بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، گەشتی ئاسمانی بێبەرامبەری بەیروت بۆ ئاوارەكانی لوبنان لە عیراق دابینكرا.


نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی فەرمانی دەركردووە، بۆ دابینكردنی گەشتی ئاسمانی بێبەرامبەری بەیروت بۆ ئەو ئاوارانەی لوبنان لە عیراق، كە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان.


ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەستەوە لە لوبنان، گەڕانەوەی ئاوارەكانی لوبنان لە وڵاتانی دراوسێی و لەنێویاندا عیراق دەستیپێكردووە و سوپای لوبنانیش داوا لە ئاوارەكانی وڵاتەكەی دەكات، پەلە نەكەن لە گەڕانەوە بۆ لوبنان.


بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكانیش، نزیكەی ٤٠ هەزار ئاوارەی لوبنانی لە عیراق تۆماركراون و لەو ژمارەیەش لەچەند رۆژی رابردوودا، بە هەزاران ئاوارە لەڕێی دەروازەی قائیمەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.