سەعد موتەڵیبی، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شێعەکان رایگەیاند، لە ئەنجامی گفتوگۆ و دانووستانەکانی چەند ھەفتەی رابردوو، چوارچێوەی ھەماھەنگی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ پێکھێنانی سەرجەم حکومەتە خۆجێییەکان لە ھەموو پارێزگاکان و بۆئەو مەبەستەش سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و ھیچ ناکۆکییەکیش لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا نییە لەسەر ئەو پرسە.
وتیشی، ئەو رێکەوتنەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیەکان، تەنھا پارێزگای بەسرە ناگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەسعەد عیدانی کە پێش ھەڵبژاردنیش پارێزگاری بەسرە بوو و لە ھەڵبژاردنیشدا سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، پابەندی بڕیارەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی نابێت ئەوەش بەھۆی ئەوەی نزیکە لە رەوتی سەدرەوە.
سعود ساعدی، سەرۆکی کوتلەی حقوق ئاشکرایکرد، لە ھەفتەی داھاتوودا ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و دیاریکردنی سەرۆک لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکە دەبێت و رێککەوتنێک ھەیە لەسەر سێ کەس بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە، کە ئەوانیش بریتین لە "شەعلان کەریم و سالم عیساوی و مەحمود مەشھەدانی".
وتیشی، ئەو ناوانە ئەگەرچی دیارترینن بەڵام رەنگە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە ھێزە شیعەکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دابەش بوون. بابەتی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە رەنگە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەجێبھێڵدرێت و چەند خولێکی دەنگدانی بوێت.
سەرۆکی کوتلەی حقوق ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی کردنەدەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکاش لە خشتەی کاری یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەبێت، ھەروەھا ئەوان جدین لەسەر پێشکەش کردنی داواکارییەک بۆ دورخستنەوەی باڵیۆزی ئەمریکا و ئەوەش داواکارییەکی دەستورییە، داواشی کرد پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا رێکبخرێنەوە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سەرژمێری گفتوگۆیان کردوە، لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بەشێوەی ئەلیکترۆنی، کە بڕیارە پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ جێبەجێبکرێت.
راشیگەیاندوە، کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی یارمەتیدەر دەبێت لە ھێڵکاریکردنی رێڕەوی پلانی کاری سەرژمێری، بۆ دروستکردنی ژینگەی کارکردن و ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەی ئەلکترۆنی.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای کۆتایھاتنی پشووی یاسادانان، رۆژی سێشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەندامانی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە.
سەبارەت بە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا بەرنامەی کار دانەنراوەکە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت ٢٤ سەعات پێش کۆبونەوەکان بڵاوبکرێتەوە.
وتیشی، ھێشتا ھەمواری یاسایی بودجەی گشتی عێراق لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە، بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانەوە.
سبەینێ کۆبونەوەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەستپێدەکاتەوە و لە یەکەم کۆبونەوەی ساڵی نوێشدا دادگاکە تاوتوێی چەند سکاڵایەک دەکات کە یەکێک لەو سکاڵایانە لە دژی پێدانی قەرز بە ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن "مستەفا سەنەد" ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دژی سودانی تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ناردنی پارە بە قەرز بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە نادەستووری ناوبەرێت .
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کۆبوونەوەیە سەرەتایەکی گرنگ دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی چەندین خاڵ و ژمارەیەک پێشنیازیش ھەن کە لەلایەن ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە خراونەتەڕوو، سەبارەت بە میکانیزمی پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن، دانوستانەکانی پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشێوەی کرداریی لە ماوەی ١٠ رۆژدا دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممەی رابردووش، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کۆبوونەوە و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا بە گۆڕینی سەرجەم پارێزگارەکان، بەڵام ھاوپەیمانی تەسمیم لەگەڵ ئەو بڕیارە نییە و دەڵێت، ئەو پارێزگارانەی باشن پێویست بە لابردنیان ناکات.
مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەناو وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت ناسراو بە ئۆپیک پڵەس، عێراق بە زۆرترین بڕ ھەناردەی نەوتی بەرزکردووەتەوە و پێکەوە لەگەڵ ئەنگۆلا و نەیجیریا رۆژانە توانای بەرھەمھێنانیان ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان زیاترکردووە.
لەو مانگەدا وڵاتانی ئۆپیک پڵەس رۆژانە ٢٧ ملیۆن ٨٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە، ئەوەش بەراورد بە ھەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٢، یەک ملیۆن بەرمیل کەمتر بووە.
لە ١٠٣ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیامێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سوپای عێراق بە قوربانییەکانی ئەفسانەی مەزنیان کێشا و خاکی عێراقیان لە خراپەکارییەکانی دوژمنان پاراست، ئەگەر ئەو قوربانییە گەورانە نەبوایە، ئەوە عێراق سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی بەخۆوە نەدەبینی.
راشیگەیاندوە، ئەو قوربانیدانە پابەندبوونیان بە سیستەمی دیموکراسییەوە دوو ھێندە دەکات و پێداگری و ئیرادەیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئازاد و شکۆمەند زیاد دەکات، کە ھەموو عێراقییەکان بە یەکسانی تێیدا بژین بەبێ جیاوازی و جیاکاری.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، دادگای تاوانەکانی دیالە سزای زیندانی دوو ساڵی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی بانکی بازرگانی دیالەدا سەپاند بە تۆمەتی بەھەدەردانی زیاتر لە ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری عێراق کە لە مامەڵەی کڕینی گەنمدا دیار نەماوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتبارە ھەستاوە بە رادەستکردنی چەکێک، بەڵام پارەکە نەخراوەتە بانک و بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکارھاتووە.
دەشڵێت، دادگای تاوانەکان سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشوی بانکی بەلدروزی دیالەشدا سەپاند کە ھەستاوە بە بەھەدەردانی ٣٢ ملیۆن دینار.
وتیشی، ھەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی ٣١٦ی یاسای سزادان سزادراون.
حسێن عەلاوی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت دژی ئەو جۆرە ھێرشانەیە و سودانی ھۆشداریداوە لە ھەر کردەوەیەک کە ھەڕەشە بێت بۆ سەر بەرژەوەندی نیشتیمانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ھەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، چەند رێکارێک وەکو وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی سەر بارەگاکەکی حەشدی شەعبی دەگرێتەبەر.
عەلاوی دەشڵێت، یەکێک لە رێکارەکان پێشکەشکردنی سکاڵایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام سودانی دەیەوێت عێراق بەدوور بگرێت لە ململانێ و پەلکێشکردنی بۆ ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ھاوکات کۆشکی سپیش رایگەیاند، رێز لە سەروەری عێراق دەگرن، بەڵام مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن.
محەمەد یونس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە بانکی ناوەندیی رایگەیاندووە، چاودێری و بەدواداچون بۆ سکاڵای سەرجەم کڕیاران دەکەن، ئەگەر بانکەکان ھەژماری کڕیاران بەبێ گەڕانەوە بۆ خۆیان بگۆڕن بۆ دۆلاری ئەمریکی یان بەپێچەوانەوە، ئەوا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ھەر بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، رێگە بە بانکەکان دەدرێت لەگەڵ کڕیارەکانیان ڕێکبکەون بۆ ئەوەی حەواڵە ھاتووەکانیان بە کاش بھێننە عێراقەوە.
دووپاتیشیکردووەتەوە، ئەو رێوشوێنانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا دەبێت و دابینکردنی دۆلار زیاد دەکات و بەشدار دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کەرتە گرنگەکان.
سەبارەت بە سنوری گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی دەڵێت، ھیچ سنورێک بۆ گواستنەوەی پارە بە دراوی جیاواز لەناو سیستەمی بانکیدا دانەنراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رەتکدەنەوە و ھێرشەکەی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامدراوە، ئەوەش بە دەستدرێژی بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکان دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، پێش ئەنجامدانی ھێرشەکەیان لایەنی عێراقییان ئاگادارنەکردوەتەوە و ئەم رووداوەش لە چوارچێوەی زنجیرە پێشێلکارییەکانە کە لە رابردوودا ئەنجامدراوە.
دەشڵێت، ھێرشەکەی ٤ی ئەم مانگە زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھاوپەیمانان دەگەیەنێت و بە سەرپێچی یاسایی دادەنرێت، ھێزەکانی عێراقیش بەیەکگرتوویی کاردەکەن و ھەمووکات ئامادەن بۆ پارێزگاری کردن لە دەوڵەت.
ئەو راگەیەندراوەش دوای ئەوەدێت بەپێی ھەواڵی میدیاکان پێشتر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، لە ھێرشەکەیان بۆ سەر بەغداد لە چواری ئەم مانگە ھەماھەنگییان لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھەبووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لەلایەن نوێنەری سەرۆک کۆمار، کامیل دلێمی خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەکرد، بەوپەڕی شانازیەوە یادی پاڵەوانانی سەرکردەکانی سەرکەوتن دەکەنەوە.
وتیشی، گەورەترین وەفادارییش بۆ قوربانیدانی ئەو شەھیدانە ئەو پێشکەوتنەیە، کە لە پرۆسەکانی بونیادنان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بۆ گەلی عێراق بەدەست ھاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا رەوشی ناوچەکە جێی دڵەڕاوکێیەکی زیاترە لەڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە و ئەو پێشھاتانەی ئەم دواییەش کە لە عێراق و لوبنان و ئێران روویاندا ناوچەکە دەخەنە دۆخێکی مەترسیدار و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.
مەنسور مەزری سەلوم، بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی کەرکوک لەنوسراوێکدا جەخت دەکاتەوە لەوەی، جگە لەئاڵای عێراق ھەڵکردنی ھەموو ئاڵایەکی تر لەسەر خوێندنگەکان قەدەغەیە.
نوسراوەکە لەرۆژی ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ دەرکراوەو ئاڕاستەی بەش و ھۆبەو ئیدارەی خوێندنگەکان کراوە.
لە نوسراوەکەدا ھاتووە، لەپێناو پاراستنی شکۆی دەوڵەت و پێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکان رێگا نادرێت ئاڵای تر ھەڵبکرێت بەپێچەوانەوە ھەرکەسێک سەرپێچی بڕیارەکە بکات ئەوا روبەڕوی رێوشوێنی یاسایی دەکرێتەوە.