ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایدەگەیەنێت، دیمەشق رێککەوتنەکانی پێشێلکردووە و لە چەندین بەرەوە هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانیان. داواش لە هاووڵاتیان دەکات ئامادەبن بۆ بەرگری و پاڵپشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە).

ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێلکردووە و لە دوێنێ بەیانییەوە تا ئێستا، لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانیان. ئەوەش سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە و نیشاندانی نیازپاکی لە رێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە.

ئیدارەی خۆسەر جەختی لەوە کردەوە، دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ و رێگای سەربازی. بۆیە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن کە ئامادەباشی تەواو بگرنەبەر و بنەمای بەرگریی زاتی بکەنە بنچینە، تا بتوانن پاڵپشتی هێزە سەربازییەکانی خۆیان بکەن و شارەکانیان بپارێزن و بەشداری بکەن لە "شەڕی پاراستنی کەرامەت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی ئەم هێرشانە بریتییە لە لەناوبردنی ئەو برایەتییەی کە بە خوێنی کچان و کوڕانی ناوچەکە بونیات نراوە، هەروەها دروستکردنی ئاژاوە و توندوتیژی لەنێوان پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و خاوێنکردنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی سوریا و سەپاندنی یەک رەنگ بەسەر رەنگەکانی دیکەدا.

ئیدارەی خۆسەر داوا دەکات: "لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەیەدا، یان بەرگری دەکەین و بە کەرامەتەوە دەژین، یان رووبەڕووی هەموو جۆرە ستەم و سووکایەتییەک دەبینەوە." بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت وەڵامی بڕیاری بانگەوازی گشتیی ئیدارەی خۆسەر بدەنەوە و شانبەشانی هێزەکانی سوریا دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن بوەستن.

هەروەها، ئیدارەی خۆسەر داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵک، بە تایبەتیش گەنجان دەکات چەک هەڵبگرن و ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی. "پێویستە بزانین کە ئێمە لەبەردەم شەڕێکی بوونیداین، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەمان، یەک هەڵبژاردە هەیە، ئەویش بەرگریی جەماوەرییە."

لە کۆتاییدا، ئیدارەی خۆسەر داوا لە خەڵک دەکات کە لە دەوری هێزەکانیان کۆببنەوە و پێکەوە شانبەشانی یەکتر رووبەڕووی ئەم هێرشە ببنەوە و هەمووان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن.