سەرۆك كۆماری عیراق بەجیا لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی سوریا و توركیا كۆبووەوە
شنیار
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە دوو کۆبوونەوەدا لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی سوریا و توركیا كۆبووەوە و جەخت لە گرنگی پاراستنی سەقامگیریی سوریا و ئاسایشی ناوچەكە دەكاتەوە .
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی عیراق، سەرۆك كۆمار لە كۆشكی بەغداد پێشوازی لە "سەتام جەدعان" باڵیۆزی سوریا لە عیراق كردوە و لە كۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەكانی سوریا تاوتوێكراوە.
سەرۆك كۆمار پشتگیری عیراقی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریا و كاركردن بۆ رێگریكردن لە فراوانبونی بازنەی ململانێكان دوپاتكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە پێشهاتەكانی سوریا و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكە جێی گرنگی پێدانە و هەڵوێستی جێگیری عیراقیشی بۆ پتەوكردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دوپاتكردۆتەوە
لایخۆشیەوە باڵیۆزی سوریا لە عیراق، سەرۆك كۆماری لە دوایین گۆرانكارییەكانی وڵاتەكەی ئاگاداركردەوە و رۆڵی عیراقیشی لە پشتگیریكردنی بەردەوامی دیمەشق بەرز نرخاندووە .
سەرۆك كۆماری عیراق هەروەها لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغداد كۆبووەوە و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و سوریایان تاوتوێكرد.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستی كاركردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش، باڵیۆزی توركیاش هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهاتەكانی ئێستای ناوچەكە رونكردەوە.





