ئامیخای چیکلی، وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و روبەروبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکە لە ئیسرائیل، هێرشێکی توندی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی کردووە، ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆرێکی جیهادی" و "دوژمنی سوێندخواردووی شارستانیەتی رۆژئاوا" ناوبرد.

چیکلی لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، داوا لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات کە پشتیوانییەکانیان بۆ ئەردۆغان رابگرن و دەڵێت: "ئەم دیکتاتۆرە جیهادییە بەهێز مەکەن."

ناوبراو نووسیویەتی: "ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندەیە، نزیکە لە کارەساتبارێتیی بە شەرعییەت ناساندنی سەرکردەیەکی پێشووی قاعیدە لە سوریا وەک دەوڵەتمەدارێکی بەڕێز."

ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، ئامانجە گەورەکەی ئەردۆغان بەوە وەسف دەکات کە دەیەوێت ببێتە "سوڵتان و دیکتاتۆری خەلافەتێکی جیهادیی ئیسلامی."

ناوبراو، ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە:

  • پاکتاوی ڕەگەزیی کورد، درووز، مەسیحی و عەلەوییەکان.
  • فراوانخوازی بەرەو دوورگەکانی یۆنان.
  • بەردەوامیدان بە داگیرکاریی نایاسایی باکووری قوبرس.
  • سەرکوتکردنی دڕندانەی هەموو ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی.

شایەنی باسە، ئامیخای چیکلی وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و قوبەقوبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکەیە لە حکومەتی ئیسرائیلدا و بە هەڵوێستە توندەکانی ناسراوە.