژی سێشەممە، لە ناوچەکانی باکور و ناوڕاست ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە ڕۆژانی ڕابردوو.
لە ناوچەکانی باشور پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرز بوونەوە دەکات و لە ھەندێک شوێن خۆڵبارینێکی کەم دەبێت.
سەبارەت بە کەشی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی داھاتوو، کەشوھەوا لە سەرانسەری عێراق ساماڵ دەبێت و، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشتر، ھاوشێوەی ڕۆژی ڕابردوو دەبێت.
وەزارەتی دادی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەرمانگەی چاکسازیی، ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتۆتە بەر، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە گواستنەوەی زیندانیان و دڵنیایی لەوەی بە زوترین کات ببرێنە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی چارەنوسیان یەکلایی بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم میلاکاتی گواستنەوە و پێشوازی لە زیندانییەکان و لیژنە یاساییەکان و دەستەی پاسەوانی، چەندین سەعات دوای دەوامی فەرمی دەمێننەوە، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە سەیرکردنی کێشە و داوای تۆمارکراو لەسەر زیندانیەکان،
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردۆتەوە، لە وێستگەیەکی ئاوی خواردنەوە لە قەزای قەلعە سوکەر لە باکوری پارێزگای زیقار، بوتڵێک غازی کلۆر تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە ٣١٠ کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، زۆرینەشیان چارەسەریان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان بەجێھێشتووە.
"محەمەد ھادی غەزی" پارێزگاری زیقاریش رایگەیاندووە، تەواوی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون و ھۆکاربوون لەو رووداوە، لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە.
ھێزەکانی پۆلیسیش رایانگەیاندووە، ئەو بوتڵە غازە بەھۆی کۆنی و خورانی بۆری غازەکە و بەرزی پلەی گەرماوە تەقییوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەتی تەنگەنەفەسی بەھۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە لە ھەموو پارێزگاکان تۆمارکراوە. وتیشی، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ھەموو نەخۆشەکان بارودۆخیان باشتربووە و ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە تەنگەنەفەسی تۆمارنەکراوە.
ئەمساڵ نزیکەی ١٥ شەپۆلی چڕی خۆڵبارین پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەھۆیەوە سەدان کەس تووشی تەنگەنەفەسی و نەخۆشی بوون.
راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەت لە نوێترین نوسراویدا کە ئاڕاستەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکی کردووە، بە بیانوی جیاواز کارتی نیشتەجێبوون لە ھاووڵاتیانی رەسەنی شاری کەرکوک وەردەگرێتەوە، بۆ بێبەشکردنیان لە کارتی نیشتەجێبوون ئەگەر لە دەرەوەی کەرکوک نیشتەجێ بن، ھەروەھا ئاستەنگ لەبەردەم کاروبارەکانیان لە بەردەم دامەزراوەکانی کەرکوک دروست دەکات.
راکان جبوری بەو نوسراوەشی رەوایەتی دەدات بە ھاتنی ھاوردەکان بۆ کەرکوک.
"عارف حەمامی" ئەندامی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان میکانیزمەکانیان بۆ دیاری کردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ تەواو کردووە، بەڵام بەبێ دیاری کردنی سەرۆک کۆمار پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکومەت زیاتر دوادەکەوێت. "عارف حەمامی" وتیشی، لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەو لایەنانەدایە کە رێکنەکەوتوون و چوارچێوە ھیوادارە لە چەند رۆژی داھاتوودا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکھێنانی حکومەت رێکبکەون، تاوەکو کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بھێنن.
عەممار حەکیم رایگەیاند، عێراق پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانییە، کە توانای دڵنیاکردنەوەی گەلی عێراق و گەڕاندنەوەی متمانەی بۆ پڕۆسەی سیاسی و سیستمی سیاسی ھەبێت، وتیشی، حکومەتێکی یەکگرتوی نیشتمانی و تیمێکی گونجاوی لێھاتوو، پەیامێک دەبن بۆ گەلی عێراق و پێدانی ئومێدە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.
عەممار حەکیم راشیگەیاند، پابەندن بە یەکگرتویی وڵات و پڕۆسەی سیاسی، بۆ پاراستنی مافەکانی ھەمووان و جەختدەکەنەوە لە چارەسەکردنی تەنگژەکان، لە رێگەی ئەو میکانیزمانەی پڕۆسەی سیاسییان لەسەر بەندە بۆ چاکسازیی لە ھەڵەکان.
"وەلید موسەوی" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کە لە کەرتی نەوت لە کێڵگەکانی باشوری عێراق کار دەکەن، پابەند نین بە پاراستنی ژینگە و ماددەی ٢٠ پێشێل دەکەن، داواش لەو کۆمپانیایانە دەکەن تەکنیکی نوێ بەکاربھێنن بۆ چارەسەرکردنی ئاستی پیسبوونی ژینگە کە لە ھەڵمەتەکانی دەرھێنانی نەوت و غازەوە زیادی کردووە.
راشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەسرە چەند کۆمپانیایەکی بیانی ئاگادار کردووەتەوە لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر کەش و ھەوا و تەندروستی گشتی.
بەسرە یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکان لە عێراق کە کێڵگەی نەوتی لەخۆدەگرێت و روبەڕووی کێشەی ژینگەیی گەورە بووەتەوە، چونکە ئاستی بەرھەمھێنان و سوتانی غاز لەو پارێزگایە زۆر بەرزە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سعودیە رایگەیاند، ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی شاری جدەی سعودیە دەکات و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، سەردانەکەی کازمی لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سعودیە و ئێراندایە و سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەنجامی سەردانەکەی ھەفتەی رابردووی بۆ ئێران بە لێپرسراوانی باڵای ریاز دەگەیەنێت.
رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی مانگی رابردوو، مستەفا کازمی سەردانی سعودیە و ئێرانی کرد، ھەفتەی رابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمنزیکانە خولی شەشەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ سعودیە لە بەغداد دەستپێدەکەنەوە، سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، دانوستانەکانی ئەمجارە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی دەبن.
عەباس جەھانگیز، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیس، دوایین ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی چەمشکۆ لە پارێزگای دھۆک بەھۆی ھەڵەیەکی کارەباوە بووە، بەڵام مەرج نییە ھەموو ئاگرکەوتنەوەکان کارەبا بێت و تا ئێستا ھۆکاری ھەندێک لە ئاگرکەوتنەوەی کەمپەکان ئاشکرا نەکراوە.
سەبارەت بە پێشنیازەکانی پەسەندکردنی دروستکردنەوەی کەمپە سوتاوەکان بە بلۆک، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جەختیکردەوە، دروستکردنی کەمپەکان پێچەوانەی ئاڕاستەکانی حکومەتی ناوەندی و ھەرێمە، چونکە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان ئاڵۆز دەکات.
وتیشی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئارەزوی چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی ئاوارەکان و ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی گەڕاندنەوەیان بۆ ماڵەکانیان دەکات، بە تایبەتیش گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزای شەنگال.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان لە پارێزگای نەجەف توانیویانە لە ئۆپراسیۆنێکدا دەست بەسەر ھەزار و ٥٠٠ تۆن گەنمدا بگرن کە بە شێوەیەکی نادروست ھەڵگیرابوون و ھەوڵدراوە بە قاچاخ بفرۆشرێن، ھەروەک، لە پارێزگای دیوانیەش، دەستیان بەسەر ١٩٠ تۆن گەنمدا گرتووە کە لە سەر پێنج بارھەڵگر بوون و خاوەنەکانیشیان دەستگیر کراوە، لە ھەمان پارێزگا دەستیان بەسەر ١٥ تۆن برنجدا گرتووە کە لە کۆگاکان دزرابوو و دەبوو ئەو برنجە بۆ سەبەتەی خۆراکی مانگانەی ھاوڵاتیان دابەش بکرێت و فرۆشتن و بازرگانیکردن پێوەی قەدەغەیە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکراشیکرد، لە پارێزگای نەینەوا دەستیان بەسەر ١٤٠ تۆن گەنمدا گرتووە کە لە بازاڕی ڕەش ئامادەکرابوو بۆ فرۆشتن و خاوەنەکانیان دەستگیرکراوە، لە پارێزگای واستیش ٢٨ تۆن گەنمەشامی دەستی بەسەرداگیراوە کە مەبەستیان بووە بە قاچاخ ڕەوانەی پارێزگای بابلی بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئامارەکانی ئاگرکەوتنەوە و زیانەکان و ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٣ ھەزار و ٦٠٠، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکان، جگە لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ڕاشیگەیاند، ٤٧٪ی ئاگرەکان بەھۆی شۆرتی کارەباوە ڕوویانداوە و زۆرینەی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە پارێزگای بەغداد بوون.