سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بێدەنگ نابن لە بەرانبەر پێشهاتەكانی سوریا و عیراق، کە پێشتر بەدەست تیرۆرەوە زیانی زۆری بەركەوتووە دەشڵێت، رێگا نادەن رەوشی لەو شێوەیە لە سوریا دووبارە بێـەوە.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئەنجامداوە و تاوتوێی دۆخی سوریایان كردووە.

سودانی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكە رایگەیاندووە، عیراق بێدەنگ نابێت لە بەرانبەر ئەو دۆخەی لە سوریادا روودەدات و عیراق بەهۆی هێرشی تیرۆرستیەوە زیانی زۆری بەركەوتووە و رێگەنادەن هەمان شت بەسەر سوریادا دووبارە ببێتەوە و هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سوریا دەدەن.

وتوشیەتی، ئیسرائیل بۆردومانی سوپای سوریا دەكات، ئەمەش رێگەخۆشكەرە كە گروپە چەكدارەكان پێشڕەوەی بكەن و ئاسایشی سوریا كاریگەری لەسەر عیراق و ناوچەكە دەبێت.

لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا ئەردۆغان رایگەیاندووە، گرنگی بە یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سووریا دەدات و پێویستە سوریا بەشداری لە پرۆسەیەكی سیاسی راستەقینەدا بكات بۆ رێگریكردن لەوەی دۆخەكە خراپتر بێت.