لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی کردەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابووری و بەرزکردنەوەی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام و دابینکردنی ژینگەیەکی باش بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ئیرادەیە، و توانا و وزەی ھەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی گشتگیر، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە پێشخستنی گەشەپێدانی ناوخۆیی بەردەوام لەڕێگەی بنیاتنانی ھاوبەشی ستراتیژیی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێت.
لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان شانازیی بانکەکەی بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ عێراق دەربڕی و ستایشی سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابووری کرد، ھەروەھا جەختی لەسەر پەرۆشی بانکی ئەوروپا کردەوە بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری ھاوبەش لە ئاستە جیاجیاکاندا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی کردووەتەوە لە گرنگی پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەستە بە ژمارەیەک لە پرس و تەوەرەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی، ھاوکاری حکومەتیش دەکات لە جێبەجێکردنی بەرنامە و ستراتیژییەکانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
پێشتریش لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٩٥%ی رەشنوسی پڕۆژەیاساکە کۆتایی ھاتووە، بەڵام چەند تێبینی و وردەکارییەک ھەیە کە رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دواخستووە، کە بڕەکەی ١٤٠ ترلیۆن دینارە و ٨٠ ترلیۆن بودجەی بەکاربردن و ٦٠ ترلیۆن بۆ بودجەی وەبەرھێنان دیاریکراوە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکەدا، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە "ئۆدیلە رینۆ باسۆ" سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی، بەتایبەت سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابوری و زامنکردنی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا رەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابوری بەردەوام کە گرنگە بۆ ئاسانکارییکردن لە رایکردنی کاروبارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ویست و توانا و وزەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی.
سەرۆک کۆمار داوای ھاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ پاراستنی جووڵەی بازرگانی خۆراکی جیھانی و رێگریکردن لە پەککەوتنی بە شێوەی زنجیرەیی، بە شێوەیەک کە ئاسایشی خۆراکی جیھانی پەرەپێبدات.
لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندی بانکی ئەوروپی لەگەڵ عێراق کرد و سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابوری بەرزنرخاند.
ھەر لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە خاتوو "نەگلا بودین" سەرۆک وەزیرانی تونس. لەو دیدارەشدا، باس لە پەرەپێدانی ھاریکاری و چالاکی گەشتیاری ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە دامەزراوە گرنگەکانی گەشتیاری لە عێراق و تونس کرا، ھەروەھا پێشھاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێکرا.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند عێراق بە قۆناغێکی پێشکەوتن و گەشەسەندندا تێدەپەڕێت و پڕۆژەی ستراتیژی و گەشەپێدان ھەیە بە مەبەستی باشترکردنی بواری خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەیی بۆ عێراقییەکان.

سەرۆک کۆماری عێراق لە شوێنی مانەوەی لە داڤۆس چاوی کەوت بە سوڵتان ئەحمەد بن سەلمان سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان و سوھێل بەنا ئەندامی کۆمپانیاکە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا.
لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بە پاشەکشێی ژێرخانی ئابوری عێراق لە دەرئەنجامی جەنگ و ململانێکان و پێداگری حکومەتی ئێستای دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان لە سایەی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری.
رونیشیکردەوە، بوارێکی زۆری کارکردن و دەرفەتێکی بێشومار ھەیە بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت لە عێراق کاربکەن، لەو ڕوەوە دووپاتیکردەوە، عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێشەنگی کارەکان، بەو پێیەی خاوەنی وزە و توانایەکی گەورەیە بەراورد بە وڵاتانی تر.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، عێراق دەخوازێت ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا جیاوازەکان بەھێز بکات بۆ پەرەپێدانی کاری وەبەرھێنان و بازرگانی و بونیادنانی ھاوبەشی ستراتیژی و کاراکردنی رۆڵی ئابوری، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان.
لای خۆشییەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان، خواستی خۆی پیشاندا بۆ دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی گەورە لەو شوێنانەی دەرفەتی وەبەرھێنان ھەیە، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە پێشکەوتنەکانی عێراق بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان کە نمونەییە و دەکرێت چاوی لێبکرێت.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتە سیاسی و ئە منییەکانی عێراق تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە گرنگی یەکخستنی ھەوڵ و دیدگاکان بۆ وەستان بەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەرووی عێراقیەکان دەبێتەوە، ھاوکات باس لە ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرا و تەئکیدکرایەوە لە گرنگیدان بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی ھەرێم کاری لە پێشینە بێت لە ھەموو ئاستە جیاجیاکاندا، بەتایبەت بڕیارەکانی حکومەت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بژێوی و ژیانی ھاونیشتمانیان ھەیە.
د. لەتیف رەشید بە پێویستی زانی بەرژەوەندی نیشتمانی بخرێتە سەروو ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و چارەسەری یەکلاکەرەوەیان بۆ بدۆزرێتەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسا، ھەروەک جەختیکردەوە لە گرنگی پەسەندکردنی پڕۆژەی یاسای نەوت و گاز بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ھێنانەکایەی شەفافیەت لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لەنێوان عێراقییەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم جەختیکردەوە لە سەر پێویستی ھێنانەکایەی دیالۆگی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھێزە سیاسییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە یەکڕیزی نێوان عێراقیەکان بپارێزێت و خواستەکانیان بەدیبێنێت.
یوسف نەوفلی ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان رایگەیاند، ماوەی ٢٦ ساڵە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق کراوە و بۆ ئەنجامدانی لە قۆناغی داھاتوودا پێویستە توێژینەوەی نوێ بکرێت و پێداویستییەکانی بۆ دەستبەربکرێت لەپێناو دەرخستنی ژمارەی راستەقینەی دانیشتوان.
وتیشی، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەر ژمێری کراوە و پارەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاستەنگی دروستکردووە و پێویستە بەر لە ئەنجامدانی ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ بە شێوازی ئەلکترۆنی و بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامبدات، بەو پێیەی پرۆسەکە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت دابەشکردنی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان پارێزگاکاندا.
"سۆزان مەنسور"بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکارییان بەسەرداھاتووە، لە دانیشتنی ئەمرۆدا جارێکی تر دەنگ لە سەر لیژنە ھەمیشەییەکان درایەوە.
وتیشی، تائێستا دەنگدان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکان نەکراوە، ھیچ وادەەیک بۆ دەنگدان لەسەر ئەو دەستەیە دیاریی نەکراوە، بۆچونی جیاواز لەسەر دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکان نەدراوە.
رایگەیاند، پێویستە پێش ھاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، دەنگدان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتییەکان تەواو بکرێت.
"کازمی" لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح" رایگەیاند، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی تر داوای لە حکومەت کردووە پڕۆژە یاسای بودجە بە زووترین کات رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
وتیشی، پشکی ھەرێم کە نزیکەی ١٣% دەبێت، بووەتە ئاستەنگ بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی کردەوە لەوەی گرنگە زانیاری تەواو ھەبێت سەبارەت بە ھەناردەی نەوت و داھاتی دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان و ژمارەی فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنی سیاسی پێشوەختە کراوە و دەبێت لایەنی کوردیش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بگەنە رێککەوتن سەبارەت بە پشکی ھەرێم لە بودجە.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەھۆی خراپی رەوشی کەشوھەواوە کە ئاستی بینین بۆ ١٥٠ مەتر کەمبووەتەوە، ئەمڕۆ گەشتەکانیان راگرتووە.
ھەر پەیوەست بە خراپی رەوشی کەشوھەوا، دیوانی پارێزگای دیوانیە بڵاویکردەوە، سەعاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەمکراوەتەوە و ئەمڕۆ لە سەعات نۆی بەیانییەوە دەوام دەستیپێکردووە.
داواشی لە شۆفێران کرد، بە وریایی و پابەندیی بە رێکارەکانی ھاتوچۆ مامەڵە بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە رووداوی ھاتوچۆ.
ژمارەیەک پەرلەمانتارانی عێراق کە بۆ میدیاکانی عێراق قسەیان کردووە دەڵێن، سودانی کودەتای بەسەر بەڵێنەکەی سەبارەت بە ھێزە بیانییەکان لە بەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا کردووە و پابەند نەبووە پێوەی، کە رەنگە ئەوەش شکستی حکومەتەکەی لێبکەوێتەوە.
سەرکردەیەکیش لە ھاوپەیمانی فەتح کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە دەڵێت، لە نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بیروڕای جیاواز لەسەر مانەوەی ھێزە بیانییەکان دروست بووە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٢٠ دەنگیدا بە کردنە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزە بیانییەکانی تر، بۆیە دەبێت بە یاسا بکرێنە دەرەوە و پەیوەندی بە لایەنێکی دیاریکراوەوە نییە.
"سودانی" لە چاوپێکەوتنێکیدا کە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندبوو، عێراق ھێشتا پێویستی بە ھێزی بیانی ھەیە، چونکە ھەڕەشەی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن. وتیشی، رۆڵی ھێزە بیانییەکان تەنھا مەشق و راھێنانە و جەنگی نییە.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی چوارشەممە دواخراوە، بەبێ ئەوەی ھۆکاری دواخستنەکە روون بکرێتەوە.
دوێنێش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە کارنەمەکەیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ سێ پرۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ دوو پرۆژەیاسا و دەنگدانیش لەسەر بە ئەندامبوونی چەند پەرلەمانتارێک لە لیژنە ھەمیشەییەکاندا لەخۆگرت.
بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە ٣٨ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلاری بە کاش و ٢٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵە خستۆتەروو.
لەکاتی کردنەوەی بازاری دراو لەھەرێمی کوردستان و عێراق ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٦٠ ھەزارو دینار بوو، بەھای دینار پاش چەند سەعاتێک زیاتر دابەزی و سەد دۆلار بە ١٦١ھەزارو ٥٠٠ دینار بوو کە نزمترین ئاستی بەھای دینار بوو بەرامبەر دۆلار لەمڕۆدا، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاری دراو، سەد دۆلار بە ١٦٠ ھەزار و ٥٠٠ دینار جێگیربوو.
ئەمڕۆ بۆ دووەمین رۆژ، کۆڕبەندی ئابوری جیھان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بە ناونیشانی "ھەماھەنگی لە جیھانێکی پەرتەوازەدا" بەردەوامە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری جیھان لە داڤۆس دەکات بەمەبەستی جەختکردنەوە لە گرنگی رەخساندنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ عێراق و رۆڵی زیندووی لە ناوچەکە و جیھان، کارکردن لەسەر شەراکەتی ئابوری بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ھاوڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بێت لەرێگەی پڕۆژەی گرنگ و بنیاتنانی ژێرخان و ھەماھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا کە روبەڕووی عێراق و ناوچەکە و جیھان بووەتەوە.
لە کۆڕبەندی ئابوری جیھان لە داڤۆس، ٥٠ سەرۆک و سەرۆکی حکومەت و ٢٥٠٠ سەرکردە و نوێنەری وڵاتان بەشدارن، لە نێویاندا "د. لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق.
تورکی جەدعان پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانی ھاوپەیمانی سیادە و دەستلەکارکێشانەوەکان، ھەوڵەکان بۆ لابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەکەی لەلایەن سوننەکانەوە چەند ھەفتەیەکە زۆر جدییە و بووەتە جوڵانەوەیەکی راستەقینە، بەتایبەتیش دوای دەستلەکارکێشانەوەی لەیس دلێمی پەرلەمانتار کە بە وتەی خۆی محەمەد حەلبوسی ھەڕەشەی لێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەکەی بەدوور نازانن و تۆپەکەش لە گۆڕەپانی لایەنە سوننەکاندایە، چونکە ئەو بابەتە کێشەیەکی ناوخۆییەو پەیوەندی بە لایەنەکانی ترەوە نییە.
لەما موسەوی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراک سەر بەوەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رابردودا ئەو کەسانەی مووچەی مانگانەیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕابوو، ئێستاش بڕیارەکە گۆڕاوە بۆ ئەوانەی مووچەیان لە دوو ملیۆن زیاترە، بەڵام تائێستا بۆ ئەو مەبەستە ژمارە و ناوی ئەو کەسانە و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیان بەدەست نەگەیشتووە.
وتیشی، گۆڕانکاریکردن لە بەشەخۆراک تەنھا لە دەسەڵاتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراکدایە و بۆ بەرژوەندی ھاوڵاتیانیش گۆڕانکاری دەکەن، بەتایبەتیش لە پاقلەمەنییەکان، جەختیشیکردەوە، گۆڕانکارییان لە جۆری برنجیش کردووە و بۆ دوو مانگی داھاتوو برنجی ئەمریکی و ئۆرۆگوایی بەھاوڵاتیان دەدرێت.