ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، توانیان بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش بگەڕێننەوە عێراق و دەستگیریان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخی یەک، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی تیرۆریستانی داواکراو لە دەرەوەی وڵات بۆ عێراق، توانیویەتی بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری تایبەتمەندی دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخ، بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی لە عێراق دەستگیرکراون و وتەیان لێوەرگیراوە، ھاوکات لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ئەسما محەمەد ھاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی لە لێکۆڵینەوەکانیدا دانی بەوەداناوە کە بەغدادی تەنھا لەخەمی ژیانی خۆیدا بووە و ھیچ باکی نەبوو لە کوژران و لە ناوچوونی کەسە نزیکەکانی خۆی.
ساڵی ٢٠١٤ ئەبوبەکر بەغدادی خۆی وەک خەلیفەی داعش ناساندو لە ساڵی ٢٠١٩ بە بۆردومانی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کوژراوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران بەسەردانێکی رەسمی بەغدادی بەرەو ھۆڵندا جێھێشت.
سەرۆکوەزیران رۆژی ٦ی ئەم مانگە بانگھێشتنامەیەکی رەسمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ھۆڵندا رادەستکرا بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە و ئەوکات رایگەیاند، لە بوارەکانی ئابوری، ئەمنی، بازرگانی، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەندەرەکان دەیانەوێت سود لە ئەزمونی ھۆڵندا وەربگرن.
سابرینا سینگ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چواری ئەم مانگەوە ھێرشنەکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن، پێشوازیش لەو ھەنگاوە دەکەن، بەڵام ناتوانن پێشبینی دواتر بکەن. وتیشی، ئەرکی ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە.
سابرینا سینگ ئاماژەی بەوەشدا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھاوبەشێکی گرنگن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بێگومان داعش ھەمان مەترسی و ھەڕەشەی ١٠ ساڵ پێش ئێستای نییە، بەڵام ھێشتا لە ناوچەکە بوونیان ھەیە و پەلامار ئەنجام دەدەن.
وتیشی، دانوستانەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام باس لە ھیچ خشتەیەکی زەمەنی نەکراوە بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان و ئەو دانوستانە راوێژکارین، جەختیشی کردەوە لەوەی ئەوان لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەخاکی ئەو وڵاتەن.

لە ئەگەری پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەشدا، سەدان ھەزار دۆنم لەو زەویی و موڵکانەی لەلایەن عەرەبی ھاوردەوە لە کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکراون، بۆ ھاووڵاتیانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای دەستکەوتنی زانیاری و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای تۆمارکردنی لەدایکبووان و مردووان دەکرێت، دوو پڕۆژەیاسای تریش خوێندنەوەی دووەمیان بۆ دەکرێت.
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنەکە بە وەکالەت رایگەیاند، بەپێی ھەموو بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنەکان سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئاستێکی زۆر بەھێز و پێشکەوتوودان و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری وڵات پێویستیان بە ھیچ ھێز و لایەنێکی تر نییە، بەو ھۆیشەوە لە ئێستادا عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە بۆ پاراستنی.
وتیشی، ھێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق و کردنە ئامانجی کەسایەتییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بووەتە ھۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوورە لەسەر دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ھەفتەی داھاتوودا یاسایەکی نوێ لەسەر ئەو پرسە دەردەکەن.
لەسەرەتای ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-٢-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، سرودی نیشتمانی لێدرا و دواتر د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، بەناوی سەرۆککۆمارەوە وتەیەکی پێشکەشکرد.
لە وتەکەی سەرۆککۆماردا، ئاماژە بەوەکرا، بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی دیالۆگی پەیوەست بە واقیعی کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتوری دێت، کە بە ھاریکاری لەگەڵ ژمارەیەک وەزارەت و رێکخراوی پەیوەندیدار و بەپشتیوانی پسپۆڕان و توێژەران رێکخراوە.
لە وتەکەی سەرۆککۆماردا جەختکرایەوە، کە خێزان بناغەی سەرەکیی کۆمەڵگەیە، بە باشی و دروستیی خێزان ھەموو سێکتەرەکانی ژیان باش دەبن، ھەروەک مەترسیدارترین شت کە کاریگەری لەسەر پێکھاتەی خێزان ھەیە، توندوتیژییە لە چوارچێوە جۆراوجۆرەکانیدا، جا لەلایەن پیاوەوە بێت یان ژنەوە بێت، قوربانییەکانیشی ھەموو ئەندامانی خێزانن.
لە وتەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە دادپەروەری و ئازادی بنەمایەکی گرنگن بۆ چەسپاندنی یەکێتیی کۆمەڵگە، ھەروەھا جومگەیەکی پێویستن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەکان و پێشکەوتنیان و وەبەرھێنان و بەگەڕخستنی ھەموو توانا مرۆییەکان بۆ سودی بونیادنان و پێشکەوتن. جەختیشی لەوە کردەوە، ژنانی عێراق رۆڵی کارا و ھاوبەشیی بەرپرسیارێتی گرنگیان لەگەڵ پیاوان ھەیە. ھەروەھا عێراق ھەر لە زووەوە دەستپێشخەری ھەیە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا لەڕووی رەخساندنی دەرفەتی فێربوون بۆ ژنان و کچان و کردنەوەی رێگا بۆ گەیشتن بە پۆستە ئەکادیمییەکان و پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت.
پاشان ھانا ئیمانوێل گۆرگیس بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان وتەیەکی پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە، دیاردەی توندوتیژی خێزانی بەڕوونی لە کۆمەڵگەکەماندا تەشەنەی کردووە، بۆیە ئەمڕۆ رۆشنایی دەخەینەسەر ئەم بابەتە و لە ھەموو لایەنەکانییەوە و لەڕێگەی پسپۆڕانی ئەم بوارە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە توندوتیژی خێزانی کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگە ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی ئەمڕۆمان روبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە سەبارەت بە مەترسی توندوتیژیی خێزانی و ھاندانی تاکەکان بۆ گەڕان بە دوای یارمەتی و پاڵپشتی، ئەویش لەڕێگەی بەرنامەکانی ھۆشیاری و راھێنان بۆ باشترکردنی تواناکانی خێزان و پەیوەندی کاریگەر، ھەروەھا ھاندانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند دەرھەق بە ئەنجامدەرانی توندوتیژی خێزانی بۆ سنوردانان بۆ ئەو دیاردەیە، کە بوەتە مەترسییەکی ئاشکرای ناو کۆمەڵگە. ھەروەک باسی لە گرنگی روبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە کرد، کە لەم ساڵانەی دواییدا بە چەند ھۆکارێک، زیادیکردوە و روبەڕوبونەوەی بە توندی و یاسایی و ھۆشیاری و پەروەردەیی، بۆتە پێویستی.
دواتر، گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر تەوەرەکانی دانیشتنەکە سەبارەت بە توندوتیژیی خێزانی لە لایەنی داتا و خۆپارێزی و رێککارەکانەوە کرا و لیوا عەدنان حەممود سەلمان بەڕێوەبەری روبەڕوبونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە وەزارەتی ناوخۆ. پێشکەشیکرد، ھەروەھا تەوەری ھۆکارەکانی دروستبونی توندوتیژیی خێزانی لەلایەن عەمید نیبراس محەمەد عەلی رەشید بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی پێشکەشکرا.
ھەروەھا میدیاکار عەلی عەزاب چەند چیرۆکێکی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی خستەڕو، لیوا بەسمە مەزعەل ھاشم بەڕێوەبەری بەشی ژنان لە پۆلیسی کۆمەڵگەیی-ش ھەندێک نمونەی لە دیاردەی توندوتیژیی خێزانی و ئامرازەکانی کەمکردنەوەی لەڕێگەی پەروەردە و رێنماییەوە، باس کرد.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە بەرنامەیەكی كەناڵی شەرقییە زانیاری چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك راستی تێدا نییە، كە گوایە سەرۆككۆمار داوایكردووە سەردانی واشنتۆن بكات.
سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، د.لەتیف رەشید هیچ داواكارییەكی بۆ سەردانكردنی ئەمریكا پێشكەش نەكردووە، سەرۆكایەتی كۆماریش لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بەو رووداوانەی لە ناوچەكە روودەدەن بە تایبەت دۆزی فەڵەستین و پەیوندی لەگەڵ ئەمریكا سوورە.
راشیگەیاند، سەرۆكایەتی كۆمار بە مافی خۆی دەزانێت رێگای یاسایی بگرێتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە، داواش لە پێشكەشكاری بەرنامەكە دەكەن بەڵگە یاخود نوسراوێك بخاتەڕوو، كە بانگەشە چەواشەكارییەكانی پشتڕاست بكاتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، لە ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە عێراق و سوریا و ئوردن برینداربوون، گەیشتووەتە ١٨٦ کەس.
وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٧٠%ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە.
لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، غولام حسێن موحسینی بە یاوەری وەفدێکی باڵا لەسەر داواکاری فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، سەردانی بەغداد دەکات.
وتیشی، ئامانج لە سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە.
ئاژانسی ھەواڵی "میھر"یش بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەگەڵ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و ھەروەھا چاوی بە رەوەندی ئێرانی بکەوێت کە لە عێراق دەژین، ھەماھەنگییەکانیش بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ دەکرێن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیکرد لە پاتریک دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس تاوتوێکران.
ھەروەھا باڵیۆزی فەڕەنسا رایگەیاند، ماکرۆن بە زووترین کات سەردانی عێراق دەکات، سەردانەکەشی لەپێناو رێکخستنی کاری راوێژکارانی فەڕەنسییە لە ئەرکەکانیاندا بۆ ھاوکاریکردنی ھێزە عێراقییەکان.
سودانیش، تەئکیدیکردەوە لە ھەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە خاکی وڵاتەکە و وتیشی، عێراق دەیەوێت بچنە قۆناغی پەیوەندی دوو لایەنەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ سێشەممە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ دانانی ژمارەیەک پارێزگار دەرکرد، ئەوەش دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی وردبینی لەلایەن بەشی یاساییەوە.
مەرسومەکە تایبەتە بە پارێزگارەکانی بەغداد، بەسرە، نەینەوا، بابل، کەربەلا، واست، زیقار، نەجەف، ئەنبار، موسەنا و میسان و دیوانیەیە.
نوسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، رێکارەکانی دانان و دەرکردنی فەرمان بۆ تەواوی پارێزگارەکانی دیکەش تەواودەکرێت.
رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە ھەێمی کوردستان ئەنجامدرا، لە ئێستاشدا زۆرێک لە پارێزگارەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە ھەڵبژێردراون.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بواری داڕشتنی سیاسەت و پلانی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی گرنگیدان بە بزووتنەوەی رۆشنبیری لە وڵات و بەردەوامبون لە سەردان و دیداری رۆشنبیری کرد لەگەڵ چەسپاندنی بنەمای پشتبەستن بە کتێب و بڵاوکراوە زانستی و کولتورییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوودوەرگرتن لە کتێبخانەکان و ناوەندە رۆشنبیرییەکان.
ھەروەھا باسی لە دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیری عەرەبی - کوردی لە بەغداد و سلێمانی کرد، کە ئامانج لە دامەزراندنی، بەھێزکردنی ھاوکاری و بونیادی ھاوبەشی نێوان کولتوری عەرەبی و کوردییە، لەم نێوەندەشدا ئاماژەی بە رۆڵی زمان کرد لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بڵاوکردaنەوەی مەعریفە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا.
ھەروەک سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە دامودەزگا فەرھەنگییەکان و بەرھەمە ئەدەبی و فیکرییەکان سەربەخۆبن و دوربن لە کاریگەرییە لاوەکییەکان بۆ ئەوەی کولتورێکی تەندروست بنیات بنرێت بێ ھیچ لایەنگرییەک لە تێڕوانین و بیرکردنەوەکان بە تایبەت لە نووسینی مێژوو، بڵاوکردنەوەی کولتوری قبوڵکردنی بەرامبەر، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تۆکمە و نیشتمانێکی یەکگرتوو بکات.
ھاوکات سەرۆککۆمار باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار لە سازکردنی کۆنفرانس و وۆرک شۆپ کرد بۆ زیادکردنی ھۆشیاری و مەعریفە و پتەوکردنی یەکێتیی نیشتمانی، کە عێراقییەکان کۆدەکاتەوە بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی بەسەر بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حزبییەکاندا.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە رێنماییە بەنرخەکانی سەرۆککۆماریان بەرزنرخاند و جەختیان لە ھەوڵی دامەزراوەکەیان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ھەر کارێک، کە خزمەت بە عێراق و گەلەکەی بکات و پێکەوەژیان لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا بەھێزتر بکات.
ھەروەھا ئەندامانی وەفدەکە جەختیان لە گرنگی کردنەوەی ناوەندەکانی توێژینەوە کردەوە بۆ پێشکەشکردنی ئەو بیرۆکانەی خزمەت بە گەل دەکەن، ھەروەھا رونکردنەوەیەکیان لەبارەی چالاکییەکانیان لەچوارچێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی بە ھاریکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەشکرد.
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا ھیچ بژاردەیەک نییە جگە لە کێشانی نەخشە بۆ ئاشتی جیھانی، دووپاتیشیکردەوە، حکومەتی عێراق ھەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەی خۆی لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق و کوشتنی ھاوڵاتیانی عێراق و بەئامانجکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت راگەیاندووە.
قاسم ئەعرەجی دەڵێت، عێراق ڕەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان، لەکاتێکدا مەترسی لەسەر ھیچ وڵاتێکیش دروست ناکات و دەیەوێت خۆی لە ھەر ململانێیەکی ناوچەیی دووربخاتەوەو دەبێت ھەمووان ھاوکار بن لەم بوارەدا.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، بەرھەمھێنانی نەوتی ڕێکخراوەکە، لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگێک پێش خۆی، ٣٥٠ ھەزار بەرمیل کەمیکردووە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٤٦٦ ھەزار بەرمیل کەمتر لە ئاستی ڕێگەپێدراویان بەرھەمھێناوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مانگی ڕابردوو، قەبارەی بەرھەمھێنانی نەوتی ئۆپێک بەگشتی گەیشتووەتە ٢٦ ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەوتەی ئۆپیک، بەرھەمھێنانی نەوت لە ئیمارات و سعودیە و ڤەنزوێلا زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە لیبیا، کوێت، عێراق و جەزائیر کەمیکردووە، ھەروەھا بەدرێژایی ئەمساڵ ئۆپێک بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی خۆبەخشانە.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە، سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغدادیان کردووە و داوایانکردووە بەڵگە بۆ ئەو تۆمەتانە بخەنەڕوو، بەڵام تائێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەڵگەی بۆ تۆمەتەکان نەبووە.
وتیشی، سەرەڕای ئەوەی رێگەدراوە بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد گەشتەکانی دەستپێبکاتەوە، کۆمپانیاکە لەئێستادا نایەوێت گەشتەکانی دەستپێبکاتەوە.
پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتی ھاوکاریکردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی خستە پاڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد و دواتریش بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاروبارەکانی کۆمپانیاکە تاکاتی پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتەکان ڕاگیرا.
لە راگەیەندراوێکدا ھێزی دژە تیرۆری عیراق دەڵێت، بە پشت بەستن بە زانیاری وردی ھەواڵگری، توانیویانە لێپرسراوی دارایی داعش لە عیراق دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی لە ڕێگەی بەکارھێنانی ناسنامەو بەڵگەنامەی ساختەوە ھاتووە عێراق و ویستوێتی چالاکییە تیرۆرستییەکانیان لە نێو خاکی عیراق دەستپێبکەنەوە.
دژە تیرۆری عیراق ئاماژە بەوە دەکات، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ڕاوەدونانی تیرۆرستان و پوچەڵکردنەوەی پلانەکانیان و لە ناوبردنیان.