قوباد تاڵەبانی لە دیدارێکدا لەگەڵ نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، کورد لە رۆژئاوا دوای سەدەیەک لە بێمافی، داوای سەرەتاییترین مافەکانی دەکات و پێویستە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییان بکەن.

قوباد تاڵەبانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە "گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دوای سەدەیەک لە سەرکوت و بێمافی و حاشالێکردن، داوای گەرەنتیکردنی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکەن".

باسی لەوەشکردووە، کوردانی رۆژئاوا هاوپەیمانێکی کاریگەری ئەمریکا و رۆژئاوا بوون لە تێکشکاندنی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستیی جیهان.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردووەتەوە: "پێویستە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی کورد بکەن تاوەکو لە چوارچێوەی سوریایەکی سەربەخۆ و دیموکراتیدا مافەکانیان پارێزراو بێت".