پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، کەریم شکور لە فراکسیۆنی یەکێتی بە جێگری دووەمی لیژنەی دەستپاکی و سۆزان مەنسور بە جێگری یەکەمی لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان ھەڵبژێردرا، ھەروەھا رێبوار ھادی لە فراکسیۆنی پارتی بۆ سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئیخلاس دلێمی بە جێگری دووەمی لیژنەی دارایی و نەھرۆ مەحمود بە جێگری دووەمی لیژنەی نەوت و غاز ھەڵبژێردرا.
ھاوکات تا ئێستا لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی، سەرۆکایەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی دەستپاکی و لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان و لیژنەی یاسایی و دارایی و پلاندانان و نەوت و غاز و کشتوکاڵ و لیژنەی گواستنەوە یەکلایی کراونەتەوە، ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکانی تر ھەڵگیرا بۆ رۆژی دوو شەممە.
عەلی مەشکور لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرچەندە بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە، بەڵام نەناردنی پارە بۆ ھەرێم بۆشایی نێوان ھەرێم و بەغداد زیاد دەکات و دەبێتە مایەی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە پێویستە ھەرێم و بەغداد لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر داڕشتنێکی ھاوسەنگ کە گەرەنتی ناردنی مووچە بۆ ھەرێم و ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بکات.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، چارەسەری کێشەی رادەستکردنی نەوت زەحمەت نیە، بەڵام رێگری لە رادەستکردنی نەوت چارەسەری کێشەکانی زەحمەت کردووە، داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن بە شێوەی گوژمە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت، لەبەرئەوەی پێویستە لەسەر حکومەتی فیدراڵ وەک ھاووڵاتی عێراقی گرنگی بە فەرمانبەرانی ھەرێم بدات.
سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فرانس ٢٤ رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ فەرەنسا دەبێتە گواستنەوەیەکی جۆری لە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و لە رێگەی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی کە ٥٠ بوار لەخۆدەگرێت، مۆرکێکی ستراتیژی وەرگرتووە.
سەرۆک وەزیران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغداد ئاماژەی بەوەکرد، یاسای بودجە بەشێکی زۆری کێشەکانی ناردنی پارە بە پێی دەستور چارەسەر دەکات و دواتریش کار بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دەکەن کە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت رێکدەخات.
وتیشی، عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نیە، بەڵکو پێویستی بەھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
سودانی دوپاتیشیکردەوە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئێران و سعودیە داوەو بەمنزیکانەش گەڕەکێکی تری دانوستانەکانی ھەردوو وڵات لە بەغداد رێکدەخەن، رونیشیکردەوە، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق کارێکی رەتکراوەو ئیدانەکراوەو دیالۆگ باشترین رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تورکیاو ئێران.
سودانی رۆژی پێنج شەممە سەردانی فەرەنسای کردو دوای ئیمزاکردنی ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامە گەڕایەوە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەھۆی ئاڵۆزبوون و ناجێگیری رەوشی ئەمنی ئۆکراین و فراوانبوونی بەرەکانی شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و روسیا، لە پێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی عێراق، بڕیاریانداوە سەرجەم کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراین رابگرن.
راشیگەیاندوە، بڕیارەکە کاتییە و ھەر کاتێک دڵنیابوونەوە لەوەی مەترسی لەسەر باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکراین و ھاوڵاتیانی عێراق نامێنێت و رەوشی ئەمنی ئۆکراین بەرەو باشی دەچێت، جارێکی تر کارەکانی باڵیۆزخانەکە دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی دادی عێراق لەراگەیەندراوێدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی سەرجەم ئەو ھەوڵانە دەکەن کە تایبەت بە رەوشی مافی مارۆڤ لەگرتووخانەکانی عێراق ھەیە، بەڵام سەرجەم ئەو زانیارییانەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر گرتووخانەی ناسریە بڵاویکردووەتەوە کە بەندکراوان ئەشکەنجە دەدرێن و مافەکانیان پیشێل دەکرێت، دوورن لەراستییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە دڵنیابوونەوە لە ناڕاستی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، لیژنەیەکی لێۆکڵینەوەیان پێکھێناوە و پێشتریش سزای توند بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە لە گرتووخانەکاندا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، داواشی لە پەرلەمانتارەکە و لیژنەی مافی مرۆڤیش کردوە سەردانی گرتووخانەی ناسریە بکەن.
ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دادی عێراق دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانتار رەعد دەھلکی رایگەیاندبوو، لە گرتووخانەی ناسریە مافی بەندکراوان پێشێل دەکرێن و بە شێوەیەکی نامرۆڤانەش ئەشکەنجە دەدرێن.
جاسم عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق رایگەیاند، دادگا پابەندە بە جێبەجێکردنی دەستور و یاسا و پێویستە ئەوە لە بڕیارەکانیدا لەبەرچاو بگرێت.
وتیشی یاسای بودجەی گشتی فیدرالێ ساڵی ٢٠٢١، لە مادەی ١١یدا رێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم، ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٠، دیاری کردوە، لە بەرئەوە ئەنجومەنی وەزیران بۆی نییە ھیچ بریارێک بدات، کە پێچەوانەی یاساکە بێت، بە تایبەتی کە ئەنجومەنی وەزیران تاکە لایەنی بەرپرسیارە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی دەستوور.
قسەکانی سەرۆکی دادگای باڵای فیدرالی دوای کاردانەوەکانی ھەرێمی کوردستان دێت دەربارەی بریاری راگرتنی ناردنی ٤٠٠ ملیارەکەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە.
لە یاداشتێکدا کە ٧٩ پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و دەست "کوردسات نیوز" کەوتووە، داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە وادەی دانیشتنێک دیاری بکات بۆ بانگھێشتکردنی "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی دابەزینی بەھای دینار و ھەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی.
"کاروان یاروەیس"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا ٧٩ ئیمزا کۆکراوەتەوە دەدرێت بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکان.
سەبارەت بەکۆبونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی نوێنەران، "کاروان یاروەیس"ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک تەواو کرا، کەپێشتر لە بەرنامەی کاردابوون، کۆبونەوەکەش بۆ رۆژی دوو شەممەی داھاتوو ھەڵگیرا.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، ئامانج لەو ھەنگاوە باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی خەرجیی تۆڕەکانی ئینتەرنێتە لەسەر ھاوڵاتیان.
بەپێی پلانەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئینتەرنێتی خۆرایی مانگانە بەبڕی ١٠ گێگابایت بۆ ھاوڵاتیانی ھەژار دابین دەکرێت، ھەروەھا خزمەتگوزاری دابینکردنی ١٠٠ گێگابایت بە نرخی ١٠ دۆلار بۆ مانگێک پێشکەش دەکرێت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی بۆ سبەینێ بڵاوکردووەتەوە کە شەش تەوەر لە خۆدەگرێت و بریتین لە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک، بەڵام ھیچ تەوەرێکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا نییە، لەکاتێکدا لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک زۆری پەرلەمانتاران بۆ بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی چەند جارێک ئیمزایان کۆکردەوە.
فراکسیۆنی ئیشراق و دەنگی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش لە نوسراوێکیاندا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایانکردووە بۆ تاوتوێکردنی دابەزینی بەھای دینار محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگھێشتبکرێت.
زیا جەعفەر دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا تایبەت بە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکە کە بە دزیی سەدە ناسراوە، دەرکەوتووە چەندین لێپرسراوی باڵای حکومەتی پێشووی عێراق پەیوەندییان لەگەڵ نور زوھێر تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە ھەیە و بەردەوامیش ھەوڵدەدەن دۆسییەکە لە بەرژوەندی خۆیان کۆتایی پێبھێنن.
وتیشی، ھەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانیش بە نھێنی نێوەندگیری بۆ نور زوھێر تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە دەکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکەی بە ئاراستەیەکی تردا بەرن، بەڵام ھەر ئەو سیاسییانە لە میدیاکانەوە بە شێوەیەکی تر قسە دەکەن وەک ئەوەی پشتیوانی لە حکومەت بکەن بۆ لەناوبردنی دزیی و گەندەڵی.
مەھدی تەقی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان پەیوەندی بە سکاڵای راگرتنی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو پابەندن بە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد بە دانوستان و لەسەر بنەمای دەستور، کە لەچەند رۆژی رابردووشدا بەرەوپێشچوونی باش بەدیھاتبوون.
مەھدی تەقی وتیشی، رێز لەو بڕیارانە دەگرن کە لە دادگای فیدراڵییەوە دەردەچێت و دەبێت تەواوی لایەن و لێپرسراوان جێبەجێبکەن، حکومەتی سودانیش دەبێت پابەندبێت پێوەی، بۆ ئەوەش ھەنگاوەکان بۆ کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و دانوستان دەستیپێکردووە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی سەبارەت بە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
بە پێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ژمارە ٢٠١٥ کە ١٥/١/٢٠٢٣ بە ناونیشانی گواستنەوەی دۆسیەی ھاووڵاتییان بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالە و بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی لە کەرخ و رەسافە کراوە و بڕیاردراوە بە راگرتنی ھەموو مامەڵەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەیانگرێتەوە.
لەو نووسراوەدا کە ئیمزای لیوا ریاز جوندی کەعبی بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی بەوەکالەتی لەسەرە ھاتووە، تایبەت بە دۆسیەی ئەو ھاووڵاتییانەی دۆسیەکانیان بە ئەلکترۆنی کراوە لەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە و ژمارەی نیشتمانییان پێدراوە و زانیاریی بایۆمەترییان جێگیرنەکراوە فەرمانکراوە بە فەرمانگەکانی باری شارستانی بەگەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەو ھاووڵاتییانە و ھاوشێوەیان بۆ فەرمانگەکانی باری شارستانیی پێشوو، تائەو کاتەی ماددەی ١٤٠ یەکلایی دەبێتەوە.
ھاوکات فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکاندایە و ھەموو ئەو مامەڵانەی پێشتر کراون بۆ گواستنەوەی ناسنامەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و بۆ داھاتووش رێگری لە مامەڵەی نوێی گواستنەوەی ناسنامە دەکات بۆ ناوچە کوردستانییەکان.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و لە درێژەی ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە ئەنجامدراون بۆ بەدواداچوونی قاچاخچییەکانی بەرھەمە نەوتییەکان و ئەو کەسانەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی پێوەدەکەن لە پارێزگاکانی "بەغداد و نەجەف و کەرکوک و نەینەوا و قادسیە و دیالە و بابل" دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، قاچاخچییەکان ھەوڵی ئەوەیاندەدا ئەو نەوتە بەشێوەی قاچاخ لە ناوچە جیاجیاکان بگوازنەوە و پاشانیش بە ھاووڵاتیانی بفرۆشنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک کۆگای تایبەتیان ئامادەکردبوو.
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر ٢٠ تانکەردا گیراوە، ھەروەھا ٢٩ تۆمەتباریش دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای حکومەت و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کەرتی کاری فەرەنسا کۆدەبێتەوەو لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ھەماھەنگییەکان، رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرھێنان و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری ئیمزا دەکرێت .
ھەروەھا ھەردوو وڵات یاداشتنامەیەکی دوو قۆڵی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و رادەستکردنی داواکراوان ئیمزا دەکەن، جگە لەوەش سەردانەکە ئیمزاکردنی ژمارەیەک یاداشتنامەی تر لە بواری وەبەرھێنان و وزە و کەرتی نەوت و وزەی پاک و وەبەرھێنان لە گازی سروشتی لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە ئاماری مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاویکردەوە، داھاتی نەوتی عێراق بەبێ ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێژەی ٤.٢٩٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٧. ملیار و ٧٠٨ ملیۆن دۆلار.
ھاوکات ھەناردەی عێراق لە نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی ١.٦٨٪ بەرزبووەتەوە.
عێراق زیاتر لە ٦٥٪ی نەوتی خاو بۆ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ئاسیا بە تایبەت چین و ھندستان ھەناردە دەکات، بڕەکەی تریش رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکات.
تۆڕی (زە عەرەب ویکلی) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێستا کاتێکی گونجاوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی و چەقی چالاکییەکانیشی دژایەتی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران دەبێت.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕەکە، سەدر لە میانی پێشوازیکردنی لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئاماژەی بە نزیکی گەڕانەوەی بۆ پرۆسەی سیاسی کردووە و ھێرشی کردووەتە سەر لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران و وشەی کەنەداوی عەرەبی بەکارھێناوە لەبری کەنداوی فارس و داوای لە یاریزانەکان کردووە خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی بکەن، لەبەرئەوەی زۆرێک لە سیاسییەکانی عێراق کە لە ئێران بوون عەرەبییەکەیان فارسی بەسەردا زاڵە.
ئاشکراشیکردووە، سەدر ھەوڵی قۆستنەوەی ئەو پەرتەوازەییە دەدات کە لەنێو چوارچێوەی ھەماھەنگی دەرکەوتووە، لە دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان نوری مالکی و قەیس خەزعەلی.
موقتەدا سەدر لە ٢٩ی ئابی ساڵی رابردوو دوای چەندین ھەوڵ بۆ پێکھێنانی حکومەت لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی چوونە ناوچەی سەوز و روبەروی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونەوە.