یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "سیاسەتی ئیسرائیل روونە، هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی بوونی نابێت."

کاتز وتیشی: "غەززە تا دواین تونێل لە چەک دادەماڵرێت، حەماس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە چەک دەکرێت و لە کەرتی غەززەی کۆندا لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە - یان دیسانەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە - چەک دەکرێتەوە."

ئەم لێدوانەی کاتز لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار، ئاماژە بە دەوڵەتی فەلەستینی کرا لە رەشنووسی بڕیارێکی پێشکەشکراو بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بەو هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەی بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوبکرێتەوە.

لە رەشنووسەکەدا هاتووە، "دوای جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی و بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، رەنگە لە کۆتاییدا هەلومەرج بۆ رێڕەوێکی باوەڕپێکراو بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بڕەخسێت."

هەروەها لە بەندێکی نوێی رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەستپێدەکات بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسۆیەکی سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندوو."

جێی باسە، ئەمە هەمان ئەو داڕشتنەوەیەیە کە لە پلانی غەززەدا بە پشتیوانیی ئەمریکا بەکارهاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ناوی "دەوڵەتی فەلەستینی" لە دەقی سەرەکیی بڕیارەکەدا بهێنرێت، نەک لە پاشکۆکەیدا.