كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژە یاسا بەهۆی تەواوبوونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانەوە دواخرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ زەنگی چونە ژورەوەی پەر لەمانتاران لێدراوە بۆ دەستپێكردنی  كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایەی كە مشتومڕی لەنێوان كورد و شیعە و سوننە دروستكردووە، لەنێویشیاندا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچە جێناكۆكەكان بۆ خاوەنەكانیان، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دواخرا.
لایەنە سونییەكان رێگرن لەوەی پرۆژە یاساكەی كورد بڕگەی دیكەی بۆ زیادبكرێت و دەڵێن پرۆژە یاساكە چۆن لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە دەبێت بە شێوەیە جێبەجێ بكرێت كە هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی پێشووی بەعس دەگرێتەوە.
بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی گەیشتۆتە پەرلەمان، نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لە سنوری پارێزگای كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەوڵی لایەنە كوردییەكان بۆ ئەوەیە لە رێگەی زیادكردنی ماددەی دیكەوە زەوی و زارە داگیركراوەكان لە تەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، كە بە نزیكەی یەك ملیۆن و ٢٢٨ هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێت.