فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا، كوشتنی سەركردەیەكی داعشی پەیوەندیدار بە كوشتنی سەربازە ئەمریكییەكان و وەرگێڕەكەیان راگەیان. 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ناسراو بە " سێنتكۆم" لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، هێرشێكیان لە باكوری رۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە كە بووەتە هۆی كوژرانی سەركردەیەكی داعش.

سێنتكۆم لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە كە سەركردە كوژراوەكەی داعش ناوی "بیلال حەسەن جاسم" بووە، سەركردەیەكی دیاری تیرۆریستان بووە، پلانی چەندین هێرشی داناوە و پەیوەندی راستەوخۆی بە هێرشەكەی مانگی رابردوو هەبووە بۆسەر هێزێكی ئەمریكا لە ناوچەی تەدمور كە بەهۆیەوە دوو ئەندامی سەربازی ئەمریكی و وەرگێڕەكەیان كوژران.
بەپێی ئامارێكی سێنتكۆم، ئەمریكا لە وەڵامی هێرشكەی تەدموردا، تائێستا زیاتر لە 300 شوێن و  ژێرخانی داعشی كردۆتەوە ئامانج، جگە لەوەیكە  لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 300 تیرۆریستی داعشیان دەستگیركردووە.