وەفدی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد و رایدەگەیەنن، ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە دۆخی سوریا دەربڕیوە و ئامادەیی نیشانداوە رۆڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگێڕێت.

لە راگەیەندراوێکدا وەفدەکە ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی 17ـی کانونی دووەمی 2026، دیدارێکیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ئەنجامداوە کە نزیکەی دوو سەعات و نیوی خایاندووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئۆجەلان جەختیکردووەتەوە کە پابەندە بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێی وایە بنەماکانی 27ـی شوبات هێشتا کاریگەرن، بۆیە گرنگە هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە بنرێت.

سەبارەت بە دۆخی سوریا، ئۆجەلان نیگەرانیی قوڵی خۆی لە شەڕ و گرژییەکان دەربڕیوە و بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی وەسفی کردووە. جەختیشی کردووەتەوە کە کێشەکانی سوریا تەنیا بە دیالۆگ و دانوستان و عەقڵی هاوبەش چارەسەر دەکرێن.

وەفدەکە دەڵێت: "بەڕێز ئۆجەلان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات تاوەکو کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و دۆخەکە لە زەمینەی شەڕ دووربخرێتەوە". داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە رۆڵی ئەرێنی و بەرپرسانە بگێڕن.