د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق كۆبوەوە و رەوشی ئەمنی لە گۆرەپانی ناوخۆ و هەرێمیی تاوتوێكرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار، لە كۆبونەوەكەدا رەوشی ئەمنی لە گۆرەپانی ناوخۆ و هەرێمیی تاوتوێكراوە و د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پشتگیری تەواوی بۆ هەوڵی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان دوپاتكردوەتەوە و رایگەیاندوە، دوایین پێشهاتەكانی سوریا و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكە بەگشتی، جێی گرنگی پێدانێكی زۆرە و متمانەشی بە ئاستی ئامادەكارییەكان دوپاتكردەوە.
هەروەها رایگەیاندوە، گرنگە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت لە پشتگیریكردنی سەقامگیری و رێگریكردن لە جەنگ و كوشتار و وێرانكاری زیاتر لە ناوچەكەدا.
لایخۆشیەوە قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی بۆ پاراستنی ئاسایشی عیراق و گیانی هاووڵاتیەكانی.