جەهەپە ئاشکرایکرد، ئەندامەکانمان لە کۆمسیۆنی چارەسەری ئامادەنین سەردانی ئۆجەلان بکەن.
پارتی گەلی كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەندامەکانیان لە کۆمسیۆنی ئاشتی ئامادە نین بچنە ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابینە بەشێک لەو وەفدەی کە سەردانی ئیمراڵی دەکات، وتیشی، کارەکانمان لە ناو کۆمسیۆنی چارەسەری بەردەوام دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە، کۆمسیۆنی چارەسەری بۆ ئەوەی بچێتە ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، لەکۆی 51 ئەندام دەبێت 31 ئەندامیان بە بەڵی دەنگبدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئێستا لە رووی پێداویستی جەنگییەوە لە هەموو كاتێك زیاتر ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئیسرائیل.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، پێداویستییە جەنگییەكانیان لە رووی چەندایەتی و كوالێتییەوە لە رەوشێكی پێشكەووتوتردایە وەك لە جەنگی پێشوو، وتیشی، ئێستا ئێران بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی نوێیی ئیسرائیل.
پێشتریش عەزیز ناسرزادە وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، لە كۆتایی مانگی ئەیلولەوە دوو هەزار تۆن سۆدیۆم پەركلۆراتیان لە چینەوە پێگەشتووە كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە سووتەمەنی موشەكدا، جگە لەوەی روسیاش لە لایەكی ترەوە لە رووی فرۆشتنی چەكەوە هاوكاری ئێران بووە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: بە رێككەوتن بێت یان بەبێ رێككەوتن بەرژەوەندییەكانیان لە سوریا دەپارێزن.
سەرەڕای ئیدانە سوری و عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان لەبارەی سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ باشوری سوریا، ناتانیاهۆ دووپاتیكردەوە، ئیسرائیل بڕیاریداوە بەرژەوەندییەكانی لە سوریا بپارێزێت ئەگەر لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێككەوتنی ئەمنیی یان نا.
وتیشی، ئەگەر رێكەوتنی ئەمنیی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا بكرێت زیاتر لە بەرژەوەندی دیمەشقدایە.
ناتانیاهۆ راشیگەیاند، ئیسرائیل بڕیاریداوە رێگری بكات لە دووبارەبوونەوەی روداوەكانی 7ی تشرینی یەكەمی 2023 لە هەر سنوورێكەوە بێت، لەنێویاندا سوریا، جەختیشیكردەوە، سەردانەكەی بۆ سوریا بە مەبەستی دڵنیابوون بووە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەناو ناوچەیە.
دوو رۆژ بەرلەئێستا ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگری و چەند فەرماندەیەكی سەربازیی ئیسرائیل سەردانی باشوری سوریایان كرد بۆ بەسەركردنەوەی سەربازە ئیسرائیلییەكان كە لەو ناوچەیە جێگیركراون.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئەدیرنەوە لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی بولەنت ئارنچی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەوە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکەم کە بەمەبەستی شێواندن، هەڵبەستن و بەلاڕێدابردن خراونەتە پاڵ من". ئەمەش لە دوای ئەوەدێت بولەنت ئارنچی رایگەیاند: دەمیرتاش داوایکردووە سەردانی ئەردۆغان بکات.
"قورسترین شت شێواندنی قسەکانمە"
دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، "بۆ ماوەی 9 ساڵ بەبێ تاوان لە زیندانێکی تاکەکەسییدا هەزاران سەختی و ناڕەحەتی هەیە، بەڵام بەشداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتیی گەلەکەمان، هێزی بەرگەگرتنی هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵاینمان پێدەبەخشێت."
هەروەها دەڵێت، "ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک ماندووم دەکات ئەوەیە کە قسە و بۆچوونی وا دەخرێتە پاڵم کە تەنانەت ئاماژەشم پێنەداوە و بەو شێوەیە بە رای گشتی دەگەیەندرێت. من پرسیار لە نیازی ئەو کەسانە ناکەم کە ئەم کارە دەکەن، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و دڵنیابێت؛ من بە سەربەرزی و کەرامەتەوە هاتمە ئێرە و بەبێ ئەوەی رێگە بدەم کەرامەتم پێشێل بکرێت، هەر بە سەربەرزیش دەچمە دەرەوە، یان تا کۆتا رۆژی ژیانم لێرە دەمێنمەوە. بۆ من هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە".
بڕیارێکی نوێی راگەیاند:
دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنانەت بە نیازپاکییشەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی منەوە قسە بکات. کاتێک پێویست بکات، خۆم بۆچوونەکانم لەگەڵ رای گشتی هاوبەش دەکەم. هیچ لێدوان و بۆچوونێک کە راستەوخۆ لەلایەن خۆمەوە بڵاونەکرێتەوە، پەیوەندی بە منەوە نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی زیندانەوە ساڵانێکە ئەم کارە دەکرێت و راستکردنەوەی هەر یەکێکیان بووەتە ئەرکێکی قورس. بۆیە بە داوای لێبوردنەوە رایدەگەیەنم، لەمەودوا جگە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم، چاوم بە هیچ سیاسەتمەدار و پارێزەرێک ناکەوێت، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە بۆ رێگریکردن لەم شێواندن و بەکارهێنانە".
ئارنچ لە میانی بەشداریکردنی لە کەناڵێکی یوتیوب بەناوی "Fikir Coğrafyası" لە زاری دەمیرتاشەوە دەیگێڕێتەوە:
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە بەڕێز ئەردۆغان بکەوێت. پێموانییە بتوانێت بیبینێت، بەڵام وتی تەنها ئەمەم بە سەرۆک کۆمار پێ بڵێ: با رووداوەکانی رابردوو وەلاوە بنێین. من لەو رووداوانەدا هیچ کاتێک پشتیوانی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەناو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان تێکەڵ بەو رووداوانەمان بکەن. من سیاسەتم هەڵبژارد، نەک تیرۆر. هەرگیز بیرم لە توندوتیژی نەکردووەتەوە و هانم نەداوە بۆی. هەوڵمداوە ببمە سیاسەتمەدارێکی باش. رەنگە بەرپرسیارێتی قسە و کرداری هاوڕێکانم لە ئەستۆ بگرم، بەڵام لە رووداوەکانی کۆبانێدا کە بەهۆیەوە تاوانبار کراوم، بەشداری هیچ تاوانێکی کوشتنم نەکردووە، بەڵام هیچ کینەیەکم بەرامبەر بە تۆ نییە. تۆش خزمەتی دەوڵەت و گەلت کردووە. ئەگەر من هەڵەم کردبێت، رەنگە تۆش هەڵەت کردبێت. لەمەودوا هەرگیز بیر لە خۆکاندیدکردن و سیاسەت و شتی لەو جۆرە ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێن بدەم کە هەر شتێک بۆ وڵاتەکەم پێویست بێت، ئەنجامی دەدەم".
ئارنچ لە کۆتاییدا دەڵێت، "منیش وتم ئینشائەڵا و ماڵئاواییمان لە یەکتر کرد".
كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات.
كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئێرانییەکان رێککەوتنیان دەوێت، دوای ئەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئەوانمان لەناوبرد، ئەگەری زۆرە لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، ئەوەشی خستەڕوو بە بەهای 270 ملیار دۆلار رێککەوتن لەگەڵ سعودیەی ئیمزا دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ باسی هێرشەکانی وڵاتەکەی کرد بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، بە خێرایی و بە هێز لەناومان برد، رەنگە بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.
ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەرکردەیەکی بوێرە و پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێکەوە بناغەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان سعودیە و ئەمریکایان داناوە.
لەبارەی ئیمزاکردنی گرێبەستە ئابورییەکانیشەوە لەگەڵ سعودیە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد؛ لە نێوان کەرتی ئەمریکی و سعودیە رێککەوتنێک بە بەهای 270 ملیار دۆلار ئیمزا دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی سوریا بە توندی ئیدانە دەکەن، ئەوە پێشلکردنێکی ئاشکرای سەروەری خاکی سوریا و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
دوای ئەوەی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە یاوەری وەزیری بەرگری وڵاتەکەی سەردانی هێزەکانیان کرد لە خاکی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو سەردانەی کردوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە؛ سوریا بە توندترین شێوە سەردانە نایاساییەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوە بۆ باشووری سوریا ئیدانە دەکات.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئەو رێوشوێنانەی ئیسرائیل لە باشووری سوریا گرتوویانەتە بەر پووچەڵن، سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی جیددی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی دەزانێت و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن ئیسرائیل ناچار بکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ساڵی 1974 و پێشێلکارییەکانی لە خاکی سوریادا رابگرێت.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەیەی کە هەفتەی رابردوو لە کەندادا دەستی بەسەردا گرتبوو، ئازاد کردوە و بڕیوەبەری کەشتیەکەش پشتراستیکردوەتەوە کە سەرجەم کارمەندانی ناو کشتییەکە سەلامتن و ئازاد کراونو دەستیان بە کارەکانیان کردوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندوە؛ کەشتی نەوتهەڵگری "تەلارا"یان ئازاد کردوە، کەشتیەکە هەفتەی رابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی باری نایاسایی دەستیبەسەردا گیرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی کەشتیەکانی کۆڵۆمبیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، کەشتیی نەوتهەڵگری "تەلارا" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ 21 ئەندامی تیمەکەی ئازادکراوە، کە هەموویان سەلامەتن.
کۆمپانیاکە روونی کردەوە کە هیچ تۆمەتێک لە دژی کەشتییەکە و تیمەکەی و کۆمپانیای خاوەندارێتی کەشتییەکە تۆمار نەکراوە و ئێستا کەشتیەکە ئازادە لە دەستپێکردنەوەی کارە ئاساییەکانی.
سوپای پاسداران رایگەیاند بوو، بە بڕیاری دادگا دەستیان گرتوە بەسەر کەشتییەکەدا کەبەرەو سەنگافورە بەڕێکەوتوە و بیانوەکەشیان ئەوەبوە، کە کەشتییەکە بارێکی بێ مۆڵەتی پێ بووە
ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران، نەخشەیەکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردوە، ئەگەر ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، 15 لە ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی ئێران تەخی زەوی دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسداران بە دانانی نەخشەیەک، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە بۆسەر ئێران، ئەو شوێنانە کە ستراتیژین، لە لایەن موشەکەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج.
ئەو شوێن و ناوەندانەی سوپای پاسداران بڵاوکیکردوەتەوە بریتین لە پاڵاوگەکانی سوتەمەنی، وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە غاز و نەوتییەکان.
سوپای پاسداران ناوی شوێنەکانیشی بڵاوکردوەتەوە، کێڵگەی غازی کاریش، کێڵگەی غازی تەمار، پاڵاوگەی نەوتی حەیفا، پاڵاوگەی نەوتی ئەشدۆد، وێستگەی کارەبای هاگیت، کێڵگەی نەوتی هاڵتز، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئەشقەلۆن، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئیلات ئەو شوێنانەن کە سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە موشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای شەڕی 12رۆژەی نێوانیان، بەردەوام ئیسرائیل و ئێران هەڕشە لە یەکتری دەکەن و پەیامی هەڕەشە ئامیز ئاراستەی یەکدی دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، هێرشێکی توندی کردە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا شارەوانەکانیانن. هاوکات باسی لە دەستکەوتە ئابورییەکانی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە.
لە پاش ئەوەی کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".
سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی کردە سەریو بە دوڕوو فێڵباز ناوی بردن، هاوکات ئاماژەی بە کاری حزبەکەی خۆیکرد و وتی؛ بەپێی ئامارەکانی چارەکی سێهەمی ساڵی 2025، رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە و ماوەی 29 مانگە رێژەکە لە یەک خانەدا (خوار 10%) ماوەتەوە. وتیشی، "ئێمە ئەنجامەکانی بەرنامە ئابورییەکەمان وەردەگرین. ئەم سەرکەوتنانەمان سەرەڕای ململانێ گەرمەکانی ناوچەکە و جەنگی بازرگانی بەدەستهێناوە."
ئەردۆغان بە توندی هێرشی کردە سەر جەهەپە و وتی: "لەکاتێکدا سەرۆکی جەهەپە و هاوڕێکانی تەنها درۆ و ململانێ بەرهەمدەهێنن، ئێمە رۆژانە 550 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکەین. لەکاتێکدا ئێمە وەک دەسەڵات و هاوپەیمانێتی خەریکی خزمەتکردنی وڵاتین، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەدوای حەز و ئارەزووەکانی خۆیدا دەگەڕێت."
وتیشی: "دوێنێ سەیرم کرد، دیسان لاسایی ئێمەیان کردۆتەوە. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیاندا ڤیدیۆیەکیان نمایش کردووە. بێگومان کاتێک یەک بەرهەم و خزمەتگوزارییان نییە، تەنها دۆسیەی گەندەڵییان بەدەستەوە دەمێنێت. ئەگەر لەسەر ئەمە بڕۆن، هیچ کێشەیەکیان لە دۆزینەوەی کەرەستە بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ نابێت. لە قوتوی بەقلاوەوە تا بورجی پارە، بەشی چەندین ساڵیان کەرەستە لایە."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە جەهەپە هەوڵدەدات بە زۆر ئاکپارتی تێوەبگلێنێت لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا و وتی: "بەڕێز ئۆزێل با ئەوە لەبیر نەکات، ئێمە نە لایەنی شەڕی ناوخۆیی ناو پارتەکەیانین و نە لایەنی ئەم دۆسیەیەین کە پڕە لە تۆمەتی شەرمهێنەر."
ئەردۆغان بە تووندی وتی: "ئەم حیسابە بە فێڵبازیی سیاسی و شاردنەوەی تاوان داناخرێت. تۆمەتباری یەکەمی ئەم دۆسیەیە شارەوانەکەتان یان شارەوانەکانتانن. سکاڵاکار و دانپێدانەرانی ئەم دۆسیەیەش هەر پیاوی خۆتانن. ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم دۆسیەیەدا نین و نەبووین."
لە کۆتاییدا وتی، "ئێمە لەگەڵ گەلەکەماندا دەبینین کە چۆن هەوڵی سیاسییکردن و شلکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دەدەن. هێرشکردنە سەر ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە."
ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی باش (İYİ Parti)، وەڵامێکی توندی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دایەوە سەبارەت بە سەردانیکردنی ئیمراڵی و رایگەیاند، "دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد."
سەرۆکی پارتی باش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی باخچەلی گرت کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپەدا پرسیاری لە پەرلەمانتارانی کردبوو "ئایا رێگەم پێدەدەن بچم بۆ ئیمراڵی؟" و ئەوانیش بە چەپڵەڕێزان وەڵامیان دابووەوە.
دەرڤیشئۆغڵو وتی: "سەرەتا وتەبێژی ئیمراڵی دەرکەوت و داوای مافی هیوای کرد، بەڵام سەرینەگرت. وتیان با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، ئەوەش سەرینەگرت. هەموو فێڵێکیان کرد و دۆستە گیانی بە گیانییەکەی، نومان کورتوڵموشیشی هێنایە ناو باسەکەوە و ویستی پەرلەمان بەرێت (بۆ ئیمراڵی). بینی ئەوەش سەرناگرێت، چونکە گەلی تورک بەرگری دەکرد. گەلی تورک فریوی نەخوارد و کۆڵی نەدا. لە کۆتاییدا دەرکەوت و وتی ئەگەر پێویست بکات من و هاوڕێکانم دەچین. پرسیاریشی لە چەپڵەلێدەرەکانی کرد و وتی 'رێگەم پێدەدەن بچم؟' و ئەوانیش چەپڵەیان لێدا."
سەرۆکی پارتی باش بە تەنزەوە وتی: "پێویستە لێیان بپرسرێت، تا ئێستا چی کردووە کە داوای مۆڵەتی لێکردوون تا ئێستاش داوا بکات؟ دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کردووە. مخابن!"
دەرڤیشئۆغڵو جەختی کردەوە: "بەڕێز باخچەلی بۆ کوێی دەوێت با بچێت، دەیەوێت بۆ قەندیل یان ئیمراڵی، ئاراستەی گەل ناگۆڕێت."
رەخنە لە راوێژکارەکەی ئەردۆغان:
هاوکات دەرڤیشئۆغڵو هێرشی کردە سەر محەمەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆک کۆمار، لەسەر نوسینێکی سەبارەت بە یاسایەکی تایبەت کە دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید دەرچووە و وتی:
"یەکێک لە ماستاوچییەکانی کۆشک کە پۆستی سەرۆکی راوێژکارانی هەیە، وادیارە ئیلهامی لە نومان کورتوڵموش وەرگرتووە و بۆ بەخشینی شەرعیەت بە "تیرۆریستان"، بابەتەکەی گەیاندۆتەوە سەر مستەفا کەمال ئەتاتورک. گەمژەیی، خراپەکاری و ناپاکی، هێندە هێڵی نزیکن لە یەکەوە کە لە خاڵێک بەدواوە جیاکردنەوەیان مەحاڵە."
وتیشی، "ئەم راوێژکارە پسپۆڕەی یاسای کار، دۆزینەوەی ئاماژە لە مستەفا کەمالەوە بۆ لێبوردنی پەکەکە، کارێکی زۆر داهێنەرانەیە. راستە، کۆمار سەرەڕای ئەوەی لە پشتیەوە خەنجەری لێدرا، لێبوردنی دەرکرد، بەڵام سەرۆکی یاخیبووەکانی نەکردە قسەکەر و حوکمەکەی بە گەردنیدا هەڵواسی. واتە کۆمار کاری پێویستی کرد."
باخچەلی چی وتبوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت سەردانەکە بکات، ئەوا 3 هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و لە چوون بۆ ئیمراڵی و لە رووبەڕووبوونەوە لەسەر مێزێک سڵناکەمەوە."
فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، رایگەیاند، رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، بڕیاری سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی دەدات.
ئەم لێدوانە دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دێت، کە رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت بچێت، ئەوا سێ هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و بە توانای خۆمان دەچینە ئیمراڵی".
"پارتەکان هەڵوێستیان روون بکەنەوە"
فەتی یڵدز ئەمڕۆ هەڵوێستەکەی باخچەلی زیاتر روونکردەوە و وتی: "رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاری چوون بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەدات. لە ماوەی چەند رۆژێکیشدا وەفدێک کە لە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکان پێکدێت، بۆ وەرگرتنی لێدوانەکانی دامەزرێنەری پەکەکە سەردانی دوورگەکە دەکات."
ناوبراو داوای لە پارتە سیاسییەکانی دیکە کرد و وتی: "ئەگەر پارتێکی سیاسی هەیە کە نایەوێت پەرلەمانتار بنێرێت بۆ وەفدەکە، دەبێت بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون بە رای گشتی رابگەیەنێت."
یڵدز پرۆسەکەی بە "هەنگاوێکی سیاسیی دامەزرێنەرانە" وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەقڵی دەوڵەت، کاردانەوە کاتییەکان و ستراتیژییە درێژخایەنەکان بە وردی لە یەکتر جیادەکاتەوە. نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر"، پرۆسەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و رادەستکردنی چەکەکانی بەبێ هیچ ئەمما و بەڵام و مەرجێک."
وتیشی، "ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بابەتی دانوستان و گفتوگۆ نین و پاراستن و گەشەپێدانیان ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتە."
وابڕیارە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی هەینی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سعودیەى وەک "هاوپەیمانێکی سەرەکی" لە دەرەوەی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ناساند، ئەمەش وەک هەنگاوێک کە قووڵی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و ریاز دەردەخات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترەمپ و شازادەی جێنشینی سعودیە رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان واژۆ کرد.
بەپێی ئەم بڕیارە، سعودیە بووە بیستەمین وڵات کە بە رەسمی ئەم نازناوەی پێبەخشراوە. وڵاتانی دیکەی وەک ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەحرەین، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، میسر، ئیسرائیل، ژاپۆن، ئوردن، کینیا، کوێت، مەغریب، نیووزلەندا، پاکستان، فلیپین، قەتەر، کۆریای باشوور، تایلەند و تونس پێشتر ئەم نازناوەیان بەدەستهێناوە.
گرنگیی نازناوەکە و رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:
ئەم پۆلێنکردنە وەک هەنگاوێکی هێمایی بەهێز سەیر دەکرێت کە تەوژمى بەهێزی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان واشنتن و ریاز پیشان دەدات، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی هاوبەش دژی هەڕەشەکانی ناوچەکە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی نوێی بەرگریی کە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 و وەبەرهێنانی زۆری سعودیە لە ئەمریکا دەگرێتەوە.
کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1987ەوە بەپێی مادەی 22ی دەستووری ئەمریکا، دەستی بە بەخشینی ئەم نازناوە کردووە، بەڵام ئەمە گەرەنتی بەرگریی هاوبەش ناگرێتەوە وەک مادەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، کە ئەندامەکانی پابەند دەکات بە بەرگریکردن لە یەکتر ئەگەر یەکێکیان رووبەڕووی هێرش ببێتەوە.
گرنگترین سوودەکانی ئەم نازناوە:
ئاسانکاری لە کڕینی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی بە خێرایی و بە مەرجی باشتر.
ئیمکانیەتی عەمبارکردنی چەکی یەدەگی ئەمریکی لەسەر خاکی وڵات (وەک کۆگاکانی جەنگ).
لەپێشینەدان لە بەدەستهێنانی کەرەستەی سەربازیی زیادە لە سوپای ئەمریکا (وەک فڕۆکە یان کەشتی).
رێگەدان بە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر گرێبەستەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی لە دەرەوە.
تەمویلی باشتر بۆ کڕینی چەک، و قەرزی مادە و کەرەستە بۆ مەبەستی توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوبەش.
بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری، و مەشق و راهێنانی سەربازیی هاوبەش.
رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:
هەر لەم چوارچێوەیەدا، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان لە نێوان سعودیە و ئەمریکادا واژۆ کرد.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودیە "واس"، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژی و پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکانی نێوانیان دێت کە زیاتر لە 90 ساڵە هەردوو وڵاتی پێکەوە بەستووەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم رێککەوتنە "هەنگاوێکی سەرەکییە کە هاوبەشیی بەرگریی درێژخایەن بەهێز دەکات، و پابەندبوونی هەردوو لایەن بە پشتگیریکردنی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا نیشان دەدات."
رێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سعودیە و ئەمریکا دوو هاوبەشی ئەمنین کە توانای کاری هاوبەشیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەجۆرێک کە هەماهەنگیی بەرگریی درێژخایەن قووڵتر دەکات، و توانای رێگریکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی، لەگەڵ پەرەپێدان و تەواوکاریی تواناکانی بەرگری لە نێوان هەردوو لایەن دەچەسپێنێت."
هەروەها رێککەوتنەکە "چوارچێوەیەکی پتەو بۆ هاوبەشیی بەرگریی بەردەوام و بەردەوام دەستنیشان دەکات، کە یارمەتی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات دەدات."
پۆلێنکردنی هاوپەیمانێکی سەرەکی لە دەرەوەی ناتۆ، وەک هاوبەشییەکی ستراتیژیی زۆر پێشکەوتوو لە چەک، مەشق و راهێنان و هاوکاریدا دادەنرێت، بەڵام "هاوپەیمانێتی بەرگری" نییە. بەڵام "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش" واتە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتێک کە رێککەوتنەکەی واژۆ کردبێت، وەک هێرشێک بۆ سەر خودی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت، و ئەمریکا بە یاسایی پابەند دەکات بە دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، بە بیانوی بونی حەماس بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە عەین ئەلحیلوە لە باشووری لوبنان کرد و بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
درەنگانێکی ئەمشەو سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەیەکیان بۆردومان کردوە لە باشوری لوبنان کە چەکدارانی حەماس تێیدا مەشق و راهێنانیان کردوە و وەک شوێنێک بۆ چالاکی دژی ئیسرائیل بەکاریان هێناوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ ئەو شوێنەی کە بۆردومانیان کردوە لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بە مەبەستی پلاندانان و ئەنجامدانی هێرش دژی سەربازانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.
بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان لە هێرشەکەدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوارکەسی دیکەش بریندار بوون، سوپای ئیسرائیل دەڵێت؛ پێش هێرشکردنەوە ئامادەکارییان کردوە بۆ ئەوەی زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگەیەندرێت.
ئەوەشیخستوەتەروو، چەکدارانی حەماس لە ئێستادا لە لوبنان چالاکی ئەنجامدەدەن، هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ و لە هەرشوێنێک بن لەلایەن سوپاکەیانەوە دەکرێنە ئامانج و ئۆپراسیۆنەکانیان دژ بە حەماس بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، هیچ دوودڵی ناكات بۆ سەردانی ئیمراڵی و ئەگەر كەسیش رازی نەبێت لەگەڵ سێ هاوڕێی سەردانی ئۆجەلان دەكات.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" رایگەیاند، بابەتی چوون یان نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێت كۆتایی بێت، چونكە ئەگەر پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی پرۆسەی ئاشتی مەحاڵ بێت، چۆن ئەنجامەكان بەدەست دەهێنرێن.
وتیشی، دوو دڵی ناكات لە چوون بۆ ئیمراڵی و سێ هاوڕێی لەگەڵ خۆی دەبات، یاخود بە تەنها دەڕوات و سەردانی ئیمراڵی دەكات و چاوپێكەوتنی روبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دەدات.
باخچەلی راشیگەیاند، كەسانێك هەن هەوڵی تێكدانی پرۆسەكە دەدەن و پێویستە وریابن لەو بابەتەدا، تاكە داواكاریش ئەوەیە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن.
یەڵماز تونج وەزیری دادی توركیاش لەبارەی ئەو بابەتە رایگەیاند، بڕیاری سەردانی ئیمراڵی بە تەواوی پەیوەستە بە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و چاوەڕێی بڕیاری كۆمیسیۆنن لەسەر ئەو بابەتە.
باخچەلی: بابەتی چوون یان نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێت كۆتایی پێبهێنرێت
باخچەلی: ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ لایەنی سەرەكی ئاشتی نەبێت بێت ناگەینە ئامانج
باخچەلی: دوو دڵی ناكەم لە چوون بۆ ئیمراڵی و چاوپێكەوتنی روبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دەدەم
وەزیری دادی توركیا: بڕیاری سەردانی ئیمراڵی پەیوەستە بە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی
بەهۆی ناكۆكی لەسەر كشانەوە لە سنورەكانی باشوری سوریا، گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا گەیشتوونەتە بنبەست و راگیراون.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئیسرائیل بۆ كشانەوە لەو ناوچانەی لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەرداگرتوون، مەرجی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ سوریا داناوە لەبری رێككەوتنی ئەمنی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سوریا بەو مەرجە رازی نییە و دەیەوێت ئیسرائیل لە سەرجەم ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە لەدوای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە داگیریكردون و بگەڕێتەوە بۆئەو ناوچانەی بەر لە روخانی ئەسەد لێی بووە.
دوو رۆژ بەر لەئێستاش، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە جەبەل شێخ دەمێنێتەوە كە زنجیرە چیایەكە چوار لوتكەی بەرزی هەیە و دەڕوانێت بەسەر دیمەشق و لوبنان و بەرزاییەكانی جۆلاندا.