ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە سێ پڕۆژەیاساكەی تایبەت بە كورد و سوننە و شیعە كۆدەبێتەوە و هەر سێ پڕۆژەیاساكە بە یەك پاكێج دەخاتە دەنگدانەوە.

كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوز راگەیاند، لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بە ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك و لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری كەسێتی داوە، بەڵام بەهۆی گرژییەكان و بێ متمانەی نێوان كورد و سوننە و شیعەوە، دەنگدان بەكۆی پڕۆژەیاساكان خراوەتە دانیشتنی ئەمڕۆوە. 

وتیشی، سوننەكان رێگرن لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان لە ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ كە بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەسنوری كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە.