رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی لوبنان بە دەستبەسەرداگرتنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حزبوڵڵا دەکات هاوکاری سوپا بکات و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی شەقام.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "العربیة/الحدث"، نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانی حزبوڵڵایە، داوای لەو حزبە کردووە هاوکاریی تەواوی سوپای لوبنان بکەن.

سەرچاوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاندووە، بێری بە حزبوڵڵای وتووە کە "بەکارهێنانی شەقام بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چەک داماڵین هیچ سوودێکی نابێت."

هەروەها سەرۆکی پەرلەمان داوای لە حزبوڵڵا کردووە پشتیوانی حکومەت بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی "یۆنیفیل" لە باشووری لوبنان.

رادەستکردنی چەک:

شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە سەرەتای ئەم مانگەدا (ئابی 2025) بڕیاریدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سوپای راسپاردووە پلانێک بۆ وەرگرتنەوەی چەکی حزبوڵڵا دابنێت. بڕیارە پلانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا (2025) جێبەجێ بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، حزبوڵڵا ئەم بڕیارەی رەتکردووەتەوە و بە "بێ بوون" ناوی بردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.

لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە، لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ چەندین رۆژ بە ماتۆڕسکیل لە ناوچە جیاوازەکاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاڵپشتی کردن لە حزبەکەیان.

هاوکات، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێویستیی دەستبەردارنەبوون لە چەک، رەخنەی توندی لایەنە لوبنانییەکانی لێکەوتووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست نیشانداوە کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە پێشکەشکراوە.

دوێنێ دووشەممە، سەرچاوەیەکی رەسمی لە میسر هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دواتر باسم نەعیم، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسی: "بزووتنەوەکە وەڵامی خۆی بە رەزامەندی لەسەر پێشنیازی نوێی نێوەندگیرەکان پێشکەش کرد." هەروەها حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەش رەزامەندیی خۆیان بە نێوەندگیرەکان راگەیاندووە.

تا ئێستا هیچ وەڵامێکی رەسمی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر ئەم پێشنیازە نەدراوە، بەڵام بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە پێشنیازەکەیان بەدەست گەیشتووە.

ناوەرۆکی پێشنیازەکە چییە؟ 

پێشنیازە نوێیەکە، کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە کاری نێوەندگیری بۆ کراوە، لە چەند خاڵێکی سەرەکی پێکدێت و تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئەو پێشنیازەیە کە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن نێردەی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆفەوە پێشکەش کرا. گرنگترین خاڵەکانی بریتیین لە:

  • ئاگربەستی ٦٠ رۆژە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆماوەی 60 رۆژ رادەگیرێن، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەوێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

  • ئاڵوگۆڕی دیلەکان: لە قۆناغی یەکەمدا، نیوەی دیلەکانی ئیسرائیل کە لە ژیاندان لەگەڵ ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. قۆناغی دووەم ئازادکردنی نیوەکەی دیکەی دیلەکان لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، سەدان دیلی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.

  • هاوکارییە مرۆییەکان:  رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت و میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە رێگەی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سوورەوە دەگەڕێندرێتەوە.

  • کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل: پێشنیازەکە باس لە "دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیل" دەکات، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی کشانەوەکە و ناوچەکان روون نەکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل نزیکەی %75ی کەرتەکەی کۆنترۆڵکردووە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەم مانگەدا پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسەند کرد، بەڵام بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە پێویستی بە چەند هەفتەیەک دەبێت، ئەمەش دەرفەتێک بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست دەهێڵێتەوە.

هاوکات، دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەهۆی کەمیی هاوکارییە خۆراکییەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. وەزارەتی تەندروستی لە غەززە Rایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی برسێتی و بەدخۆراکی بۆ 266کەس بەرزبووەتەوە، کە 112 کەسیان منداڵن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە هاوكاری هێزی ئاسمانی و وشكانی سوپای ئیسرائیل بەرەو دەروازەی غەززە پێشڕەوی دەكات.

راپۆرتە هەواڵییەكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، سوپای ئیسرائیل بە پشتیوانی تانك و زرێپۆش و هاوكاری ئاسمانی، بەرەو گەڕەكی "سەبرە" لە دەروازەی شاری غەززە پێشڕەوی كردووە.

ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، سوپاكەیان هەڵمەتێكی سەربازی فرە رەهەند ئەنجام دەدات، جەنگی غەززەش بە خاڵێكی وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت.

ئەو پێشهاتە لەكاتێكدایە، رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێشنیازێك پێشكەشی وەزیری بەرگری دەكات بۆ داگیركردنی غەززە.   

بەپێی رۆژنامەكە، "سوپای ئیسرائیل 100 بۆ 130 هەزار سەربازی یەدەگ دەهێنێت، بۆ ئەوەی شوێنی هێزە رەسمییەكان بگرنەوە لە چەند شوێنێكی كەرتەكەدا".

راشیگەیاند، كۆنترۆڵكردنی غەززە و گەمارۆدانی بە بەكارهێنانی سێ بۆ چوار فرقە دەبێت، سوپاش چالاكییەكانی لە دەوروبەری شارەكە و گەڕەكی زەیتون زیاد دەكات.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماس رازیبونی بزوتنەوەکەی بە دواین پێشنیازەکان بۆ رێککەوتن لە غەززە ئاشکرادەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماسەوە بڵاویکردەوە، حەماس بە نێوەندگیرە میسری و قەتەریەکانی راگەیاندوە کە رازیبووە بە دواین پێشنیازەکانی نێوەندگیرەکان بۆ ئاگربەست.

هەربەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو پێشنیازانەی حەماس لەبارەیەوە رازیبوە بریتین لە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ و ئازادکردنی بەندکراوە فەلەستینیەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا حەماس بارمتە ئیسرائیلیەکان ئازاد دەکات.

زیا رەشوان لێپرسراوی دەستەی راگەیاندنی فەرمی میسر،بە کەناڵی قاهیرەی میسری راگەیاندوە، وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر پێشنیازەکەی حەماسیان بە ئیسرائیل راگەیاندوە و لە ئێستادا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیلدایە"، هەروەها چاوەڕوانی وەڵامی ئیسرائیل دەکەن لەو بارەیەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزیکەی 780 هەزار ئاوارەی سوری لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان لە پاش روخانی حکومەتی پێشوی سوریاوە هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەی ناوخۆی سوریا گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونیان.

پێگەی ریلیف وێبی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی رابردوەوە 779 هەزار و 473 ئاوارەی سوری لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان کە نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی سوریا و ئەوروپی بوون.

ئاماژەی بەوەشکردەوە، یەک ملیۆن و 694 هەزار و 418 کەس کە ئاوارەی ناوخۆی سوریا بوون، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێشوی خۆیان.

بە پێی سەرژمێریەک کە لە تورکیا کراوە ، لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن نیو هاووڵاتی سوری نیشتەجێی وڵاتی ئەو وڵاتەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ، تەلئەبیب وردەکاریی پلانی داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، پلانەکەی پەسەند کرد و بڕیارە سبەی سێشەممە بیخاتە بەردەم وەزیری بەرگری، یسرائيل کاتس.

سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی باشوور لە غەززە رایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی "عربات جدعون" بەم نزیکانە دەستپێدەکات و جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو تواناکانی خۆی لە وشکانی و دەریا و ئاسمانەوە بۆ لێدانێکی کوشندە لە حەماس بەکاردەهێنێت.

پلانی داگیرکردنی غەززە

پلانەکە تایبەتە بە گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچە کەمانەی کەرتی غەززە کە هێشتا بە تەواوی وێران نەکراون و نزیکەی 25%ی روبەری کەرتەکە پێکدەهێنن.

پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل سەرەتا هێزی وشکانی بنێرێتە پارێزگاکانی غەززە و باکوور بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە باقیی ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە دایانببڕێت، دواتر لە چەندین بەرەوە دەست بە هێرشکردن دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت هێرشە زەمینییەکە بۆ ناو شاری غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا دەستپێبکات و چوار بۆ پێنج مانگ بخایەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای شاری غەززە نیشتەجێن.

بەگوێرەی دەنگی ئیسرائیل، لانی کەم 4 فیرقەی سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن، کە تێکەڵەیەک دەبن لە لیوا هەمیشەییەکان و هێزە یەدەگەکان. 

هاوکات ئیسرائیل بەنیازە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی لە غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دۆسیەی "چەکدانانی حزبوڵا"ی تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پلانە "لە بەرژەوەندیی شیعەکاندایە".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێگ عەون لە کۆشکی بعبدا، بە ئامادەبوونی مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردراوی ئەمریکا و لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "چەککردن بڕیارێکی تایبەت بە دەوڵەتی لوبنانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک لەم دۆسیەیەدا ناکات و هاوکاری بۆ هەموو لایەن جیاوازەکان هەیە.

باراک وتیشی، .حزبوڵا لەبەردەم چەندین بژاردەدایە کە دەبێت بیریان لێبکاتەوە، ناتوانێت شتێک وەربگرێت بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا شتێک نەبەخشێت.

نێردراوەکەی ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی نەداوەتە ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵا، روونیکردەوە کە بڕیارە لوبنانییەکە پێویستی بە هاوکاریی ئیسرائیلە و وتی: "حکومەتی لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە، ئێستا لەسەر ئیسرائیلە هەنگاوی بەرانبەر بنێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران هاوبەشە لە پرسی چەککردنی حزبوڵادا" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لە لوبنان نادات، بەڵکو تەنها کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئێستا دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بابەتێکی ناوخۆیی لوبنانییە و رۆڵی ئەمریکا تەنیا رێنماییکردن بووە و هیچی تر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند، سوپای سوریا بە پشتیوانی هۆزەكان پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.

رۆژنامەی زە ناشناڵی بەریتانی لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای حكومەتی سوریاوە بڵاویكردووەتەوە، لە ئەگەری نەگەیەشتنە رێككەوتن لەگەڵ هەسەدە، حكومەتی دیمەشق پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە، كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.

راشیگەیاندووە، سوپای سوریا هێزێكی بە نزیكەی 50 هەزار سەرباز لە نزیك شاری تەدمور كۆكردووەتەوە و پلانەكەشی بە پشتیوانی هۆزەكانی ناوچەكە ئەنجام دەدات، لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هێرشەكەش، چاوەڕوانی گەرەنتی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات كە دەستوەردان لە شەڕەكەدا نەكەن.

ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردووە، گفتوگۆ و دانووستانەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە بە نێوەندگیری ئەمریكا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ئەمساڵ كە لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا ئیمزا كراوە.

پێشتریش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هەسەدە داوای ناناوەندییان لە سوریا كردووە و ئەحمەد شەرعیش وتویەتی، پێویست ناكات یەكپارچەیی و یەكگرتووی سوریا بە خوێنڕشتن و  ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەدیبهێندرێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە نزیکەی 60 کەس کوژراون کە بەشێکیان  لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکاندا بوون.

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیت سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە 57 کەس کوژراون کە 38 کەسیان لە چاوەڕوانی هاوکاریە مرۆییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شارەکانی ئیسرائیل خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری بەردەوامە  و خۆپیشاندەران داوە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەقینەوەیەكی خۆكوژیی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب لە سوریا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە و سەرچاوەیەكیش دەڵێت روداوەكە تیرۆریستی بووە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، کەسێکی گومانلێکراوە کە گوماندەکرێت تیرۆرستبێت لە نزیک فڕنی وەحدەی گەرەکی مەیسەر لە شاری حەلەب لەڕێگەی پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی تەقاندوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە کوژرانی خۆکوژەکە، ژمارەیەک کوژراو برینداری لێکەوتوەتەوە،  زیانی ماددیش بەر شوێنی روداوەکە کەوتوە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ راشیگەیاندوە، هێزە ئەمنیەکانی سەر بەحکومەتی سوریا لێكۆڵینەوەکانیان لە روداوەكە دەستیپێكردوە بۆ دەستنیشانكردنی چۆنێتی تەقینەوەكە و ئەنجامدەرەكەی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری پەیوەندی و راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتای وەرزی پاییز دەچێتە نیویۆرک.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید مەهدی تەباتەبایی لە لێدوانێکدا وێڕای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە نیۆیۆرک، وتی: رەوتی گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ئێران و لە بواری دیپلۆماسیدا زۆر خێرایە، کەواتە ناکرێت وەڵامێکی وردبینانە بەو پرسیارە بدرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆماری ئێران لەو سەردانەیدا، لە ئاستی باڵادا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات.

وتیشی، پلانی گەشتی نیۆیۆرکی پزشکیان لە قۆناغی ئامادەکردندایە و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپیدا نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل و یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد کە لەلایەن خێزانی بارمتەکانەوە لە ناوەڕاستی تەلئەبیب رێکخرابوو، تیایدا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێککەوتنیان کرد بۆ ئازادکردنی ئەوانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون.

گالانت شانبەشانی خێزانی بارمتەکان و نوێنەرەکانیان دەرکەوت و پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری سەرەکی دووپاتکردەوە و وتی، "کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییەکاندا".

یایر لاپید بە خۆپیشاندەرانی وتووە، "ئەوەی حەماس زۆر لاواز دەکات، دیدگای ئێمەیە بۆ یەکڕیزی، هاودەنگی و بەهێزی پشتیوانی یەکترە لە ئیسرائیل".

هاوکات وەڵامی رەخنەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە، کە خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردن لە حەماس، ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک حکومەت دژایەتی کەسوکاری رفێندراوان و خۆپیشاندەران دەکات، حەماس زۆر بەهێز دەکات".

هەزاران ئیسرائیلی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی گشتیدا کرد و لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا، رێگا گەورەکانیان داخست، لەنێویاندا رێگای قودس- تەلئەبیب، خۆپیشاندەران ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد و وێنەی بارمتەکانیان بەرزکردەوە.

پۆلیس رایگەیاند، تا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 38 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان روویدا و بەشێک لە خۆپیشاندەران رێگاکانیان داخست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە توركیا لە راپرسییەكدا دەرکەوتووە، زیاتر لە 97%ی كورد دەخوازن بە زمانی كوردی بخوێنن.

ناوەندی توێژینەوەی كۆمەڵایەتی - سیاسی لە توركیا، راپرسییەكی بە شێوەی ئۆنلاین لە 23 شاری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە كە نەتەوەی كورد تێیدا دەژین، لە راپرسییەكەدا دوو هەزار و 387 كەس بەشدارییانكردووە، بۆ پێوانەكردنی ئاستی بەكارهێنانی زمانی دایك، بە تایبەت ئەو زمانانەی توركی نین.

بەپێی راپرسییەكە، 97.79%ی بەشداربووان دەخوازن كە زمانی فێركارییان زمانی كوردی بێت، 23.5%ی بەشداربووان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بە زمانی دایكییان "زۆرباش" قسە دەكەن، 43.2% "باشە" و 16.2% "بە خراپی" قسەی پێ دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شارەکانی ئیسرائیل هاووڵاتیانی دەستیانکردەوە بە خۆپیشاندان و مانگرتن  و داوادەکەن حکومەت هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.

ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی ئیسرائیل هەزاران هاووڵاتی رژانە سەرشەقامەکان و زۆربەی رێگا سەرەکیەکانی ئیسرائیلیان داخست، لە نێویاندا رێگە خێراکانی تەلئەبیبی پایتەخت، خۆپیشاندەران داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان و پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە .

لەوبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوانەی داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن بەبێ کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی حەماس، نەک هەر حەماس بەهێزتر دەکەن بەڵکو ئازادکردنی بارمتەکانیش دوادەخەن، هەروەها رێگە خۆشدەکەن بۆ دوبارەبوونەوەی کارەساتەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی  2023.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بە چەند مەرجێك بە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە رازی دەبن .

لە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە بەردەوامیی جەنگ، ئیسرائیل سورە لەسەر مەرجەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە و بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی ناتانیاهۆ ، مەرجەكانی ئیسرائیل بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ، ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان بە یەكجار و دانانی چەكی حەماس و كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و پێكهێنانی حكومەتێكی دوور لە حەماسە.

ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم ئاشكرایكردوە ،  ئەمریكا پێشنیازێكی نوێی بۆ ئاگر بەست لە غەززە و  راگرتنی جەنگ  بۆ ماوەیەكی درێژ ئامادەكردوە، حەماسیش رەزامەندی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێكی مەودا درێژ ، ئامادەیشی دەربریوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواكاریانەی كە پەیوەستن بە بارمتە ئیسرائیلییەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی سوریا، جارێكی تر جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریای دەكاتەوە و ئەگەری دابەشبوونی وڵاتەكەشی رەتكردەوە.

 ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە دانیشتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و ئەكادیمی و سیاسەتمەدار و ئەندامانی سەندیكا پیشەییەكان و كەسایەتییە بەرزەكانی پارێزگای ئیدلب رایگەیاند، داوای دابەشبوونی سوریا رەتدەكەنەوە، وتیشی، ئەوە تەنها خەونێكەو هیچی دیكە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هیچ مەترسییەكی بۆ دابەشبوون له سوریا نابینێت، وتیشی، لە نێو هەندێك كەسدا ئەو خەونە دەبنێت، بەڵام لە رووی لۆژیكی و سیاسی و دەرونیەوە ئەوە زۆر ئەستەمە و رونادات.

شەرع لە درێژەی قسەكانیدا هۆشداری دایە ئەو كەسانە رایگەیاند، ئەوانە كاریگەریان لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵگا هەیە، بەتایبەتیش كە ئەوان لە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتدان.

شەرع راشیگەیاند،  هەندێك لایەنی ناوخۆی سوریا كە داوای پشتیوانی لە زلهێزەكانی ناوچەكە دەكەن، وەك ئیسرائیل، ئەمە جگە لە نانەوەی دووبەرەكی لە ناوخۆدا هیچی دیكەی لێناكەوێتەوە.

سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیداش، شەرع جەختی لەوە كردەوە كە دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لەو كەسانەی كە پێشێلكارییان ئەنجامداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4647484950...104