رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەکسیۆس رایانگەیاند کە تەلئەبیب سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوو وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ دیاری کردووە، هەروەها هۆشداریشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان داوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کردووە تا کەرتی غەززە داگیر بکات و تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەر تا 15ـی ئایار رێککەوتن نەکرێت.

لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە؛ بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا رونی کردەوە: "بژاردەی دیکەی بەردەستی فەلەستینییەکان ئەوەیە کەرتی غەززە جێ بهێڵن، بەڵام ئەستەمە دانیشتووان لە کەرتەکە بڕۆن، بە تایبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێک رازی نەبووە فەلەستینییەکان وەربگرێت؛ بەڵام دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لەم بارەیەوە لە ئارادایە".

هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن ئەم پلانە نوێنەرایەتی بژاردەیەکی "ئەتۆمی" دەکات و جەختیان لەوە کردەوە: "پێمان باشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی خۆمان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی بەدوور بگرین".

بەپێی وتەی هەمان ئەو بەرپرسانە، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا رۆڵی راستەوخۆ لە نێوەندگیریدا ناگێڕێت، ئەمەش بە شێوەیەک گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵکردووە تاکوو بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە بە پێویستی دەزانێت.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی بەرفراوان پاڵ بە حەماسەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.

بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ترەمپ سەردانێکی سێ رۆژە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات و بچێتە سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات یان نا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئامانجە تیرۆریستییەکانمان تێکشکاند."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستیەکانی رژێمی تیرۆریستی حوسی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە".

هەروەها رایگەیاند کە "ژێرخانی حوسییەکانی لە ناوچەی کەناراوی یەمەن کردووەتە ئامانج".

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تیادا بەکاردێت".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "هێرش کرایە سەر کارگەی چیمەنتۆی باجل لە رۆژهەڵاتی حودەیدە، کە وەک دامەزراوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ حوسییەکان بەکاردەهێنرێت و بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی سەر بە ڕژێمی حوسی کەڵکی لێوەردەگیرێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەهێزەوە بەردەوام بێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک لە سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل لە هەر مەودایەکدا کە پێویست بکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە کەرتی غەززە پەسەند کرد، هاوکات پلانی راگواستنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا بڕیار دراوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە فراوانتر بکرێن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە.

ئەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە، تیایدا جەخت لەسەر راگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشوری کەرتەکە کراوەتەوە، هەروەها چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە “ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ رزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس”.

نەتانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ سەرخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە راگواستنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەرگرتنی دانیشتوانی غەززە بکەن.

لەلایەکی ترەوە، دەستەی گشتیی میدیای ئیسرائیل (کان) بڵاوی کردووەتەوە کە پلانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت و وردەکارییەکانی بە نهێنی پارێزراون.

شایەنی باسە، ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێت لەوەی نەیەوێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا زۆر پرس چارەسەر دەبن.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، چاوەڕێی عومان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

وتیشی، داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن کە رۆڵی بنیاتنەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بگێڕن.

دەشڵێت: هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئیرادە و پرەنسیپە جێگرەکانی ئێمە نابێت.

ئەوەشی خستە روو، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتە روو و لەو رووەوە جێگیرین. ئەگەر خواستی لایەنە ئەمریکییەکان ئەوە بێت کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، پێموایە ئەگەر راستگۆ بن زۆر پرس چارەسەر دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی سەربەخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستان کرد لەسەر پڕۆگرامییە ئەتۆمییەکەی ئێران و تاوەکو ئێستاش دوو گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی لە ئێران، دوو كەس دەستگیركران كە یەكێكیان لێپرسراوێكی حكومییە. 

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دوو كەس دەستگیركراون لەسەر تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی كە 26ی نیسان رویدا، كە یەكێكیان لێپرسراوێكی حكومییە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخرێتەڕوو.

پێشتر لێپرسراوانی ئێران هۆكاری تەقینەوەكەیان بۆ كەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە رێكارە ئەمنییەكان گەڕاندەوە، بە تایبەت كە ئەو تەقینەوەیە لە ناوچەیەك بووە كە جموجوڵی بازرگانی زۆری ئێرانی لێدەكرێت و هەروەها نزیك گەرووی هورمز بووە كە پێنج یەكی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

رۆژی شەممەش، مانگی سوری ئێرانی كۆتاییهاتنی هەڵمەتی گەڕانی لە شوێنی تەقینەوەكە راگەیاند.

بەپێی ئەو ئامارانەی ئێران بڵاویكردووەتەوە، لەو تەقینەوەدا، 57 كەس كوژران و چەند سەرچاوەیەكیش دەڵێن، ئامارەكە زۆر لەوە زیاترە كە بڵاوكراوەتەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حوسییەکانی یەمەن، رایانگەیاند کە گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواویان خستووەتە سەر ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک بۆ بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەزە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان، لە راگەیاندنێکی ڤیدیۆییدا وتی: "وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایدەگەیەنن کە کار دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواو لە رێگەی بە ئامانج گرتنی بەردەوامی فرۆکەخانەکانیەوە.  بە تایبەتی 'فڕۆکەخانەی لۆد' کە بە ئیسرائیلی ناوی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنە."

لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانیەکانی جیهان دەکەین، لە پاش ئەم راگەیەندراوەوە ئەم بابەتە لە بەرچاو بگرن و  هەموو گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل لە پێناو پاراستنی فڕۆکەکانیان هەڵبوەشێننەوە."

وتەبێژەکە جەختی کردەوە کە "یەمەن رازی نابێت بە بەردەوامبوونی دۆخی دەستدرێژی و خۆ سەپاندنی دوژمن لە رێگەی بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی وەک لوبنان و سوریا، و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ئوممەتە لە روبەروبوونەوە ناترسێت و ملکەچبوون رەتدەکاتەوە."

پێشتر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە موشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب کەوتووەتە خوارەوە.

هاوکات؛ رادیۆی سوپا لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند؛ کە سیستەمەکانی "پاد"ـی ئەمریکی و "حیتس"ـی ئیسرائیلی شکستیان هێنا لە راگرتن و خستنە خوارەوەی مووشەکە یەمەنییەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئێران وەڵامی هەڕەشەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشبکەنە سەر ئێران، ئەوا سەرجەم بەرژەوەندی و سەربازگەکانی ئەو دوو وڵاتە لە هەر شوێنێک بن دەیکەنە ئامانج.

عەزیز نەسڕزادە، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، ئەگەر هێرشبکرێتە سەر ئێران یاخود جەنگ بەسەر وڵاتەکەیاندا بسەپێنرێت وەڵامی توندیان دەبێت و بەرژەوەندی و سەربازگەکانی وڵاتانی دوژمنیان دەکەنە ئامانج.

ئەوەشی خستەڕو، هیچ دوژمندارییەکیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیان نییە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران، سەربازگەی ئەو وڵاتە لە هەر شوێنێک بێت دەیکەنە ئامانج.

وەزیری بەرگری ئێران جەختیلەوەشکردەوە، لە ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێران، هیچ بەرژەوەندی و سەربازگەیەکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە پارێزراو نابن و دەکرێنە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: چالاکیەکانمان دژی حوسییەکان زیاتر دەکەین و بەڵێن دەدات بەچەند قۆناغێک وەڵامیان بداتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: هەنگاوەکانمان دژی حوسییەکان بەردەوام دەبێت، وەک چۆن پێشتر مامەڵەمان بەرانبەر حوسییەکان کردووە و بەچەند قۆناغێک وەڵامیان دەدەینەوە.

ناتانیاهۆ وتیشی، هێرشی زیاتر لە دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام دەدەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا چالاکییەکان دژی حوسییەکان زیاتر دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە دوای ئەوەی موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا و  لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گوریون کەوتەخوارەوە، بۆ ماوەیەک هاتوچۆی ئاسمانی راگرت، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم پەیامەی دژی حوسییەکان بڵاوکردەوە و هەڕەشەی زیاتر دەکات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، هاوسەرۆکی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی، خەمباری خۆی دەربڕی.

لە پەیامەکەی مەزڵوم کۆبانێ دا هاتووە؛ "بە خەمێکی گەورەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی وەفدی ئیمراڵیمان پێگەیشت."

هاوسەرۆکی هەسەدە جەختی کردووەتەوە کە "ماندووبوون و کار و خەباتی ئەو لە پێناو ئاشتی، چارەسەر و پێکەوەژیانی لە دڵ و بیری گەلاندا جێگەی خۆی گرتووە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی سری سورەیا ئۆندەر و هەروەها پارتی دیموکراتیک (دەم-پارتی) و هەموو ئاشتیخوازان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەرەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ "سڕی سورەیا ئۆندەر تێکۆشەری راستەقینەی ئاشتی بوو".

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "بە کۆچی دوایی برای خۆشەویستم سری سورەیا ئۆندەر، خەمێکی قووڵ چووە دڵمەوە. ئەو مرۆڤێکی زۆر بەنرخ و کوڕی راستەقینەی گەل بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمانی کوڕێکی گەورەی خۆی لەدەستدا، هەموو کۆمەڵگەکانی ناوچەکەمان و گەلەکەمان هاوڕێیەکی گەورەیان لەدەستدا".

لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بە دوا دیداری خۆی لەگەڵ ئۆندەر کردوە لە 27ـی شوباتدا و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەماندا، ئەو دوا رستەی بانگەوازەکەمانی بە دەستی خۆی تۆمارکرد و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە. ئەو کەسێکی ماندوونەناس و کرێکارێکی بێوێنە بوو لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا".

رێبەری پەکەکە جەختیشی کردەوە کە ئۆندەر "ئەو تواناییەی هەبوو کە هەموو نەرێنییەکان بگۆڕێت بۆ ئەرێنی. ئەو بە باشی دەیزانی کە پرۆسەی ئاشتی چەندە بە سوودە بۆ هەموو لایەک و ئەمەش گەورەترین خەونی ئەو بوو".

ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەم هیوایە هەرگیز ناکرێت نیوەچڵ بەجێبهێڵدرێت. ئەرکی هەموومانە کە ئەم ڕۆحە بەرەو ئاشتی ببەین و بە ناوی سری سورەییا ئۆندەرەوەی بکەین".

ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دوایی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی رۆژنامەوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە تورکیا  ئاسمانی خۆی لەبەردەم فڕۆکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە بەنیازە لەوێوە بۆ ئازربایجان بروات، ناکاتەوە.

تورکیا لە ماوەیەک بەر لە ئێستاوە، ئاسمانی خۆی بەڕوی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا داخستووە و بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیاش بەنیاز نییە لە سەردانی نەتەنیاهۆ بۆ ئازەربایجان چاوپۆشی لەکردنەوەی بکات.

بەپێی ئەوەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو بڕیارە نەتەنیاهۆ لە ماوەی نێوان 7 تاکو 11ی ئایاری ئەمساڵ سەردانی ئازەربایجان بکات.

چەندین کەناڵی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردبوو کە تورکیا رێگە بە فڕۆکەی نەتەنیاهۆ دەدات کە بە ئاسمانەکەیدا بفڕێت، بەڵام تا ئێستا بێ لەو راگەیەندراوەی نوسینگەی ئەردۆغان حکومەت هیچ لێدوانێکی رەسمی نەبووە.

نووسینگەکە رایگەیاندوە "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن کە ئاسمانی تورکیا بەروی فرۆکەکەی نەتەنیاهۆدا کرابێتەوە دورە لە راستیەوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نیە". 

هەروەها لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕوی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا داخستووە بەهۆی سیاسەتی جینۆسایدی ئیسرائیل بەرامبەر غەززە و تورکیا بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای گەلی فەلەستین".

لەلایەکی ترەوە، ئۆنجو کیتشیلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی وت، کە "ئەنقەرە هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەی پێ نەگەیشتووە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی کۆچی دوایی، سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵیەوە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی هەموومانی دڵگران و تازیەبار کرد. لە دڵەوە سەرەخۆشی لە هەڤاڵەکانی لە دەمپارتی و هەموو ئاشتیخوازانی کورد و تورک دەکەم و هیوادارین هەرچی زووترە ئاواتە مەزنەکەی بە هەوڵ و هیممەتی ئاشتیخوازان بێتەدی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سری سورەیا ئۆندەر نوسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، رۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری تورکمانان گەرچی بە مرۆڤێکی بەئیرادەی بەهێزی سیاسی و باوەڕی توند و بوێر و پتەوی خۆی لەپێناو ئازادی گەلی کوردا ناسراو بوو لەهەمان کاتیشدا بە قسە و پەیڤە خۆشە دانسقەکانی زۆر جار دوژمنانی سەرسەختی کوردی دەخستە پێکەنین.

ئۆندەری چەپ و دیموکراتیخواز ماوەی 47 ساڵە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو بزوتنەوە و رێکخستنە ئازادیخوازەکانی گەلی کوردا تێکۆشان بۆ گەڕانەوەی مافە داگیرکراوەکانی کوردان دەکات.

ئۆندەر ساڵی 1962 لە شاری ئادیامانی باکوری کوردستان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە باوک و دایکێکی تورکمانی سەرتاش و ئەرزوحاڵچی لەدایک دەبێت، باوکی لەدامەزرێنەرانی لقی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە.

ئۆندەر تەنها تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت کاتێک باوکی بەنەخۆشی جگەر کۆچی دوایی دەکات، بۆیە لەگەڵ هەر چوار خوشک و براکانیدا بەناچاری لەماڵی باپیرەیان دەژین.

لەتەمەنێکی بچووکدا دەبێتە شاگردی وێنەگرێک و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، رەنگە عەشقم بۆ هونەر لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت.

لەساڵی 1987 دا کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بۆ ئیدانەکردنی ئەو زوڵمەی لە گەلی کورد دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆمەڵکوژی ئەو ساڵەی کوردانی عەلەوی مەڕەش دەکات و بەو هۆیەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.

ئۆندەر پاش ئازادبوونی دەچێتە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە.

بەڵام لە کودەتای ساڵی 1982ی جەنەراڵ کەنان ئەڤرەندا دەستگیر دەکرێت و ماوەی حەوت ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە.

لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ساڵی 2011 لەناو بەرەی ڕەنج و دیموکراتی و ئازادی کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی (دەبەپە) پشتگیری دەکرد دەبێتە کاندید لە لقی دووی ئیستەنبوڵ و بۆ یەکەمجار دەبێتە پەرلەمانتار.

لەساڵی 2014 دەبێتە کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەڵام ساختەکارییەکانی دەوڵەت رێگری لەسەرکەوتنی دەکات.

لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ ساڵی 2015 جارێکی تر لەسەر لیستی هەدەپە دەبێتە کاندیدی شاری ئەنقەرە و سەرکەوتوو دەبێت. ساڵی 2023 دەبێتەوە بە کاندیدی دەم پارتی لەسەر شاری ئیستەنبوڵ و ئەمجارەش سەردەکەوێت.

ئەم تورکمانە بەهۆی پەرۆشی بۆ دۆزی کورد و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی کورد لەساڵی2013 هەتا پێنجی نیسانی 2015 دەبێتە ئەندامی سەرەکی شاندی دانوسانکاری ئیمراڵی بۆ دیدارەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەدا.

سری سورەیا ئۆندەر هاوشانی پەرلەمانتارانی پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن یەکێک بوو لەو کەسانەی لە 28ی شوباتی 2015 دا رێکەوتن و لێکتێگەیشتنی ئاشتی دۆڵمەباخچەی لە نێوان کورد و  تورکی واژۆ کرد، بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا رەجەب تەیب ئەردۆغان تاکلایەنە ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆزەخی شەڕی داگیرساندەوە.

ئۆندەر لە نەورۆزی ساڵی 2013 شاری ئامەد دا نامەی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئاشتی و دیموکراتی خوێندەوە، هەربۆیە پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەکرێتە بیانوو و لە سێی تشرینی دووهەمی2018 دەستگیری دەکرێت تا چواری تشرینی یەکەمی 2019 لەزینداندا دەمێنێتەوە.

بەڵام هیچ یەکێک لەو گرتن و لەمپەرانە ناتوانێت لەمپەربێت لەبەردەم تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی ئۆندەر و لە 28ی کانونی یەکەمی 2024 دا جارێکی دیکە دەبێتەوە نێوبەیندکار و دۆسیەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی پرسی کورد دەگرێتەوە دەستی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرەدا.

جیاواز لە مەیدانی سیاسی ئۆندەر نوسەر و ئەکتەرێکی بەتوانایە کە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.

لەوانەش

پەڕتوکی بەینەلمیلەل ساڵی 2009

زنجیرە فیلمی ئەمرکە فەرماندەم 2005 بۆ 2008

زنجیرە فیلمی پیاوێکی بێدڵ 2008

هەروەها وەک دەرهێنەر یاخود نوسەر و ئەکتەر خاوەنداری و بەشداری لە 13 فیلمدا هەیە کە ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە.

خەڵاتی هەژدەهەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنقەرە بۆ باشترین سیناریۆ

خەڵاتی چواردەهەمین ڤیستڤاڵی فیلمی گۆزەی ئاڵتون بۆ باشترین سیناریۆ

خەڵاتی حەوتەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کاراچی بۆ باشترین دەرهێنەر

ئۆندەر لە زۆربەی فیلمەکانیدا گوزارشت لە مەعانات و ئەو زوڵم و نەهامەتیانە دەکات کە لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیاوە بەسەر گەلی کورد دا هاتوون هەر لە شار و چیاکان تا کونجی تاریکی زیندانەکان.

سری سورەیا ئۆندەر چەند ڕۆژێک دوای گەیاندنی پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئەردۆغان و بڕیاربوو دیداری دواتریان لەگەل وەزیری داد ئەنجامبدەن بەڵام لە شەوی 15ی نیسانی ئەمساڵدا توشی جەڵدەی دڵ دەبێت و تا ئەمساتە لە بێهۆشیدایە و لەژێر چاودێری چڕدا دەژی و ئەو دۆستە بەهادارەی کوردان ژیانی لەمەترسیدایە.

ئۆندەر لە پەڕتوکی بەینەلمیلەلەدا دەڵێت، گریان برای پێکەنینە، ئەو نەگری ناتوانێت پێبکەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندازیارێكی تورك هۆشداری دەدات لە تەقینەوەی كۆگایەكی هەڵگرتنی غاز لە دەریای مەڕمەڕەو دەڵێت، هێندەی بۆمبێكی ئەتۆمی زیان بە ئەستەنبوڵ دەگەیەنێت.

لەدوای بومەلەرزەكەی 23ی مانگی رابردوو لە دەریای مەڕمەڕەی توركیا، پسپۆڕان و ئەندازیارانی توركیا هۆشداری دەدەنە حكومەتی وڵاتەكەیان بۆ گواستنەوەی ئەو كۆگا غازەی كە لەناو دەریاكە جێگیر كراوە لە نزیكە ئەستەنبوڵ.

ئەم دامەزراوە ژێر دەریایە كە غازی سروشتی هاوردەكراو لە مانگەكانی هاویندا كۆدەكاتەوەو لە زستاندا بەسەر ئەستەنبوڵدا دابەشی دەكات، بەپێی زانیارییە جیۆلۆجییەكان، كەوتووەتەسەر هێڵێكی چالاكی بومەلەرزە، بەتایبەت دوای بومەلەرزە بەهێزەكەی ئەم دواییە بەگوڕی 6.2 پلە بەپێوەری رێختەر.

لەوبارەیەوە گۆشار بویوك ئەندازیار لە كۆگا غازییەكە رایگەیاندووە، دامەزراوەكە هێندەی بۆمبێكی ئەتۆمی مەترسیدارە بۆ ئەستەنبوڵ و لە ئەگەری هەر بومەلەرزەیەكی تردا، بەهۆی فشار و پاڵەپەستۆی دەریاوە دەتەقێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی زریان و رەشەبا و هەورەبروسكە لە چەند ناوچەیەكی ئێران حەوت كەس گیانیان لەدەستدا و 67 كەسی تریش برینداربوون.

سەنتەری فریاكەوتن و بەڕێوەبردنی قەیرانەكانی ئێران رایگەیاند، لە پێنج رۆژی رابردوودا بەهۆی زریان و رەشەبای بەهێز و هەورە بروسكەوە، لە پارێزگاكانی ئێران حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە و 67 كەسی تریش برینداربوون، لەو ژمارەیەش چوار كەس بەهۆی بای بەهێز و سێ‌ كەسیش بەهۆی هەروە بروسكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، 53 كەس لە پارێزگای تاران و حەوت كەس لە پارێزگاكانی خوراسانی باشور و سێ‌ كەس لە مازەندەران و ئەوانەی تر لە ناوچەكانی ئەلبورز و خوراسانی رەزەوی برینداربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، دوێنێ شەو ئیسرائیل زیاتر لە 18 هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری خاکی سوریا ئەنجامدا و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت؛ دامەزراوەیەکی دژە فڕۆکە و ژێرخانی موشەکی سوریامان کردوەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شاری حەرەستا لە دیمەشق و دەوروبەری گوندی شەتحا لە حەمما" هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە.

میدیاکانی سوریا رایانگەیاندووە، ئیسرائل 18 هێرشی ئاسمانی لەسەرانسەری سوریا ئەنجامداوە، روانگەی سوریش دەڵێت؛ سوریا لە مێژووی خۆیدا تووشی توندوتیژترین شەپۆلی هێرش و بۆردومانی ئاسمانی بووەوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ژێرخانی سەربازیی سوریایان کردە ئامانج و بارەگا سەربازییەکان ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە چەک و کەرەستەی تێدایە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد،هێرشیان کردووەتە سەر "شوێنێکی سەربازی و دامەزراوەی دژە فڕۆکە و ژێرخانی موشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی لە سوریا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسرائیل.

پێشتریش ئیسرائیل ناوچەیەکی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا لە دیمەشقی بۆردومان کرد، ئەوەش روونترین هۆشداری بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا سەبارەت بە ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی کردەوە سەربازییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1516171819...42