یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد وەفدی وڵاتەكەی بۆ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێكەوتوون و پێدەچێت قالیباف سەرۆكایەتیان بكات.

سەعید خەتیبزادە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران  رایگەیاند، وەفدێكی ئێران بۆ دانوستانی رۆژی هەینی لەگەڵ ئەمریكا دەچێتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان.

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشكرد، پاكستان پێی راگەیاندوون، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەرۆكایەتیی وەفدی ئەمریكا دەكات، بۆیە ئەگەری هەیە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران سەرۆكایەتی وەفدەكەی ئێران بكات.

 راشیگەیاند، بەهۆی پێشێلكردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، وڵاتەكەی شەوی رابردوو لە لێواری وەڵامدانەوەی سەربازیی یەكلاكەرەوەدا بووە، بەڵام بە نێوەندگیریی پاكستان و گەیاندنی پەیامێك لەلایەن ئەمریكاوە بۆ قایلكردنی ئیسرائیل بۆ راگرتنی ‌هێرشەكان بۆ سەر لوبنان، ئێران وەڵامدانەوەی دواخستووە.

جەختیشیكردەوە، پێویستە بەدیهاتنی ئاشتی لە ناوچەكە لوبنانیش بگرێتەوە و سەعاتەكانی داهاتووش زۆر چارەنووسساز دەبن.