ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجامدا و نیگەرانیی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ئاگربەستی هەمیشەیی کردەوە.

ماکرۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ گفتوگۆم لەگەڵ ئەحمەد ئەشەرع کرد و نیگەرانیی خۆم پێڕاگەیاند سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە سوریا و بەردەوامیی ئەو هێرشانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە ئەنجام دەدرێن".

سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردووەتەوە کە "پێویستە ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەنرێت و رێککەوتن بکرێت لەسەر یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی لە مانگی ئازاری رابردوودا کراون".

ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیریی سوریا پێویستە.