بەرپرسێکی باڵای سوریا ئاشکرای دەکات، ئەحمەد شەرح، سەرۆکی سوریا بانگهێشتی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا.

تەلەڤزیۆنی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردووەتەوە، بانگهێشتنامەکە دوای رۆژێک دێت لە شەڕی سەخت لە نێوان سوپای سوریا و هەسەدە لە رۆژهەڵاتی حەلەب و باشوری رەققە، کە بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لەلایەن سوپای سوریاوە، لەوانە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی دێرەزور.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە مەزڵوم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ تۆم باراک کۆبووەوە. پێشتریش هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنەوەی هەسەدە لەناو سوپای سوریا ئەنجامی ئەوتۆی نەبووە.