رۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئەمریکا دوای رێککەوتن لەگەڵ تاران، 100 ئێرانی دیپۆرت دەکاتەوە
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی بە فڕۆکەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێک دێت کە لەگەڵ تاران کراوە.
رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، و بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگاداری پرسەکە، ئەم زانیارییەی گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیی بەکرێگیراو رۆژی دووشەممە لە لویزیاناوە فڕیوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ناسنامەی دیپۆرتکراوەکان و هۆکاری هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رونی ئاشکرا نەکراوە. ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی ئاڵۆزییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام ئەم رێککەوتنە لەسەر دیپۆرتکردنەوە ئاماژەیە بۆ هەندێک هاوکاریی سنووردار لە نێوانیاندا.



