دەستەی دەستپاکی: گەندەڵییەکی زۆر لە دابینکردنی خۆراکی گرتووخانەکاندا ھەیە
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو، بۆیان دەرکەوتووە زۆرترین گەندەڵی ھەیە لە گرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ گرتووخانەکانی عێراق، راشیگەیاندووە، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکھێناوە بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم راستییەکانی تایبەت بەو دۆسێیە.
دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، لیژنەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت سەردانی سەرجەم ئەو دامەزراوانە دەکات کە پەیوەندییان بەگرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ گرتووخانەکان ھەیە، جەختیشیکردووەتەوە، بەپێی زانیاری و بەڵگەکان ئەو خۆراکانەی لە گرتووخانەکان دەدرێنە بەندکراوان، لەئاستی ئەو پارەیە نییە کە حکومەت بۆ ئەو مەبەستە خەرجی دەکات.