سوریا.. وتنی سرود و دروشم لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کرا
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی وتنی "دروشمی نارەسمی" لەلایەن قوتابییانەوە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا مشتومڕێکی بەرفراوانی لە سوریا دروستکرد، وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە بڕیاریدا وتنەوەی هەموو جۆرە سرود و دروشمێک لە تەواوی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا قەدەغە بکات.
وەزارەتی پەروەردەی سوریا، رۆژی دووشەممە، لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەرجەم پارێزگاکانی کردووە، رایگەیاندووە کە "قەدەغەیەکی تەواو"ە لەسەر وتنی هەر سرود و دروشمێک، بە هەر جۆرێک بێت، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا.
بەپێی گشتاندنەکە، ئەم بڕیارە کاتییە و کاری پێدەکرێت تا ئەو کاتەی سروودی نیشتمانیی رەسمی "کۆماری عەرەبیی سوریا" و دروشمی تایبەتی وەزارەت بەپێی رێکارە دەستوری و یاساییەکان پەسەند دەکرێن.
وەزارەتەکە داوای لە بەڕێوەبەرانی پەروەردە کردووە کە بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکەن و هەر سەرپێچییەک ڕابگەیەنن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ساڵی نوێی خوێندن لە 21ی ئەیلوولەوە بە بەشداریی زیاتر لە چوار ملیۆن قوتابی دەستیپێکردووە.



