رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حەماس بە پێشنیاری نوێنەری ئەمریکا رازی بووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەبێ هیچ مەرجێک.

لێپرسراوێکی فەڵەستینی نزیک لە بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، حەماس پێشنیاری ستیڤ ویکتۆف نوێنەری تایبەتی ئەمریکای بۆ ئاگربەست لەغەززە قبوڵ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ویکتۆڤ بۆ ئاکسیۆس ئاشکرایکردووە، پێشنیارەکە ئاگربەستێکی کاتی لە خۆ دەگرێت و ئیسرائیلیش پێی رازی بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە پێشتر پێشنیارمان کردووە و دەبێت حەماس پەسەندی بکات.

ویکتۆڤ راشیگەیاند: ئاگربەست دەبێتە هۆی دانوستانێکی مانادار بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس ئەو پێشنیارە نوێیەی پێگەیشتووە، کە داوای ئازادکردنی 10 بارمتە و ئاگربەستی بۆ ماوەی 70 رۆژ دەکرێت لە رێگەی نێوەندگیرانەوە، لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک بە کەناڵی ئەقسا-ی راگەیاندووە، حەماس رازی بووە بە پێشنیارەکەی ستیڤ ویتکۆف، کە جەخت لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە دەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە؛ ئیسرائیل "بە تەواوی رەتی دەکاتەوە" پێشنیازی بازرگانی ئەمریکی "بەشارە بحبح" سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ لە غەززە قبوڵبکات.

کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند کە پێشنیازەکە بریتییە لە ئازادکردنی 10 دیل لە بریندارانی زیندوو بەرامبەر بە وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ و گفتوگۆ سەبارەت بە "رۆژانی داهاتوو" لە غەزە.

وردەکارییەکانی پێشنیازە نوێیەکە:

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاشکرایانکرد کە پێشنیازە نوێیەکە ئەمانەش لە خۆ دەگرێت:

- ئازادکردنی 5 دیل لە یەکەم رۆژدا
- گفتوگۆ سەبارەت بە دیلە مردووەکان 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە راگەیاندنەکانی وت: "پێشنیازە نوێکە رەتکراوەتەوە و ئیسرائیل قبوڵی ناکات، ئێمە دەستمان بە پێشنیازی ویتکۆفەوە گرتووە" (ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترەمپ).

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشنیازە نوێکە زۆر دوورە لەو شێوازەی کە ئیسرائیل دەتوانێت قبوڵی بکات، لە راستیدا قبوڵکردنی وەک خۆسپاردن بە حەماس دەبینرێت."

پشتیوانی ترەمپ:

ترەمپ پێشتر وتبووی وای دەزانی "هەواڵەکان لەگەڵ حەماس باش دەبن و هەواڵی خۆش دەبیستین سەبارەت بە غەززە".

وتیشی: "لەگەڵ ئیسرائیل قسەمان کردووە و دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین ئەم دۆخە بە تەواوی لە کاتێکی نزیکدا رابگرین."

کەناڵە دیپلۆماسییەکان

سەرچاوەکان لە لای ترەمپەوە دەڵێن:

- ترەمپ فشار لەسەر حکومەتی نەتانیاهۆ دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ.
- سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەوامبونی شەڕ تووڕەیە
- پەیوەندی لەگەڵ حەماس کردۆتەوە لە رێگەی بەشارە بحبحەوە.

دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان:

لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە:
- گۆڕینەوەی دیلەکان
- وەستاندنی شەڕ

ئەمە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری ئەمریکیەکاندایە لە رێگەی نێردراوی تایبەت کە ستیڤ ویتکۆفە.

مەرجە دیپلۆماسییەکان بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان:

- داوا لە ئیسرائیل کراوە کە هێرشی مەیدانیی دوابخات
- رێگە بە فراوانکردنی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بدرێت
- کەش و هەوایەک دروستبکرێت کە تیایدا گفتوگۆ بکرێت.

پلانی ویتکۆف- نێردەی تایبەتی ترەمپ - ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بگەن بە رێکەوتنێکی گشتگیر هەنگاو بە هەنگاو:

- دەست بکرێت بە ئازادکردنی بەشێک لە دیلەکان
- لە قۆناغەکانی داهاتوودا کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت
- ئازادکردنی هەموو دیلەکان کە لەلای حەماسن.

بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە:

حەماس هێشتا داوا و مەرجی ئیسرائیلییەکان بەتایبەت ئەوانەی نەتانیاهۆ پێداگریان لەسەر دەکات رەتدەکاتەوە، کە بریتین لە: 

- ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، زیندوو و مردوو
- رادەستکردنی هەموو چەکەکانی حەماس
- دەرچونی بەرپرسانی حەماس لە غەززە  
- کۆتاییهێنان بە هەر رۆڵێکی حەماس لە حوکمڕانی غەززە لە داهاتوودا

"بەشارە بحبح" بازرگانێکی ئەکادیمی و سیاسی ئەمریکییە و بەڕەچەڵەک فەلەستینییە، لە ساڵی 1958 لە قودس لەدایک بووە، خوێندنی بەکالۆریۆسی لە ئەمریکا تەواو کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان ئامادە نییە تەنانەت بەشێوەی کاتی؛ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران ئامادە نییە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەگەرچی بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوایان کردووە، بەڵام ئەوە "هێڵی سورە" لە دانوستانەکاندا.

وتیشی، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە دیاری نەکراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، "پێشکەوتن هەیە لەگەڵ ئێراندا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا هەواڵێک رابگەیەنین".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتیی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی دیاری کرد و دەڵێت، رۆژی 6ی مانگی داهاتوو یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.

ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، رۆژی 6ی 6 کە دەکاتە هەینی، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت، کە لە رۆژی 27ی 5دا، هیلالی مانگ دەبینرێت و رۆژی 28ی مانگ دەست دەکرێت بە رێورەسمەکانی حەج.

بەپێی هەواڵی ناوەندەکە، رۆژی 5ی ئەم مانگە کۆتا رۆژی رێورەسمەکانی حەج و دواتر دەست دەکرێت بە وەستان لەسەر کێوی عەرەفە، بەوەش رۆژی 6ی مانگی داهاتوو یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان دوو جەژنی رەسمین لە ئایینی ئیسلامدا و ساڵانە لەو وڵاتانەی زۆرینە موسوڵمانن جەژن دەکرێت و رۆژانی جەژنیش دەکرێتە پشوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوسەرۆكی پەیەدە رایگەیاند، حكومەتی سوریا دەیەوێت خۆسەریی كورد لە خۆرهەڵات و باكوری سوریا لەناو ببات.

غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی  پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"، لە كۆنفڕانسی پرسی كورد و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە لە ئەسینای پایەتەختی یۆنان بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی رەخنەی توندی لە پشتیوانییەكانی توركیا بۆ گروپە تیرۆستییەكان لە سوریا گرت، لە هەمانكاتدا هۆشداریدا لەوەی حكومەتی نوێی سوریا نیازی ئەوەی هەبێت كە ئیدارەی خۆسەری و خۆبەرێوەبەری  لە خۆرهەڵات و باكوری سوریا لەناو ببات.

وتیشی،  چەندین گروپی تیرۆستی هەن و توركیا بە راشكاوانە پاڵپشتیان دەكات كە ئامانجی سەرەكییان لەناوبردنی پرۆژەی دیموكراتی ئیدارەی خۆسەرە.

غەریب حەسۆ جەختی لەوەشكردەوە، ئەوان خوازیارن سیستەمێكی دیموكراتی لە سوریا بێتە كایەوە وە مافی گەلی كوردی بە رەسمی تیدا بناسرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سوریا لە تورکیا لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریایان کرد.

وردەکاری کۆبوونەوەکە:

تۆم بارەک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد: "لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبوومەوە."

بارەک ئاماژەی بەوە کرد کە "تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپمان کرد بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریا و دوبارە گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ وڵاتەکە."

ئامانجی هەڵگرتنی سزاکان:

نوێنەری ئەمریکا باسی لەوەکرد، کە ئامانج لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا تێکشکاندنی یەکجارەکی رێکخراوی داعشە لە وڵاتەکەدا. هەروەها ستایشی شەرعی کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

سەردانی داهاتوی دیمەشق:

دەزگا راگەیاندنەکانی سوریا ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە کە تۆم بارەک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، لەم هەفتەیەدا سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئەم سەردانەی بارەک دەبێتە یەکەمین سەردانی ناوبراو بۆ سوریا لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە بڕیارێکی ترەمپ کە لە سعودیەدا رایگەیاندبوو.

ڕۆژی هەینی 23ی پێنج ی 2025، تۆم بارەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند کە هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش بەتایبەتی لەو وڵاتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەکەم جار لە دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، وەفدێکی حکومەتی نوێی سوریا سەردانی کەمپی هۆلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە.

شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەر، ڕۆژی شەممە 24ی ئایاری 2025 رایگەیاند: "وەفدێکی حکومەتی نوێی سوریا سەردانی کەمپی هۆلی کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە."

ئەحمەد ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دانانی میکانیزمێک کراوە بۆ دەرچوونی خێزانە سورییەکان لە کەمپی هۆل.

راگەیاندنی فەرمیی دیمەشق:

هاوکات ئەمڕۆ، نوورەددین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە وەفدێکی حکومەتەکەیان سەردانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)ی کردووە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی کەمپی هۆل.

پاشخانی رێککەوتنەکە:

سەردانی وەفدەکەی حکومەتی سوریا دوای رێککەوتنەکەی 11ـی ئاداری 2025 دێت لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات. 

رێککەوتنەکە "یەکخستنی" سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سوریای لەخۆ گرتووە، هەروەها یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە گەرەنتیی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکانی بۆ شار و گوندەکانیان دیاری کردبوو.

زانیاری دەربارەی کەمپی هۆل:

کەمپی هۆل لە باشوری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت. کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری کەمپەکەن.

هۆشداریی نێودەوڵەتی هەیە بەرانبەر کەمپەکە:

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشدارییان داوە لەو مەترسییانەی لە کەمپەکانەوە سەر هەڵدەدەن، بەو پێیەی منداڵانی دانیشتوی نێو کەمپەکە فێری توندڕەوی دەکرێن و دەکرێت لە ئایندەدا ببنە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چەندین بەڵگەنامەی نوێدا دەركەوت هەشت ملیۆن هاوڵاتی سوریا لەلایەن دەزگا هەواڵگریەكانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە داواكراو بوون.

نورەدین بابا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشق ئاشكرایكرد، بەپێی چەندین پەڕاو و بەڵگەنامە، بۆیان دەركەوتووە ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆكاری جۆراو جۆری سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی رژێمی پێشووتری بەشار ئەسەدەوە داواكراو بوون هەشت ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە كە ئەوەش دەكاتە نزیكەی یەك لەسەر سێی تەواوی دانیشتوانی سوریا.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی ئەو كەسانە لە كاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە بەچەندان چالاكی وەك هاندان بۆ تیرۆر و ئاژاوەگێڕی و ناڕەزایی دژی دەسەڵات و كاركردن بۆ لایەنی بیانی تۆمەتبار كرابوون.

رژێمی پێشوو  لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەوە بۆ دامركاندنەوەی نارەزاییەكان پڕۆسەیەكی فراوانی دەستگیركردنی هاووڵاتیانی دەستپیكرد و بەهۆیەوە سەدان هەزار سوری خرانە زیندانەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان ئاشکرایکرد، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سوری گەراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاستەنگیەکان نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.

دەشڵیت، هیوادارین هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر سوریا کارئاسانی بۆ پرۆسەی بوژانەوە و گەشەپێدان بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و نزیکەی 500 هەزار پەنابەریش لە وڵاتانی دراوسێی سوریاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریایان راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەنتۆنیۆ تایانی، ئەنجامەکانی پێنجەم خولی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران-ئەمەریکای پێڕاگەیاند دانوستانەکانی بە "پیشەیی و ئاقڵانە" ناوبرد.

عراقچی کە بۆ بەشداریکردن لە پێنجەم خولی دانوستانەکان گەشتی بۆرۆما کردووە، دانوستانەکانی ئەمڕۆی بە "پیشەیی و ئاقڵانە" ناوبردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی هاوکاری ئیتالیایی کردووە لەگەڵ عومان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم خولە لە دانوستانەکان لە رۆما.

عراقچی هیوای ئەوەی دەربڕیووە کە عومان و ئیتالیا هەوڵبدەن زیاتر هەڵوێست و ویستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لایەنی ئەمریکی رونبکرێتەوە، بەمەستی تێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوولا و بەرەو پێش چوونی زیاتر.

ئاماژە بەوەشدراوە؛ لە تەلەفۆنەکەدا عراقچی رەخنەی لە پشتگیری هەمەلایەنەی ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی رۆژئاوایی دیکە گرت بۆ پشتگیرییەکانیان لە ئیسرائیل.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆما کۆتایی هات و وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند؛ هەندێک بەرەو پێش چون هەیە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتودا گفتوگۆکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامبن.

ئەندامێکی تیمی دانوستانکار، بە پەیامنێری ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەو بانگەشەیەی کە گوایە دانوستانەکان وەستاون، درۆیە و دانوستانەکان بەردەوامن.

هەروەها رایگەیاندوە کە کەشوهەوای دانوستانەکان "ئارام" و لە هەمان کاتدا "پیشەیی" بووە.


هاوکات، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران؛ بەر لە کۆتایی هاتنی خولی پێنجەمی دانوستانەکان، بە تەسنیم ی راگەیاند، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بەهۆکاری سەفەرکردن بۆ کۆبوونەوەیەک، دانوستانەکانی بەجێ هێشتووە و ئیتاڵیاش رایگەیاند؛ کشانەوەی ویتکۆڤ و مانەوەی وەفدی تەکنیکی ئەمریکا لە دانوستانەکان هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە.

پێشتریش، وەزارەتی دەرەوەی ئیران رایگەیاند، خولی پێنجەمی دانوستانەكان زۆر هەستیارن و روبەروی زۆر ئاڵانگاری بونەتەوە بەڵام پێدەچێت یەكلاكەرەوەبێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر بیویستایە دوای چەکی ناوەکی بکەوێت، تا ئێستا بەدەستی هێنابوو، چونکە توانای هەیە. بەڵام بەهۆی فەتوای پێشەوای شۆڕش کە چەکی ناوەکی حەرامە، ئارەزوو و بڕیاری دروستکردنی چەکی ناوەکی نییە."

وەزیری دەرەوە وتیشی "ئێمە لە بنەڕەتدا ئەو کەسە نین کە لە مافی خۆمان و مافی نەوەکانی داهاتومان خۆشبین لەبەر ئەوەی چەند کەسێک گومانیان لە نێتمان بۆ بەرنامە ناوەکیەکانمان هەیە."

سەبارەت بە دانوستانەکان کە وابڕیارە سبەینێ لە رۆما بەڕێوەبچێت رایگەیاند: "لە ئێستادا شەڕی دانوستان و گفتوگۆ دەکەین و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆمان دەدەین"

وابڕیارە سبەینێ هەینی؛ هەردوو وەفدی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان بۆ جاری پێنجەم کۆببنەوە و ئەم خولەی دانوستانەکانیش بە قورسترین خول دادەنرێت لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەردۆغان داوادەکات رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق جێبەجێبکرێت، دەشڵێت، پێویستە حکومەتی سوریا سەرنجی لەسەر ئەو بابەتە بێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: ئەرکی حکومەتی سوریایە سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق بێت و هەموو هێزە چەکدارەکان لە ناو سوپای سوریا جێگەیان بکرێتەوە.

وتیشی: بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا هەنگاوێکی بوێرانەیە و ئەو وڵاتە بەرەو سەقامگیری دەبات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: نوێنەری وڵاتەکەمان لە سەرانسەری جیهان ئامانجی تیرۆرن، راشیگەیاند ئیسرائیل خۆی رادەستی تیرۆر ناکات.

جەعدون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەسەر ئەو هێرشەی کە پێشتر لە نزیک مۆزەخانەی جولەکەکان لە واشنتۆن روویدا، رایگەیاند، نوێنەری وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا ئامانجی تیرۆرن.

وتیشی، داوا لەسەرکردەکانی جیهان دەکەم هاندان دژی ئیسرائیل رابگرن، هەروەها ساعر چەند وڵاتێکی ئەوروپی بە هاندان دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد .

ئاماژەی بەوەشکرد، تیرۆر لە هەموو شوێنێک بەدوای ئیسرائیلدا دەگەڕێت، بەڵام خۆمان بەدەستەوە نادەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند کە پێنجەمین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 23ـی مانگ لە ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت."

تاکو ئێستا هیچ کام لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا بە رەسمی پشتڕاستی ئەم هەواڵەیان نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عومان وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گرنگی لەم دانوستانانەدا دەبینێت.

ئەم خولەی دانوستانەکان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەردولا بەردەوامن لە لێدوانی دژ بە یەک و هاوکات، لە ئاستی باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ئەنجام.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشداری خولی پێنجەمی دانوستانەكان لەگەڵ واشنتۆن دەكەن یان نا. دەشڵێت، قوبوڵی ناكەن ئێران لە مافەكانی بێبەری بكرێت.


بەپێی هەواڵێكی تەسنیمی ئیران، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی لێكدانەوەی ئەو پرسەن كە ئایا لە خولی پێنجەمی دانوستانەكان بەشدار بن یان نا.  وتیشی، هەڵوێستی ئەوان بە تەواوەتی روونە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە رێككەوتنبێت یاخود نا بەردەوامی دەبێت.


راشیگەیاند، زۆر داواكاری واشنتۆن كە گونجاو نەبووە، جێبەجێیان كردووە. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر داواكاریان هەبێت و بیانەوێت ئێران لە مافەكانی بێبەری بكەن، قبووڵ ناكەن.


عراقچی ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی هیچ كات دانوستانی دیپلۆماسی بەجێنەهشێتووە، ئەگەر ئەمریكاش دەیەوێت رێككەوتن بكەن، دەبێت رەزامەندی بدەن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازییەكەی ئیران.
هاوكات، پەرلەمانی ئیران رایگەیاند، ئەمریكا ئێرانی وەك وڵاتێكی نەزان و دواكەوتوو بە هەموو جیهان ناساندووە كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8586878889...116