نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا رایدەگەیەنێت، سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریكا وەچەرخانێكی مێژوویی بوو، دەشڵێت دەبێت هەسەدە ببێتە بەشێك لە سوریای نوێ لە هەموو سێكتەرەكاندا.

تۆم باراك نێردەری ئەمریكا بۆ  سوریا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە سەردانەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ كۆشكی سپی نوسیویەتی، ئەم هەفتەیە وەرچەرخانێكی یەكلاكەرەوە بوو لە مێژووی مۆدێرنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی بۆ سوریا كە لە وڵاتێكی گۆشەگیرەوە بووە بە هاوبەشی راستەقیینە.

راشیگەیاند، بەلابردنی سزاكانی قەیسەر دەرفەتێكی باش دراوە بە سوریا بۆ هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، لە دانیشتنێكی سێ قۆڵیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و توركیا و سوریادا، نەخشەی قۆناغی داهاتووی چوارچێوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا-توركیا-سوریایان داناوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، باسیان لە یەكخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سوریای نوێدا كردوە لە هەموو سێكتەرەكاندا، لەگەڵ دۆزینەوەی پێناسەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا و ئیسرائیل.

رۆژی 2 شەممەی رابردوو ئەحمەد شەرع سەردانی ئەمریكای كرد بەوەش بوو بە یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتە كە سەردانی واشنتۆنی كردبێت.