قەتەر پشتڕاستی دەکاتەوە: ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لەسەر هێرشەکەی دەوحە کردووە
راهۆز
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر بۆمبارانکردنی بینایەک لە دەوحە، کە دوو هەفتە پێش ئێستا رویدا و تێیدا چەندین سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس هەبوون، پێشکەش کردووە.
ئەلئەنساری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێبووردنی کردووە و بەڵێنی داوە جارێکی دیکە هێرش نەکاتە سەر دەوحە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەیان رازییە لە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا کە دوای هێرشە ئیسرائیلییەکە پێشکەش کراون.
پلانی ترەمپ و وەڵامی حەماس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی راگەیاند، قەتەر و میسر پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان سەبارەت بە غەززە رادەستی حەماس کردووە. ئەلئەنساری رونی کردەوە کە وەفدی حەماس بەڵێنی داوە پلانەکە تاوتوێ بکات، و وتیشی "هێشتا کات زووە بۆ وەڵامدانەوە."
هەروەها ئەلئەنساری ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا ئەمڕۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی تیمی نێوەندگیریی تایبەت بە کەرتی غەززەدا دەکات.
شایەنی باسە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دوێنێ دووشەممە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر هێرشەکە کردووە، ئەمەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجامی دابوو.



