دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی"، ئاماژەی بەوەشدا کە گەشبینە بە وەرگرتنی "وەڵامێکی ئەرێنی" لە حەماسەوە سەبارەت بە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.

لێدوانەکانی ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا:

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ وتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی."

راشیگەیاند: "گەیشتینە رێککەوتنی گرنگ، کە ئێران و بازرگانی و فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و گرنگترینیان چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەشێکە لە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ترامپ سوپاسی ناتانیاهۆی کرد "لەسەر رەزامەندیی ئەم پلانە کە لاپەڕەیەکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە دەکاتەوە" و هەروەها سوپاسی پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد بۆ پەرەپێدانی پێشنیاری ئێستای ئاشتی.

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی سەبارەت بە کەرتی غەززە... ئەگەر حەماس رازی بێت بە پێشنیارەکە، بارمتەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئازاد دەکرێن."

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە: "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڵێنیان داوە بە چەکداماڵینی غەززە و چەکداماڵینی حەماس و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، و ئێمە پشت بەم وڵاتانە دەبەستین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس... بەپێی ئەوەی بیستوومە، حەماسیش دەیەوێت ئەمە بەدی بێنێت."

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەست دەکەم وەڵامێکی ئەرێنی لە حەماسەوە بەدەست دەهێنین... و ئەگەر ئەمە روی نەدا، ئەوا ئیسرائیل پشتیوانیی تەواوی من دەبێت."

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا: "ناتانیاهۆ بە توندی دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینییە و من تێدەگەم... ناتانیاهۆ جەنگاوەرێکە و ئیسرائیل بە بوونی ئەو بەختەوەرە، بەڵام گەل ئاشتی دەوێت." هەروەها ئاشکرای کرد: "من دانوستانم کرد بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و پلانەکەم دەتوانێت فراوانیان بکات و رەنگە ئێران بەشدارییان بکات... بەشداریی ئێران شتێکی نایاب دەبێت."

لێدوانەکانی ناتانیاهۆ:

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ  رایگەیاند: "ئێستا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و دانانی بناغە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ئاماژەی بەوەشدا: "من پشتیوانی پلانی تۆ (ترەمپ) دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە، کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی هێنا و هەروەها گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس و حوکمڕانییە سیاسییەکەی و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ناکات."

ناتانیاهۆ رونی کردەوە: "پلانەکەت هاوتای پێنج خاڵەکەیە کە حکومەتەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ رۆژی دوای حەماس دایانناوە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر حەماس پلانەکە رەت بکاتەوە یان پێشێلی بکات، ئەوا ئیسرائیل ئەرکەکە بە تەنها خۆی کۆتایی پێدەهێنێت... بە رێگای ئاسان یان سەخت."

لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە: "رەنگە ئەم پلانە ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ غەززە و سەرەتایەکی نوێ بۆ ناوچەکە."