نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ سودان: ئەوەی لە سودان رودەدات کارەساتە
راهۆز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد بۆس، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ سودان، جەختیکردەوە کە سەرکەوتنی بژاردەی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سودان مەحاڵە و رایگەیاند، تەنها "گروپی چواری" دەتوانن فشار لەسەر لایەنە ناکۆکەکان دروست بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
بۆس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سکای نیوز عەرەبییە" وتی: "ئەوەی لە سودان روویداوە و روودەدات کارەساتە بۆ گەلی سودان. هیچ چارەسەرێکی سەربازی لە سودان بوونی نییە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "مێژووی سودان سەلماندوویەتی کە مەحاڵە هێزە چەکدارەکان بتوانن سەرکەوتن بەسەر هێزەکانی بەرەی دژدا بسەپێنن."
نێردە پێشووەکەی ئەمریکا جەختیکردەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ وڵاتانی گروپی چوار کاردەکات بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە سودان و دەستپێکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەستپێکردنی رێڕەوێکی سیاسی."
وتیشی: "کۆتاییهاتنی شەڕ کاتێک دێتەدی کە حکومەتێک لە سودان هەبێت رەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی گەلی سودان بێت و رۆڵیان تێیدا هەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتەکەی محەمەد حەمدان دۆقلۆ (حەمیدتی) پێشوازیی لە سەردانی لیژنەی راستیی دۆزینەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی کرد و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە رووداوەکانی شاری فاشر، لەسەر بنەمای زانیاریی "چەواشەکارانە"ن.
لە راگەیاندنێکدا، حکومەتەکەی دۆقلۆ ئاماژەی بەوەداوە کە هەموو ئەو وتانەی لە دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا لەبارەی دۆخی فاشرەوە دراون، پشتیان بە "هەواڵی درۆ و ڤیدیۆی چەواشەکارانە" بەستووە کە گوایە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها جەختیکردەوە، "ئەو لایەنەی مێزەکانی ئاشتی تێکدەدات و ئاگربەستە مرۆییەکان پێشێل دەکات، هەمان ئەو لایەنەیە کە ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە و دەیەوێت بەردەوام بێت."
لە کاتێکدا واشنتن و وڵاتانی دراوسێ و گروپی چواریی نێودەوڵەتی کۆکن لەسەر پێویستیی پاڵنانی هەردوو لا بۆ ئاگربەست، ئیمارات لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا جەختیکردەوە کە ئەو تاوانە ئەنجامدراوانە پێویستیی رێڕەوێکی سیاسیی نوێ دەسەلمێنن.
هاوکات، مەسعود بۆلس، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاند، چارەسەر لە سودان بەبێ گروپی چوار و هاوبەشەکان و وڵاتانی دراوسێی سودان ئەستەمە و دوپاتیکردەوە کە واشنتن لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکە لە پەیوەندیدایە.



