فوئاد حسێن رەوشی سوریا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوریا و توركیا تاوتوێ دەكات
هەژار
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزیری دەرەوەی عیراق رەوشی سوریا و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی حەلەب لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوریا و توركیا تاوتوێ دەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە پەیوەندییەكی تەلەفونید لەگەڵ بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا گفتوگۆیان لەبارەی دواین پێشهات و رووداوەكانی حەلەب و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای سوریا و گرووپە چەكدارەكان كردووە و جەختیكردووەتەوە حكومەتی عیراق پشتیوانی سوریا دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان، چونكە ناسەقامگیری ئاسایش و ئارامی سوریا دەبێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ناوچەكە بەگشتی.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری دەرەوەی عیراق لە پەیوەندییەكی تری تەلەفونیدا لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیانكردەوە شەڕ و ئاڵۆزییەكان و نائارامییەكانی سوریا كاریگەری لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەكە دەبێت و بە پێویستیشیان زانیووە هەماهەنگییەكان زیاتر بكرێن لە پێناو هەڵسەنگانی رەوشی ئێستای سوریا و رێگریكردن لەو ناسەقامگیریە بۆئەوەی نەگوازرێتەوە بۆ ناوچەكە بە گشتی و وڵاتانی دراوسێی سوریا بەتایبەتی