بەپێی راپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، کە پشتی بە زانیاریی چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیلی بەستووە، ناکۆکی و بێئومێدی لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە.

بەرپرسان ئاشکرایان کردووە کە ناتانیاهۆ ناچارە یەکێک لەم دوو رێگەیە هەڵبژێرێت: یان دەبێت خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ جێبەجێ بکات، یان ملکەچی فشارەکانی هاوپەیمانەکانی بێت لە حکومەتەکەیدا، کە خوازیاری بەردەوامیی جەنگن.

بەرپرسێک لە کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی وتووە: "ئێمە تێناگەین ناتانیاهۆ پلانی چییە، لە کاتێکدا دەبوو هەموو سەرنجی لەسەر ئیسرائیل و غەززە بوایە."

هەمان بەرپرس، جوڵەکانی ناتانیاهۆ بە نیگەرانییەکانییەوە دەبەستێتەوە سەبارەت بە دۆسیەی دادگاییکردنەکەی و دەڵێت: "رونە کە نیگەرانیی ناتانیاهۆ لەبارەی دادگاییکردنەکەی، هۆکاری سەرەکیی رەفتارەکانیەتی."

فشاری کۆشکی سپی و بێئومێدیی راوێژکاران:

زانیارییەکانی ئەکسیۆس چەندلایەنێکیتری گرژییەکان دەخاتە روو:

هەڕەشەی هەڵگەڕانەوە: یاریدەدەرانی ترەمپ هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ناتانیاهۆ پلانی ئاشتی رەتبکاتەوە، "لەوانەیە ترەمپ پشتی تێبکات".

کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان: پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، تەنانەت لەناو خودی کۆشکی سپیدا، "ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزین بەخۆوە بینیوە".

کۆتاییهاتنی ئارامی: راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ، وەک جارید کوشنەر و جەیسن ویتکۆف، "ئارامییان بەرامبەر ناتانیاهۆ لە کۆتاییهاتندایە" و گەیشتوونەتە "ئاستی بێئومێدی" لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

قۆستنەوەی ترەمپ: بەشێک لە راوێژکارانی ترەمپ پێیان وایە "ناتانیاهۆ ترەمپ دەقۆزێتەوە و بۆ مانەوەی سیاسیی خۆی، سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات".

مەترسی لەسەر سیاسەتی ترەمپ: راوێژکاران جەخت دەکەنەوە کە "هەموو ئەو شتانەی ترەمپ دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی بهێنێت، پووچەڵ دەبنەوە ئەگەر نەتوانێت ناتانیاهۆ رازی بکات بە کۆتاییهێنان بە جەنگ."