ئیسرائیل تەرمی یەکێک لەو چوار بارمتەیەی کە لای حەماس مابوو وەرگرتەوە
راهۆز
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسرائیل لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە، تەرمی یەکێک لەو چوار بارمتەیەی وەرگرتۆتەوە کە لای بزوتنەوەی حەماس لە غەززە مابوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە، ئەو تابوتەی لە کەرتی غەززە رادەستی سوپای ئیسرائیل و دەزگای شاباک کراوە، دەگوازرێتەوە بۆ پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکیی دادوەری لە تەلئەبیب، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ناسنامەی روفاتەکە.
گەڕاندنەوەی تەرمەکان بەپێی ئەو بڕگانەیە کە لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەدا هاتووە، کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت.
لەوەتەی رێککەوتنەکە دەستیپێکردووە، تەرمی 24 بارمتە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل و ئەگەر ناسنامەی ئەم روفاتە نوێیەش پشتڕاست بکرێتەوە، روفاتی سێ بارمتەی دیکە لە غەززە دەمێنێتەوە.



